بهڕێوهبهری گشتی ئاو و ئاوهڕۆ: بۆ دووبارە نەبوونەوەی لافاو لە هەر شوێنێک گرفت هەبووبێت چارەسەر کراوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەپۆلێکی بارانبارین لە رۆژی هەینییەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، زۆرترین باران لە سنووری پارێزگای هەولێر لە حاجی ئۆمەران باریوە؛ لە سلێمانی لە سەنتەری شارەکە و لە دهۆکیش لە زاخۆ زۆرترین باران باریوە؛ هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجە لە تەوێڵە زۆرترین بارانبارین تۆمارکراوەو بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرجەم کەندە سرووشتییەکانی دەرەوەی شارەکان، ئەو شوێنانەی کە هەستکراوە گرفتی گیرانیان هەبێت بە هەر شێوازێک بێت چارەسەرکراون و لەنێو شارەکانیشن مەنهۆڵەکان و چەپەرەکان بۆریی ئاوەڕۆکان کاری خاوێنکردنەوەیان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 22-10-2022، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان به کهناڵی رووداوی راگهیاندووه: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند پلانێک کاری کردووە، پلانە هەنووکەییەکان بریتین لە خاوێنکردنەوەی کەندە سرووشتییەکانی دەرەوەی شارەکان، ئەو شوێنانەی کە هەستکراوە گرفتی گیرانیان هەبێت بە هەر هۆکارێک، لەنێو شارەکانیش مەنهۆڵەکان و چەپەرەکان بۆریی ئاوەڕۆکان کاری خاوێنکردنەوەیان بۆ کراوە".
وەکو پلانی کورتخایەنیش، بە گوتەی ئاری ئەحمەد، "ساڵی رابردوو لە هەندێک شوێن هەست بەوە کرا قەنتەرەکان و شوێنی پردەکان و هەر شوێنێکی دیکە کە توانای لەخۆگرتنی ئەو بڕە ئاوەی نەبووبێت کە پێشتر پێیدا هاتووە، لە چەند شوێنێک کارکرا بە زیادکردنی ژمارەی دەرچەکانیان و گەورەکردنی قەبارەی قەنتەرەکان، کارکردن لەو بارەیەوەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، هەموو پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان لەلایەن خۆیانەوە بودجەیەکیان بۆ خاوێکردنەوەی کەندە سرووشتییەکان و ئاوەڕۆکانی ناو شار و دەوروبەری دابینکردووە کە بودجەکەیان چەند ملیارێکە.
سەبارەت بە پارێزگای هەولێریش کە ساڵی رابردوو ژمارەیەک گەڕەک و ناوچەی ئەو شارە تووشی زیانێکی زۆر بوونەوە، ئاری ئەحمەد گوتی: "تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر بە یەک پاکێج 12 پرۆژە پێشکێشکرابوو بە گوژمەی 36 ملیار دینار، بەڵام رەزامەندی لەسەر 4 لەو پڕۆژانە گەڕایەوە بە گوژمەی 8 ملیار و 600 ملیۆن دینار، ئێستا کاری تێدادەکرێت لەسەر شەقامی پیرمام و 150 مەتری. بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی شاری هەولێر رەزامەندی لەسەر فراوانکردنی چەند قەنتەرەیەک داوە، ئەوانیش جێبەجێکران".
سەبارەت بە شارەکانی دیکەش، ئاری ئەحمەد دەڵێت: "شارەوانییەکان لەلایەن خۆیانەوە چەند پڕۆژەیەکیان ئەنجامداوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ لە دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان هەر یەکەو لە شوێنی خۆی کاریان لەسەر چەندین قەنتەرە و مەنهۆڵی نوێ و چەپەر کردووە. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم سەرووی 20 ملیار لەو ماوەیە خەرجکراوە وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەم زستانە".
سەبارەت بەوەش چی کراوە بۆ ئەو گەڕەکانەی ساڵی رابردوو زیانی زۆریان بەرکەوت، بە گوتەی ئاری ئەحمەد، "هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو گەڕەکانەی زیانیان پێگەیشتبوو لەگەڵ ئەوانەی زیانیان پێ نەگەیشتبوو نەکراوە. لە هەر شوێنێک بینرابێت کێشە و گرفت هەبووبێت تەنانەت ئەگەر زیانیشی بەرنەکەوتبێت چارەسەرکراوە، لە هەموو شوێنێک کارکراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان نموونەی چەند شوێنێکی باس کرد کە ساڵی رابردوو لە شاری هەولێر بەهۆی لافاو زیانیان بەرکەوتبوو، دەڵێت: "ئەو کەندەی لە تەنیشت گردجووتیار هەبوو قووڵییەکەی و پانییەکەی فراوانکراوە و هەروەها بە خۆڵ ساترێکیشی بۆ دروستکراوە، هەروەها ئەو کەندەی دەکەوێتە تەنیشت شاری زێڕین و شاری کۆری بەتەواوەتی پاککراوەتەوە. لە گوندی کۆلەک چەند ئاوبەرێک هەیە بەهەمان شێوە پاککراوەتەوە، هەولێری نوێ، کۆڕنیش، ئەو کەندانەی دێنەوە دەوروبەری دارەتوو، بنەسڵاوە هەمووی پاککراوەتەوە".
لەبارەی ئەو پڕۆژانەش کە بەشێک لە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکان دانران، ئاری ئەحمەد دەڵێت: "زۆربەی زۆری ئەو پڕۆژانە بە پەرۆشەوە هاتنە پێشەوە دوای ئەوەی بەشێک لە گیروگرفتەکان پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبوو، دوای دەستنیشانکردنی هۆکارەکان ئامادەیی خۆیان پێشاندا بۆ ئەوەی تەمویلی هەر پڕۆژەیەک بکەن کە ببێتە رێگر لەبەردەم دروستبوونی لافاو".
بە گوتەی ئاری ئەحمەد پلان هەیە بۆ دروستکردنی چەند پۆندێک لەسەر رێڕەوەکانی ئاوی دەرەوەی شاری هەولێر، بۆ ئەوەی بڕێکی زۆر ئاو لەخۆی بگرێت و ببێتە هۆی دواکەوتنی بەشێک لەو ئاو یان بارانەی لەو رێڕەوانەوە دەڕژێن، یان گواستنەوەی ئاراستەی هەندێک لەو رێڕەوانە بۆ شوێنێکی دیکەی نزمایی و دەشڵێت: "بودجە بۆ بەشێکیشیان دابین کراوە، بەڵام دروستکردنیان پێویستی بە کات هەیە، بەلایەنی کەمەوە ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێکی پێویستە تاوەکو جێبەجێ دەکرێت. بەنداوی بچووکیش ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک هەندێکجاریش تاوەکو 3 ساڵی دەوێت تاوەکو جێبەجێ دەکرێت. بەنداوی گەورە و ستراتیژیش لە نێوان 4 بۆ 8 ساڵ تاوەکو 10 ساڵیشی پێویستە".
لە دەوروبەری هەولێر 34 رێرەوی ئاوی سرووشتی هەن کە لەکاتی بارانبارنی زۆر و پڕبوونیان، ئاو لە رێرەوەکان دەردەچن تەوژمیان بەرەو گەڕەک و ماڵەکانی دەوروبەر دێت و لافاو دروستدەبێت.
