داهاتی سلێمانی بۆ نیوە كەمدەكاتو مانگانەش كورتهێنان دەگاتە 30 ملیار دینار

3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
داهاتی پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لەساڵێكە بووەتە جێگەی مشتومڕ، پارتی و یەكێتی و گۆڕان كە لەناو حكومەتدان پێشتر یەكتریان پێ تۆمەتبار دەكرد، بەڵام ئێستا ئەوانیش قسەی لەسەر ناكەن، پێشتر ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لیژنەیەكیان پێكهێنا ئەویش ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی نەبوو، بەڵام ماوەی چەند رۆژێكە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر هەمان پرس لیژنەیەكی پێكهێناوە، سەرچاوەیەكیش لەوەزارەتی دارایی دان بەوەدا دەنێت پێشتر داهاتی سلێمانی نزیكەی 250 ملیۆن دۆلاربووە بەڵام ئێستا بۆ نیوە كەمیكردووە.
كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»داهاتی سلێمانی لەسەر چەند بنەمایەكە، لەوانە پشكی نەوت و داهاتی دەروازەكان، داهاتی دەروازەكان كەمیكردووە بەهۆی قاچاغچێتی و لێخۆشبوون لەباج، كۆمەڵێك كۆمپانیای ناپێویستیش هەن كە باج وەردەگرن، جگە لەوەی چەندین هێزی ئەمنیی لەدەروازەكان جێگیركراون و بوونەتەهۆی رێگریكردن و كەمبوونەوەی داهات، داهاتی باج و رسوماتیش وەكو ئاوو كارەبا گرفتی ئەوەی هەیە نەسریەی بەردەستیان بۆ دابین ناكرێت و داوای داهاتیشیان لێدەكرێت، داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگی یەكی ئەمساڵ سەروو 130 ملیار دینار بووە بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ كەمتر لە 80 ملیار دینار».
وتیشی:» داهاتی هەموو سەرچاوەكان كەمیان كردووە، وەكو ژمارە هیچ ژمارەیەكمان لانییە كە كۆی گشتی داهاتی سلێمانی چەندە، بەڵام 15 ملیۆن دۆلاری مانگانە لەداهاتی سلێمانی دەدرێتە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە».
هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە چەند بەرپرسێك لەئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی زانیاری لەوبارەیەوە، بەڵام هەریەكەو بەپاساوێك لێدوانیان نەداو بەشێكیشیان رەتیانكردەوە هیچ داتایەكیان لابێت.
بەڵام بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی بۆ هاوڵاتی پێشتر داهاتی پارێزگای سلێمانی بەئیدارە سەربەخۆكان و هەڵەبجەوە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاربووە.
سەرچاوەكە وتیشی: بەڵام ئێستا داهاتی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان نزیك بووەتەوە لەنیوەی ئەو بڕە پارەیە.
بەرزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنووسراوی فەرمی داوای لەوەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە لەبارەی داهاتی سلێمانی زانیارییان پێبدات بەڵام رەتیانكردووەتەوە».
وتیشی:»بۆ بەدواداچوونی داهاتی سلێمانی و هۆكاری كەمكردنی، ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكی پێكهێناوە بەڵام لیژنەكە تازە دەستی بەكاركردووە بەهۆی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگاو هێشتا لەبەدواداچوونی سەرەتاییدان».
كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەكە بەهاوڵاتی راگەیاند:» لیژنەی كارگێڕی و داراییمان هەیە پێشتریش بەدواداچوونی كردووە، نووسراومان ئاڕاستەی وەزیری دارایی كردووە بۆ داهاتی سلێمانی بەڵام تا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نەدات ناتوانین هیچ بكەین، نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانیش كردووەو ئەوانیش زانیارییان پێنەداوین».
وتیشی:»لیژنەمان چووەتە دەروازەكان ئەوانیش تاوەڵامی نووسراوێك دەدەنەوە چەند مانگێكی پێدەچێت و كۆی داهات و خەرجیشمان پێنادەن، ئێستاش بەهۆی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەوە لیژنەكە چەند رۆژێكە دەستبەكاربووەو یەك كۆبوونەوەی كردووە».
كاسترۆ مەعروف دەڵێت:»كۆمەڵێك باج و رسومات و كۆمپانیا هەیە لەدەروازەكانی سنووری سلێمانی لەشوێنەكانی دیكە نییە ئەوەش وایكردووە بازرگانەكانی ئێرە چیتر لەسنووری پارێزگای سلێمانییەوە بارەكانیان نەهێننە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی دۆخی سیاسی هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی داهات، هاوكات راگیرانی پرۆژەكانیش هۆكارێك بووە».
بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،»ئەوەی ئێمە داوای دەكەین بەنووسراوی فەرمی لەوەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێمان نادرێت، لەمەودوا بەدواداچوونی خۆمان دەكەین بۆ ئەو بابەتانە».
شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند:» داهاتی سلێمانی دیار نییەو دەیشارنەوە، چونكە بڕێكی تێكەڵە لەگەڵ داهاتی مەركەزیدا، هۆكارەكەی یەكەم ئەوەیە رێككەوتنێك هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا لەئەنجومەنی وەزیران كە زۆنی سەوز 43٪ی كورتهێنانی لیستی مووچە پڕبكاتەوە و زۆنی زەردیش 57٪ی كورتهێنانی لیستی مووچە پڕبكاتەوە».
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان وتیشی:» ئێستا داهاتی سلێمانی كەمترە لەخەرجییەكانی و پارە دەرهێنان لەبانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی لەڕێگەی چەكەوە كەپێشتر درابوون بەكەسانێك كە بازرگان و بەڵێندەر بوون».
«بۆ نموونە چەكەكە بەهای ملیارێك دینار بووە، ئەو كەسە ناچار بووە بە 300 ملیۆن دینار بیفرۆشێتەوە، ئەوەی لێی كڕیوەتەوە چووەتە بانك بەدەستڕۆیشتوویی خۆی گۆڕیویەتیەوەو ملیار دینارەكەی وەرگرتووە و بەوەش 700 ملیۆن دینار قازانجی كردووە، ئەم جۆرە یارییانە كراوە كەهەمووی پارە دەرهێنانە لەبانكی سلێمانی بەشێوازێكی نادروست». شێركۆ جەودەت وای وت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دۆخی سلێمانی وا وێنا دەكات كە بەرەو قوفڵ بوون دەڕوات و دەڵێت «خەریكە هەموو سێكتەرو پرۆژەكان بەتەواوی رادەگیرێن».
بەڵام عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەهیچ شێوەیەك ناتوانم بڵێم داهاتی سلێمانی كەمدەكات تەنها ئەوكاتە نەبێت كەبزانم و بەشێوەیەكی دروست زانیاریمان هەبێت كەئەویش بەڕێوەبەری بانك پێمان بدات، داهاتی هەر مانگێك چەندە و خەرجیەكانیش چەندە، ئەوكات دەتوانم بڵێم كەمدەكات».
«وشەی كەمكردن بۆ شارێك راست نییە بەپێی یاسا نەك پارێزگا و شارەكان بودجەیان نییە هەرێمی كوردستانیش بودجەی نییە تا بڵێین بودجەكەی ئەوەندەیەو ئەوەندە كەمیكردووە، ئەوە بەرپرسیارێتی حزبەكانی دەسەڵاتە روونكردنەوە بدەن بەخەڵك و ئێمەو بۆ ئەوەی بتوانین قسەیەكی دروست بكەین، هەرسێ حزبەكەی دەسەڵات پارتی و یەكێتی و گۆڕان كە بەشدارن لەحكومەتی هەرێم بەبەرپرسیاری دۆخی سلێمانی دەزانن، پێمان وایە لەهەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی داهات نییە كە بەوجۆرە دەستخراوەتە بینەقاقای سلێمانی، عومەر گوڵپی وای وت.
هاوكات زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»مانگانە وەزارەتی دارایی داوا لەبانكی منارە لەهەولێرو ئاشتی لەسلێمانی دەكات تەواوكاری مووچە بنێرن، بەڵام هۆكاری كەمكردنی داهات ئەوەیە كە پارەی دەرمان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەزۆنی سەوز لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەرینی لێ خەرج دەكرێت».
وتیشی:»ئێستا بەداخەوە ئەوەشیان زیاتر لەنیوە بۆ كەمكراوەتەوە، جگە لەوەی پارەی دیكە بۆ خەرجی سێ سەرۆكایەتیەكە دەڕوات، جگە لەوەی هەر پرۆژەیەك جێبەجێ دەكرێت و حكومەت دەڵێت جێبەجێی دەكەین پارەكەی لەداهاتی ناوخۆی سلێمانییە».
كورتهێنان لەسلێمانی
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی كردوویەتی، سەرچاوەی داهاتی پارێزگای سلێمانی پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆی پارێزگاكەیە، تا مانگی هەشتی ئەمساڵیش بەمشێوەیە بووە كە 288 ملیار دیناری پارەی فرۆشراوی نەوت و 90 ملیار دیناری پارەی ناوخۆ بووە كە لەباج و دەروازە سنورییەكان كۆدەكرێتەوە، كۆی گشتی داهاتیش كردوویەتیە 378 ملیار دینار، بەڵام بەوتەی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی یەكێتی و گۆڕان خەرجی پارێزگاكە زیاتر بووە لە 407 ملیار دینار.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: «هەر مانگێك كورتهێنان لەداهاتی سلێمانی هەبێت لەداهاتی مانگی دواتر پڕدەكرێتەوە، مانگانە سلێمانی بەهۆی كورتهێنانەوە قەرزار دەبێت و قەرزەكەش لە پارەی خزمەتگوزاری و پرۆژەكان دەبڕدرێت و حكومەتی هەرێم یەك دینار كورتهێنانی سلێمانی پڕنەكردووەتەوە».
هەر بەپێی بەدواداچوونەكەی هاوڵاتی مانگانە لەداهاتی سلێمانی خەرجی موچەی پەروەردەی كەركوك دابین دەكرێت كە بڕەكەی شەش ملیار دینارە، هەمان بڕە پارە دەچێت بۆ ئاژانسی ئاسایش، ئەنجومەنی دادوەریش بڕی ملیارو نیوێك داهاتی مانگانەی سلێمانی دەبات، ئەوەش لەكاتێكدایە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵ كاتێك گرفتی نەمانی پارە لەبانكەكاندا بەتایبەتی بانكەكانی سنوری ئیدارەی سلێمانیدا دروستبووە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون، لیژنەیەكی دروستكردو لیژنەكەش هیچ شتێكی بۆ رای گشتی ئاشكرانەكرد، بەڵام راپۆرتی بەدواداچوونەكە كەدەست هاوڵاتی كەوتووە دەریدەخات نزیكەی 92 بانكی حكومی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمانە كەمترین مەرجی بانكیان تێدایەو بەیەكەوە نەبەستراونەتەوەو لەسنوری سلێمانی 33 بانكی حكومی هەیە، لەسنوری هەولێرو دهۆك 59 بانكی حكومی هەیە.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە 22 بانك لەسنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك خراونەتە سەر سیستەمی (ICBS)، بەڵام لەسنوری سلێمانیو هەڵەبجە هیچ بانكێك نەخراوەتە سەر ئەم سیستەمە.
سیستەمی (ICBS) كارئاسانی گەورە دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی دابەشكردنی موچەو ئەنجامدانی چاكسازی لەزۆر بواردا لەوانە: كەشفكردنی موچەخۆری بندیوار.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە لەهەرێمی كوردستاندا بەگشتی هەزار وەحدەی حسابیو 14 خەزێنەی گشتی هەیە.
لە 23-5-2022 ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەداهاتی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین پێكهێنا، سەرۆكی لیژنەكە سامی جەلال راوێژكار لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم ئەندامی لیژنەكەبوون، هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی پێوەكردن بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە.
داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بێجگە لەداهاتی نەوت، ساڵی رابردوو دوو ترلیۆن و 559 ملیار دینار بووە، لەو داهاتەش ترلیۆنێك و 457 ملیار دیناری زۆنی سەوز بووە كە دەكاتە 43٪ی داهاتی هەرێمی كوردستان.

