ڕێکخراوی سی پی تی سەردانی زیندانی ئیمرالیی کرد

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی نێودەوڵەتیی (سی پی تی) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ تورکیا لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ دۆخی زیندانییان کردووە..
لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) بڵاویکردۆتەوە کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی نێودەوڵەتیی (سی پی تی) کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ تورکیا، لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تیمێکی ڕێکخراوەکە سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە.
سی پی تی ڕایگەیاندووە، کە بەئامانجێکی تایبەت سەردانی تورکیای کردووە، لە سەردانەکەشدا بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی دەستگیرکراوە بیانییەکان لە تورکیا و هەلومەرجی ڕاگرتنیان و ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەیان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە شاندەکەی سی پی تی سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ هەلومەرجی زیندانیکراوان و پەیوەندیکردنیان بە دەرەوە کردووە.
هەر لە سەردانەکەدا، شاندەکەی سی پی تی لەگەڵ سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا و ساڤاش ئۆنلو، سەرۆکی بەشی کۆچبەران و ئاکین گورلەک، جێگری وەزیری دادی تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی تورکیا کۆبوونەتەوە و “تێبینییە سەرەتاییەکانی خۆیان پێشکەش کردوون”.
ڕێکخراوی سی پی تی تاکە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە، کە دەتوانێت بەبێ مۆڵەتی حکومەتەکان، سەردانی زیندانەکانی ٤٦ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بکات، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تائێستا هەشت جار شاندی ناردووەتە زیندانی ئیمرالیی لە تورکیا.
سەردانی سی پی تی بۆ زیندانی ئیمرالیی لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان تەنها پێنج جار توانیویانە چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان بکەوێت، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستاش سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالیی لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە وەڵام نەدراونەتەوە.
دادگای سزا قورسەکانی بۆرسا ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە وەڵامی داواکارییەکی پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالانی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ڕایگەیاند، کە بۆ ماوەی سێ مانگ سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە. سزاکەش لە ٣١ی ئایارەوە دەستیپێکردووە و سێ مانگ دەخایەنێت.
لە ماوەی ڕابردووشدا ٣٥٠ پارێزەر لە ئەوروپا و ٧٥٦ پارێزەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ٤٤ پارێزەر لە باشووری کوردستان و ژمارەیەک پارێزەریش لە میسر، لوبنان و ئوردن کەمپەینێکیان ڕاگەیاند و داوای ئەنجامدانی دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

