وەزیری سامانە سروشتییەکان: بەهۆی کڕینی نەوت لە دەرەوەی هەرێم نرخی نەوت لەناوخۆدا دابەزیوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەمال محمد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند " بە کڕینی نەوت لە دەرەوەی هەرێم نرخی نەوت لەناوخۆدا دابەزیوەو بەدابەشکردنی زیاتر دادەبەزێت، خۆ ئەگەر نەوتمان دابین نەکردایە نەک هەر نرخەکەی کەم نەدەبووە بەڵکو زیاتریش بەرز دەبووەوە" و "بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی، هەرێمی کوردستانمان بەسەر سێ ناوچە دابەشکردووە".

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی، هەرێمی کوردستانمان بەسەر سێ ناوچە دابەشکردووە کە بە گشتی دەکاتە 1,257,000 خێزان.ئەوانیش:

١- ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان .

٢- ناوچەکانی دەورووبەر 340 تا 345 هەزار خێزان.

٣-سەنتەری شارەکان 625 هەزار خێزان 

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاند سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی (2022/9/11) بڕیاری تەرخانکردنی 70 ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوتی سپی بۆ ماڵان داوە. - بە شێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیل بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابین دەکرێت.

هەروەها پاڵپشتیی حکوومەت بۆ هەر بەرمیلێک دەگاتە 65% و هاووڵاتیان تەنیا لە 35% نرخەکەی دەدەن.

کەمال محەمەد ساڵح ڕاشیگەیاند: " وا بڕیارە بەغدا لە سەرەتای مانگی داهاتوو(تشرینی دووەم) 257 هەزار بەرمیلی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێریت ئەگەر ئەو بڕە بنێرێت هەمان بڕ بە هەمان نرخی هاتوو بە هاووڵاتیان دەدرێت، هەرچەندە بەگومانم ئەم بڕیارە وەکو خۆی و لەکاتی خۆی و بەپێی پشکی هەرێم جێبەجێ بکرێت. - بە کڕینی نەوت لە دەرەوەی هەرێم نرخی نەوت لەناوخۆدا دابەزیوەو بەدابەشکردنی زیاتر دادەبەزێت، خۆ ئەگەر نەوتمان دابین نەکردایە نەک هەر نرخەکەی کەم نەدەبووە بەڵکو زیاتریش بەرز دەبووەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار