له‌ساڵیادی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا مسته‌فا کازمی داوایه‌ک له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌کات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

له‌ساڵیادی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی ساڵی ڕابووردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە پێویستە پەنابردن بۆ سندوقەکانی دەنگدان پەیوەست بێت بە باوەڕی ھێزە سیاسییە بەشدارەکانی پرۆسەکە بە بەھا دیموکراسییەکان و پراکتیزەکردنی کردەی سیاسی و داوایشی لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کە لەڕێگای دیالۆگەوە، قەیرانی سیاسیی چارەسەر بکەن.

مستەفا کازمی راگەیەندراوێکی لەبارەی تێپەڕبووبوونی ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ گرنگترین بەرنامەی حکوومەتەکەی جێبەجێکرد کە ئەوەیش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە بوو و ھاتووە "بە گەواھیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەموو چاودێرانی پرۆسەکە، ھەڵبژاردنە پێشوەختە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و پیشەییانە ئەنجامدراوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند کە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساڵی رابردوودا، لەسەر وڵامی داواکاریییەکانی گەل ئەنجامدرا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پرۆسەکە، ئەم ئەزموونە سەلماندی کە پەنابردن بۆ سندوقەکانی دەنگدان، پێویستە پەیوەست بێت بە باوەڕی ھێزە سیاسییە بەشدارەکانی پرۆسەکە بە بەھا دیموکراسییەکان و پراکتیزەکردنی کردەی سیاسیی، ئەوەیش لەچوارچێوەی کولتوور و بەھای دیموکراسیی.

مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە لە میانی دوو ساڵی رابردوودا، سەرباری ئەو ھێرشە بێ وێژدانانەی کە کراونەتە سەر حکوومەت، بەڵام لە رێگای پەنابردن بۆ دیالۆگ و ھاریکاریی ھاوبەش لەگەڵ سەرجەم ھێزە سیاسییەکان لە پێناو نیشتمان و بەرقەرارکردنی رەوشەکە کاریان کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی دامەزراندنی رۆشنبیرییەکی سیاسیی کە لەسەر بەھا دیموکراسییەکان بێت، ھەروەھا دژبە توندوتیژی و تاکڕەوی بێت، چونکە عێراق لە پێناو گەیشتن بە دیموکراسییەکەی ئێستا، بەرەوڕووی نەھامەتیی و ئاڵنگاریی زۆر بووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتاییدا داوای لە ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان کردووە کە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی، پەنا بۆ لۆجیکی دیالۆگی بنیاتنەرانە ببەن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەتواندراوە، سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار