سهبارهت به پۆستی سهرۆککۆمار یهکێتی وهڵامی پێشنیارهکهی مهسرور بارزانی دایهوه
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی یەکێتی لەبارەی پێشنیازی تایبەت بە یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نایانەوێت پرسی سەرۆککۆمار "بە زۆرینە و کەمینە" یەکلابکرێتەوە، بەڵکو دەبێت بە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بێت. وتیشی: "نە پارتی و نە یەکێتی هیچ کاتێک نەیان ویستووە پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە یەکلابکەنەوە."
رۆژی دووشەممە 10-10-2022، سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بهکهناڵی ڕووداوی ڕاگهیاند، ئەوان هەمیشە پێیان باش بووە هەموو بابەتێکی پەیوەندیدار بە کوردستان، عێراق و ناوچەکە "بە رێککەوتن و گفتوگۆ" یەکلابکرێتەوە.وتیشی: "یەکلاکردنەوەی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بە تایبەت بۆ پۆستەکانی بەغدا کە پۆستی گرنگن، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزیری دارایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە رابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان یەکلانەکراونەتەوە تاوەکو ئێستا بۆ پەرلەمان بگەڕێینەوە؛ بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە بە رێککەوتن پۆستی سەرۆککۆمار یەکلابکرێتەوە و پۆستەکە لای یەکێتی بمێنیتەوە."
سۆران جەمال تاهیر وتیشی، شیعەکان نەچوونە پەرلەمانی عێراق تاوەکو بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلابکەنەوە؛ هەمان شت بۆ سووننەکانیش دروستە؛ وتیشی: "ئێمەش پێمان باشە هەموو لایەنەکان بەتایبەتی پارتی رەزامەندییان لەسەر بەربژێرەکەمان هەبێت و بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بمێنیتەوە. ئەو کاتە بنەما و پرەنسیپی پێکەوە کارکردنمان دەپارێزین بۆ ئەوەی پێکەوە لە بەغدا و لە کوردستانیش کار بکەین."
ههروهها وتی: "ئێمە نامانەوێت پرسی سەرۆککۆمار یان هەر پرسێکی دیکە بە زۆرینە و کەمینە یەکلابکرێتەوە؛ هاوپەیمانیی رزگارکردنیی نیشتمان لە بەغدا سەرینەگرت، چونکە داوای حکومەتێکی زۆرینەیان دەکرد و لایەنەکانی دیکەش دەیانگوت، نەخێر کارکردن و هاوبەشی پێکەوە دەکەین، چونکە ئەو قۆناخە ئەوەی پێویستبوو. لە کوردستانیش لە زۆربەی بابەتەکان لە رابردوودا نە پارتی و نە یەکێتی نەیانگووتووە پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە یەکلادەکەنەوە؛ ئێمەش کار بەزۆرینە و کەمینە ناکەین، چونکە ئەو بابەتە لە رابردوودا کاری پێنەکراوە."
وتەبێژی یەکێتی لەبارەی ئەگەری رێککنەکەوتنیان لەگەڵ پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش و قۆناخی دوای ئەوە وتی: بژاردەی یەکێتی دوای رێککنەکەوتن لەگەڵ پارتی هەر رێککەوتنە، واتا هیچ جێگرەوەیەکی دیکە نییە.
لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018، سۆران جەمال تاهیر وتی، ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون، ئەو کاتە "دڵتەنگییەک" دروست دەبێت، "بەڵام بڕواناکەم ببێتە هۆکاری ئەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تێکبچن؛ هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناخەش. پۆستەکە لای یەکێتی بمێنێتەوە هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی زیاتر گەشە بکەن."
ئەم وتەیە دوای ئەوە هات رۆژی شەممە 8-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، دەکرێت کێشەی هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان تایبەت بە پرسی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلابکرێتەوە.

