لە خۆپیشاندانەکانی ئێران بە لایەنی کەمەوە 154 کەس کوژراون

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای کردوە ژمارەی کوژراوانی ١٨رۆژی خۆپیشاندان گەیشتوەتە زیاتر لە ١٥٤کەس و ژمارەی کوژراوانیش لە چەند پارێزگایەکی ئێران و پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زیاترە لە ناوچەکانی دیکە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی لە ١٧ پارێزگادا ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەران کوژراون و لە پارێزگای سیستان و بلوچستان زۆرترین خۆپیشاندەر کوژراوە.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە کردوە دوای سیستان بلوچستان زیاترین کوژراو لە پارێزگاکانی، مازەندەران، گیلان لە ئێران و پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

بە پێی راگەیەنراوی رێکخراوی مافی مرۆڤ، تا رۆژی سێشەممە لانیکەم ١٥٤ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون کە نۆ کەسیان منداڵ بوە. ئاماژە بەوە کراوە زیاترین ژمارەی کوژراو لە رۆژانی (21-22تا 30/9/2022) تۆمار کراوە کە تەنها لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بلوچستان ٦٣ کوژراو تۆمار کراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رونی کردوەتەوە؛ لە پارێزگای سنە هەشت کەس و لە پارێزگای ورمێ ١١ و لە کرماشان ٧ و لە ئیلام یەک کەس کوژراون بەڵام رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندوە لەو چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها پێشبینی کراوە بەهۆی دۆخی خراپی بریندارەکانی ئەو ١٨ رۆژە لە خۆپیشاندان ئاماری کوژراونی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرز ببێتەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار