کەشی هەورامان بۆ گوێز لەبار نەماوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەم ساڵدا بەهۆی سەرماوسۆڵەی سەختی زستانی رابردوو، هاوکات بەهۆی ئەو وشکەساڵیيەی ماوەیەکە هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتۆتەوە بەرهەمی گوێز لە ناوچەی هەورامان کەمی کردووە.
یەکێک لە خاوەن باخە گوێزەکانی بیارە، عومەر عەبدولقادر لەدایکبووی ١٩٦٦ بەم شێوەیە باس لە کەمی بەرهەمی باخەگوێزەکەی دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و دەڵێت "ئەمساڵ بەرهەممان نەبوو. گوێز کەمە، ساڵانی پێشتر کە دارگوێزمان شەن دەکرد، هەر لەم باخەدا ٧٠ بۆ ٨٠ هەزار گوێزمان دەوەراند. بەڵام ئەمساڵ بەرهەممان کەم بوو، ئەوەش بەهۆی کەشی ناوچەکە و گەرما و بێئاویەوەیە".
ئەو باخەوانە بە ئەزموونەی ناوچەی بیارە باس لە دیاردەیەکی سەیر دەکات کە لەنێو دارگوێزەکاندا دروست بووە لەمساڵدا و بۆتە هۆی کەمی بەرهەمەکانی و ئاماژە بە بوونی شیلەیەک دەکات بەسەر گوێزەکانەوە و دەڵێت "شیلەیەکی زۆر بەسەر گوێزەکاندا بارین و بارانی بەهار کەم بوو. گەرماکەی زۆر بوو، گوێزەکان نیوەی رەش بوونەتەوە و کەشەکەی لەبار نەماوە. ژینگەی ناوچەکە هەمووی گەرم بووە. کرم و مێروو زۆرن. دەرمان ناوەشێنرێت و حکوومەتیش هاوکاری ناکات. حکوومەت یارمەتی باخەوانان نادات و هیچیان بۆ ناکات".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەرگرتن لە دیاردەی کەمبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی بەهۆی وشکەساڵی و سەرماوسۆڵەوە رایگەیاندبوو، دیاردەی وشکەساڵی کارێکی سروشتییە و لەسەروتوانای حکوومەتەوەیە کە بتوانێت بەزوویی چارەسەرێکی تەواوی بکات، بەڵام پلانی حکوومەت بۆ دوورمەودا ئەوەیە لەئێستادا لەهەوڵدایە بۆ دروستکردنی بەنداو و تەنگاو و لەوشوێنانەی گونجاون بۆ گلدانەوەی ئاو، هاوکات حکوومەت لە ساڵی پاردا لیژنەیەکی دروست کردووە بۆ ئەوباخانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، مۆڵەتی پێدان کە ژمارەیەکی باش مێرگ دروست بکەن بۆ ئەوەی وەک بەدیل بەکاری بهێنن بۆ ئاودێری لە باخەکاندا.
-گوێز رزق و بەری کەم بووەتەوە
مام عومەری باخەوان ئاماژە بە ساڵانی رابردوو دەکات لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی گوێزداو دەڵێت "جاران باخە گوێزەکان بە دە بۆ دوازدە رۆژ شەن دەکران ئەوەندە بەرهەمەکە زۆر بوو، بەڵام ئێستا بە یەک رۆژ شەنەکەی تەواو دەبێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە وەک بەدی دەکرێت هەندێک لە خاوەن باخەکانی هەورامان دەستبەرداری باخە گوێزەکانیان بوون بەهۆی کەمی بەرهەمەکەوە و هیچ جۆرە خەرجییەکی تێدا ناکەن لە شەنکردنی گوێزەکاندا، چونکە بەگوتەی باخەوانەکان بێت بڕی ئەو کرێیەی دەیدەنە شەنیار زیاتری تێدەچێت لەو بڕەی لە گوێزەکە دەستیان دەکەوێت بەهۆی کەمی بەرهەمەوە و لەبارەیەوە ستار مەحمودی باخەروان دەڵێت "باخەوانەکان دەستیان لە هەندێک لە باخەکان هەڵگرتووە. هەندێک باخ هەیە ئاوی پێ ناگات، لەبەر ئەوەی ئاو کەم بووەتەوە و وشکەساڵییە".
ئەو باخەوانە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز لە هەوراماندا دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمی ئاو و وشکبوونی کانی و کانیاوەکانی هەورامان و دەڵێت "من ٢٥ ساڵ زیاترە شەنی گوێز دەکەم. هیچ ساڵیک هێندەی ئەمساڵ و ساڵی پار کەمبارانی و کەمڕەحمەتی و کەمبەرهەمیم نەبینیوە. ئەمساڵ ئاو کەم بووەتەوە و بەشی هەموو باخەکان ناکات".

