سوپای پاسداران ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەی هێزەکانی خۆی لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەکات و سەرچاوەکانش باس لە ئامادەکاریی هێرشی وشکانیی پاسداران بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
پێگەی (ئەلعەرەبیە) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەو پێگەیە رۆژی سێشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ سوپای پاسداران چەند یەکەیەکی تایبەتی رەوانەی سنورەکانی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە بە ئامانجی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم.
سەرچاوەکەی ئەلعەرەبیە رایگەیاندوە؛ یەکەی سابرین و ناوەندی فەرماندەیی بەیتولموقەدەس کە سەر بە سوپای پاسدارانن لە سنورەکانی بانە لەگەل هەرێمی کوردستان جێگیر کراون و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی ئەو یەکەیە بە شۆفڵ و ئامێری تایبەت سەرقاڵی سەنگەر لێدانن کە بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەو ئامادەکارییە دەکەن.
بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدا پێشتر سەرچاوەیەک لە سوپای پاسداران رایگەیاندبو ئۆپەراسیۆن و هێرشی وشکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان راگیراوە بەڵام بە مەرجی ئەوەی بنکە و بارەگاکانی پارتە نەیارەکانی ئێران لە هەرێم چۆڵ بکرێن.

