حکومەتی هەرێمی کوردستان: عێراق تا ٢٠ ڕۆژى تر نەوتى سپی بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای میدیاو زانیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لەسەر پرسى نەوت و هەناردەکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بەنزین و نەوتى سپى لهلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، باسى لەوەکرد کە بەپێی ڕێکەوتنى هەولێر و بەغدا، دەبێت تا ٢٠ ڕۆژى دیکە بەشە نەوتی هەرێم بگاتە هەرێمی کوردستان.
فارس عیسا رایگەیاندوە:''لە چوارچێوەى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندین پشکى هەرێمی کوردستان تا سەرى مانگ، واتە تا ٢٠ ڕۆژى دیکە دابین دەکرێت و پڕۆسەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دەست بە هەناردەکردنى ئەو بڕە سووتەمەنییە دەکرێت، بە ئومێدی ئەوەی وەک ساڵانى پێشووی لێ نەیەتەوە کە لە کۆی ٢٥٧ ملیۆن لیتری ساڵانە، کەمتر لە ٦٥ ملیۆن لیتر بۆ هەرێم نێردرا.''
ڕاشیگەیاندووە :'' لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتى ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لەگەڵ هەر یەک لە د.ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت و د.حامد یونس ئەلزەوبەعی، بریکارى وەزارەت کۆبووینەوە، تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٥٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر نەوتی سپی لە حکومەتی فیدراڵی بکڕێت و بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان ٢٠٠ لیتر دابین بکات.''
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای میدیاو زانیاری باس لەوەشکراوە ، "پێشتر بە بەهاى بازرگانى نەوتى سپى دەدرایە هەرێمى کوردستان و بۆ هەر لیترێک ٤٠٠ دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا داوا کراوە وەک هاووڵاتییانى دیکەى عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەم بەهایە بکرێت و بۆ هەر لیترێک ١٥٠ دینار وەربگیرێت و لە کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆکوەزیرانى هەرێم و بەغداش ئەمە پەسەند کراوە و جێبەجێکردنەکەشى وەستاوەتە سەر بەغدا، چونکە لە ساڵی ٢٠٢١دا لەسەر هەمان بڕ ڕێکەوتن کرابوو، کەچى حکومەتى فیدراڵی سەرەڕاى وەرگرتنى پارەکە، نەوتەکەشی نەنارد و تەنیا نێزیکەی ١٠ ملیۆن لیترى بۆ خەڵکى هەرێمی کوردستان نارد و ئێستا ٩ ملیار و ٢٦٨ ملیۆن دینارى هەرێمی کوردستان لایی وەزارەتی نەوتى فیدراڵە".

