بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ: دەنگە بەرزەکەی شەوی رابردوو مووشەک بووە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەوی رابردوو کاتژمێر 11:00 لە سنووری ناحیەی خورماڵ دەنگێکی بەرز بیسترا. رۆژی چوارشەممە 19-10-2022، فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ رایگەیاندووه، دوای بیستنی دەنگەکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە کێوماڵی ئەو سنوورە کردووە کە دەنگەکەی لێ بیسترابوو دەشڵێت، ئەو دەنگە بەرزەی شەوی رابردوو لە سنووری ناحیەی خورماڵ بیسترا مووشەک بووە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شوێنی کەوتنە خوارەوەی ئەو مووشەکە دۆزراوەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ باسی لەوە کرد، دوای کێوماڵی سنوورەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی رۆستەم بەگ لە بێستانێکی شووتیدا شوێنی کەوتنی مووشەکێک دۆزراوەتەوە و تاوەکو ئێستا روون نییە مووشەکەکە تەقیوەتەوە یان نا، چونکە مووشەکەکە رۆچووەتە ناو زەوییەکە و چاوەڕوانی هاتنی تیمی ئەندازیاریی ئاسایشن بۆ لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە.
لەبارەی زەرەر و زیانی کەوتنی مووشەکەکە، فەرەیدوون مەحموود گوتی، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نییە و تاوەکو ئێستاش نازانن مووشەکەکە لە کوێوە ئاراستەکراوە و لە سنوورەکەدا کەوتووەتە خوارەوە.

