وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم : خۆرگیرانی نیمچەی ڕودەدات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت خۆرگیرانێكی نیمچەیی لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو ٢٥ی ئەم مانگەدا دەربکەوێت.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن دیاردەکە لە کاتژمێر ١٢:٥٩خولەکی دوای نێوەڕۆ دەستپێدەكات و لەكاتژمێر ٢:١٧ خولەکی دوای نیوەڕۆ بەرزترین ئاستی خۆرگیرانی نیمچەیی تۆماردەكرێت و مانگ نزیكەی ٥١٪ی دیسكی خۆر دادەپۆشێ و کاتژمێر ٣:٣٠ خولەک کۆتای دێت.
ئەم دیاردەیە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا و باكوور و رۆژهەڵاتی ئەفریقیا و رۆژئاوای ئاسیا دەبینرێت ، بەڵام لە دانیشتوانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریكای باكوور و باشوور و ئوستورالیا ئەو دەیاردەیە نابینن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە دیاردەی خۆر گیرانکراوە "لە رووی فەلەكییەوە، كاتێك دیاردەی خۆرگیران روودەدات كە مانگ دەكەوێتە نێوان خۆرو زەوی، بە مەرجێ لەسەر یەک راستەهێڵ بن، ئەو كاتە سێبەری مانگ، كە قەبارەكەی بچووكە، دەكەوێتە سەر چەند ناوچەیەكی سنوورداری وڵاتان و ناوچەكانی تری هەسارەی زەوی و تەنها دانیشتوانی ئەو شوێنانەی كە خۆر تیایدا دەگیرێت، واتە، سێبەری مانگ بەسەریاندا تێدەپەڕێ ئەودیاردەیە دەبینن."
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێی ئەم مانگە پێگەی تهلهسکۆپی عێراق رایگهیاند که رۆژی سێشهممه ٢٥ی ئەم مانگە نیمچە خۆرگیران لە عێراق روودهدات و ئهمه دوایین خۆرگیرانه که عێراق تا ساڵی ٢٠٢٧ بەخۆیەوە بیبینێت.
