سلێمانی: لەسەر گرێبەستی سیستەمی (پۆینت تو پۆینت) داوادەکرێت وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی/ شهنای فاتیح
ئەمڕۆ ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لەشاری سلێمانی کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنی کەپێکهاتبوون لەزیاتر لە ١٢ رێکخراو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا که پهیامنێری هاوڵاتی ئامادهی بوو بەچەند خاڵێک گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی جێگیریان رەتکردەوە و رایانگەیاند کە ئەو گرێبەستە زەرەرمەندبوونی هاوڵاتیانە و راوڕووتی خەڵک دەکرێت لەپێناو دەوڵەمەندکردنی بەرپرسانی حکومەت لەهەردوو زۆن.
جەبار عەزیز، رێکخەری فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: پاش راگەیاندنی گرێبەستەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ناوبراوەوە دەستبەجێ دەستمان کرد بە هەڵمەتێکی بەرفراوان لەگەڵ هەموو ئەو دام و دەزگایانەی کە پەیوەندیدارن بەیەکەوە و یاداشتێکمان ئامادەکرد لەچەند خاڵێکدا داهاتی ئەم جۆرە سەرپێچیانە کە هاوڵاتیان دەیدەن دەدرێتە کەرتی تایبەت و سەرلەبەری گرێبەستەکە پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی یاسا کارپێکراوەکانە و بە هەدەردانی داهاتی گشتی دەردەخات چونکە ئەم ئەرکە نابێت رادەستی کەرتی تایبەت بکرێت و پێویستە لای حکومەت خۆی بێت، "کە کۆی تێچووی کامێراکان و خەرجییەکانی لەداهاتی گشتی دەدرێتەوە بە کۆمپانیا و دواتریش بۆ ماوەی ١٥ساڵ ٪٢٠ی داهاتەکانی دەدرێتە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت."
دهشڵێت وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوبەرایەتییەکانی هاووچۆ خۆیان هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی داهات و پێبژاردن و داهاتەکان و لەبەرامبەر دانانی کامێرا و چەند بەرنامەیەکی دیکەی نێت ۆرک و نۆژەنکردنەوەی کامێرادا کۆمپانیایەک داخڵبکرێت بەو برە پارە خەیاڵییە کە مانگانە داهاتەکەی لە سەرەتاوە تا نزیکەی ٢ ساڵ نزیکەی ٢٨ ملیار دینارە بۆ کۆمپانیای ناوبراو و خراپی رێگاوبان و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم جۆرە سیستەمەدا ناگونجێت. جەبار عەزیز وای وت.
هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم زیاتر لە ١٠٠ کامێرای چاودێری گەرۆک و جێگیر کڕیووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تیژرەوی و ئەگەر بە نیازی گرێبەستێکی بەم شێوەیە بوون بۆچی ئەو ژمارە زۆرەی کامێرا کڕدراون و بۆچی بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی ئەوەندە ئاسانە؟! ئێمە دژی دانانی دانانی کامێرا و چاودێتیکردنی تیژڕەوی نین و بەلاشمانەوە بەسوودە بەڵام بەرەچاوکردنی دۆخی خەڵک و داهاتی گشتی و داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانی کوردستان و داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی دەکەین کە بەدواداچوون بۆ ئەم گرێبەستە بکەن و پەنا دەبەینە بەر دادگای تایبەتمەند.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئاماژە بەوەکرا کە ئەو کۆمەڵە رێکخروە مەدەنییە سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانی کوردستان و دەستەی دەستپاکی و بریکاری وەزیری دادمان کردووە، لەگەڵ فەرمانگەی داواکاری گشتی رایانگەیاندووە کەکارکردن بەم گرێبەستە سەرپێچیکردنی یاسایە بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان تائێستاش بەردەوامن لەئەنجامدانی ئەو رێکارانەی بۆ دانانی ئەو کامێرایانە دەیکەن.
هەروەها وتیشی سەردانی سەرۆکی پەرلەمانمان کرد بە ئەوەی پرساندن بۆ وەزیری ناوخۆ بکرێت سەبارەت بەم پرسە و ناوەرۆکی گرێبەستەکە چونکە گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو بە واژۆی وەزیری ناوخۆ کراوە. جهختیش لهوهدهکهنهوه لەهەنگاوی داهاتوودا پاش ئەوەی ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێم نەوستن لەوەی کامێراکان بخەنە ئیش ئەوا ئێمە بەهاوکاری گشتی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین.

