کەرکووک.. بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوی بیرەکان بەرەو وشکبوون دەچن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەکاتێکدا بەهۆی کاریگەریی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاووهەواوە کاریگەریی وشکەساڵیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەست پێدەکریت، مەترسییەکی جیددی کردووەتە سەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکووک و ئاو لە بیرە قووڵەکاندا بە رێژەی لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووک، زوهێر عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کەرکووک ساڵانە زیاتر و زیاتر کاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی لەسەرە.
زوهێر عەلی روونیکردەوە کە ئەم دۆخە كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لە پارێزگاکە هەبووە و بۆ رێگەگرتن لەمە، حكوومەت پێشکەشکردنی پشتیوانییەکانی بۆ حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی سنووردار دەكات كە بەهۆیەوە بڕێكی زۆر ئاو بەكاردەهێنرێت، هەڵکەندنی بیر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش سنووردار دەکات و ژمارەی بیرەکان بەپێی رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان دیاری دەکات.
- لە وەرزی هاویندا ئاستی ئاو لە بیرە قووڵەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات
ئاكام موسلیح كە جووتیارە لە گوندی حەسار باشووری كەركووك، ئاماژەی بەوە دا لە مانگەکانی وەرزی هاویندا کاتێک پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلە، ئاستی ئاو لە بیرە قووڵەکاندا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و بەم هۆیەوە لە دابینکردنی ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان رووبەڕووی گرفتی گەورە دەبنەوە.
ئاکام موسلیح ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە حکوومەت بەپەلە چارەسەری بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە، بە پێچەوانەوە رەنگە بەرهەمەکانیان لەناوبچێت.
بە دەیان گوند کە بۆ دابینکردنی ئاوی خوادنەوە پشت بە بیرەكان دەبەستن بەهۆی وشكەساڵییەوە مەترسی گەورەیان لەسەرە.
حەسەن تۆفیق کە جووتیارە لە گوندی مەرعی لە پارێزگای کەرکووک، سەرنجی بۆ ئەو راستییە راکێشا کە بەشێک لەو بیرانەی کە ساڵانی رابردوو ئاستی ئاو تییاندا کەمی کردبوو، رووبەڕووی وشکبوون هاتوون، گوتیشی: "لە بیرەكاندا ئاو نەماوە، جووتیاران پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد كە بەم خێراییە وشكەساڵی رووبدات. بەهۆی وشکەساڵی و گرفتی کەمی ئاوەوە بەشێک لە بەرهەمەکانمان نەچاند. ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی كێشەی ئاسایشی خۆراک لە ناوخۆدا".
