لەڕۆژئاوای کوردستان دەیان زیندانی و ڕفێنراوی کورد هەڵاتن

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی گرووپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بەحکومەتی تورکیا لەناوخۆیاندا بوو بەشەڕیان و شەڕەکەش شاری عەفرینی داگیرکراوی گرتۆتەوە، بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەیان زیندانى و ڕفێنراوی کورد، توانیویانە خۆیان لەزیندانەکان دەربازبکەن و ڕزگارییان ببێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە دەیان زیندانیکراوو ڕفێنراوی کورد، کە ژن و منداڵیشیان لەناودایە، توانیویانە لەزیندانی (معراتە)ى شاری عەفرین کە لەژێر دەستی میلیشیاکانی سەر بەسوپای بەناو "سوپای نیشتیمانی سوری"دا بوە، خۆیان دەربازبکەن.


جێگای ئاماژەیە گرتوخانەی معراتە پێشتر لەژێر دەستی میلیشیای فیرقەی حەمزەدا بوو، سەدان هاوڵاتی ڕفێنراوی خەڵکی ناوچەکەی تێدا زیندانیکرابوو، بەگوێرەی بەڵگەی ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ، یەکێکبوە لەهەرە خراپترین زیندانەکانی سوریا کە دەیان هاوڵاتی تێیدا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردوە، لەشاری "باب"ی سەر بەگوندەواری ڕۆژئاوای حەلەبیش، بەهۆی شەڕو پێکدادانی گروپە سورییەکانی سەر بەئەنکەرە، دەیان زیندانیکراوی تر توانیویانە لەیەکێک لەزیندانییە نهێنییەکان خۆیان دەربازبکەن کە گوماندەکرێت زیندانەکە گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەو زیندانیانەی تێدابێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤیش ئاشکرایکردوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنها لەناوچەی عەفرین نزیکەی 615 کەس دەستگیرکراون کە 24 منداڵ و 35 ژن و 351 دەستگیرکراویشیان نەخۆشبون، تەنانەت باری تەندروستیی 265 کەسیان زۆر خراپبوەو پێیویستییان بەچارەسەری پزیشکیی خێرا هەبوە.

دوای کوشتنی کەسێک بە ناوی محەمەد ئەبوغەنوم لە شاری باب لە باکوری سوریا شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە سەر بە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دروست بوو تا ئێستا ژمارەیەک کەس کوژراون و چەکدارەکان بە چەکی قورسەوە ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە.

ئەو گرووپانە لە ناوخۆیاندا بونەتە دوو گروپ و دژی یەکتری شەڕ دەکەن، گروپی یەکەم پێکهاتوون لە (فەیلەقی سێ، تەحریر و بینا)لە بەرابەردا گروپی دووەم پێکهاتون لە (حەمزە، سوڵتان سلێمان، تەحریری شام (بەرەی نوسرەی پێشوو)) لە ئێستادا هەردوو بەرەکە ڕوبەڕوی یەکر بونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار