حكومەت هۆكاری تەواونەكردنی رێگای زەڕایەن-دەربەندیخان رادەگەیەنێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی دەڵێت: ئەمساڵا پارە بۆ پرۆژەی رێگای زەڕایەن-دەبەندیخان خەرجنەكراوە.
محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند: پەكخستنی پڕۆژەی رێگای زەڕایەن-دەربەندیخان بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، ئەم رێگایە ئەمساڵ گوژمەی بۆ تەرخاننەكراوە گەر ساڵانەش پارە بۆ پڕۆژەكان تەرخان نەكرێت ناتوانین كاری تێدا بكەین، دووەم بەڵێندەرەكەش كەمتەرخەمە كێشەی تەكنیكی و هونەریمان لەگەڵیاندا هەیە لەگەڵ بابەتی پێوانەكردن، چەندین لیژنەمان پێكهێنا بۆ كەمتەرخەمیەكان بەڵام نەگەشتین بەئەنجام چونكە بەوجۆرەش لەوانەیە كێشەی تەكنیكیمان لەگەڵ بەڵێندەرەكە چارەسەر نەبێت، من كەمێك رەشبینم لەو پڕۆژەیە چونكە خۆمان پارەی تەرخانمان نیە و گەر تەرخانیش هەبێت ئەوكاتە كێشەی هونەریمان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە دەبێت.
وتیشی: پڕۆژەی دوسایكردنی زەڕایەن-دەربەندیخان لەسەدا ٧٥ی تەواو بووە، بۆ هەموو پڕۆژەكە بەنزیكراوەیی گوژمەكەی ٤٤ ملیار دینارە كەدەبێت بەو بڕە پارەیە هەموو پڕۆژەكە تەواو بكرێت، لەو باوەڕەدا نیم بۆ ئەمساڵ گوژمەی پێویست دابین بكرێت، كەمی نەختیەنە لەبانكی سلێمانی هەموو پڕۆژەكانی سلێمانی پەكخستووە.

