حیزبی دیموکرات دوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ تەنها رێگە بۆ دانانی سنورێک بۆ دیکتاتۆرییەت و گۆڕانکاریی لە کردەوەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕینی دەسەڵاتی تارانە.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تویتەر، پەیامێکی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانەوە لە ئێران بڵاو کردوەتەوە و نوسیویەتی: لە رابردودا کۆمەڵی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئیدانەی سیاسەتەکانی رژێمی ئێرانیان دەکرد و هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بە ئامانجی گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانی تاران، سزایان بەسەردا سەپاند.
حدکا دەڵێت:بەهۆی سزاکانەوە گۆڕانکاریی لە ئێران رویداوە، بەڵام هەڵوێستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە خراپتر بوە چونکە سیاسەتەکانی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ئەماژەی رونن بۆ ئەو گۆڕانکارییە خراپانە.
ئەو پارتە جەختی کردوەتەوە لەوەی، ئێستا تەنها رێگا بۆ دیاریکردنی سنورێک بۆ کردەوە دیکتاتۆرییەکانی ئێران و رەفتارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕینى رژێمی وڵاتەکەیە.
پەیامەکەی حدکا لە کاتێکدایە سوپای پاسدارانی ئێران 28ی مانگی رابردو بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو پارتە و پارتەلانی دیکەی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە زیاتر لە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 60 کەسیش برینداربون.

