موراد قەرەیلان چالاكیەكی كاریگەری گەریلا لە شاری وان رادەگەیەنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موراد قەرەیلان فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) دەڵێت: لە 13ی تشرینی یەكەم لە گۆڕەپانی كاتۆ خەلیل لە ناوچەی شاخێ لە پارێزگای وان، گەریلا چالاكیەكی كاریگەری دژی سوپای توركیا ئەنجامدا.
وتیشی: تیمە گەڕۆكەكانی یەژا ستار لە سێ لاوە بە چەكی تاكەكەسی لە یەكەی ئەو داگیركەرانەیان دا، كە خستبونیانە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی خۆیان و لە ئەنجامدا 10 سەربازی سوپای توركیا كوژران و سەربازێكیش بریندار بوو.
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی شەڕڤانان و فەرماندەكانی هەڵمەتی شەهید دڵژین- شەهید شەڕڤان ئەركەندیی عەگیدەكانی بۆتانی كرد و تێیدا ئاماژەبەوەكرد هێزەكانمان لە باكوری كوردستان چالاكیی كاریگەر لە دژی دووژمن ئەنجامدا.
ئاشكراشیكرد: هێزەكانمان لە باكوری كوردستان، سەرباری ئەوەی لە بەرامبەر سەدان ئۆپەراسیۆن و هەزاران هێرشی سوپای توركیا خۆیان دەپارێزن، لە هەمان كاتیشدا بە ڕۆحیەتێكی بەرزی هێرش و داهێنەرانەبوونی گەورەیان لە تاكتیك دا، چالاكیی كاریگەر ئەنجام دەدەن، ئەمە بە ڕوونی دەریخست، كە شێوازی تیمە گەڕۆك و تیمە شارەزا و پسپۆڕەكان لەسەر هێڵی سەركەوتنە.
رونیشیكردەوە: ئەم چالاكییە سەركەوتووەی یەژا ستار جارێكی دیكە ئەوەی سەلماندەوە، كە رێباز و شێوازی تیمە پسپۆڕ و شارەزاكانی گەریلاكانی ئازادیی كوردستان بە تەواوی ئەنجامگیر و سەركەوتو دەبێت، دەوڵەتی توركیاش لە ڕێگەی میدیای جەنگی تایبەتی خۆیەوە هەوڵیدا ئەو گورزە قورسە، كە بەریكەوتبوو بشارێتەوە و تەنها یەك كوژراوی خۆی لەو چالاكییەدا ئاشكرا كرد، تیمە گەڕۆكەكان، كە لە ناكاو لە هەموو شوێنێك گورزی توند لە دوژمن دەدن، بەو چالاكییە لە هەڵمەتی شەهید دڵژین- شەهید شەڕڤان ئەركەندی لە عەگیدەكانی بۆتانیان لە ناوچەكە بەهێزكرد.
