رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتییەوە بۆ شۆڕش
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژهەڵاتی کوردستان بوەتە گۆڕەپانی جەنگ و تەنها لە 24 کاتژمێری رابردودا لانیکەم 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 90 کەس برینداربون.
تەنها لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەی مەهاباد سێ گەنج و ژنێک کوژران و لە بانە دو گەنج کوژراون و دۆخی چوار برینداریش ناجێگیر. لە لوڕستان تا زاهیدان و تاران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان 41 رۆژی تێپەڕاند و زیاترین کوژا و برینداریش لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکرا. پەیامی جەنگ لە لوڕستان تەلەفیزیۆنی (سێ ئین ئێن) ئەمریکا نهێنی مەرگی نیکا شاکەرمی لە چلەکەیدا ئاشکرا دەکات و بڵاوی کردوەتەوە بە پێی 50 تۆماری ڤیدیۆی تایبەت کە دەست ئەو تەلەفیزیۆنە کەوتوە، دەردەکەوێت کاتژمێرێک پێش مەرگی ئەو کچە لوڕە تەمەن 16 ساڵانە کەوتوەتە دەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتێکدا پزیشکی داد پێشتر رایگەیاندبو نیکا بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە نهۆمی چوارەمی بینایەک گیانی لەدەستدابو.
ئەمڕۆ چلەی مەرگی نیکا شاکەرەمی بە بەشداریی و ئامادەبونی هەزاران کەس لەسەر گۆڕەکەی لە خوڕەمئابادی لوڕستان بەڕێوەچو و ژنان بە بڕینی پرچی خۆیان لەسەر گۆڕەکەی ناڕەزایەتییان دەربڕی و کچانیش دروشمی (تۆپ و تانک کاریگەریی نییە، بە دایکم بڵێن چیتر کچی نییە)یان وتەوە. بەشداربوانی رێوڕەسمەکە گۆڕانیی بەناوبانی " دایە دایە وەختێ جەنگە"یان وتەوە کە گرێدراوی مێژو و شۆڕشی ناوچەی لوڕستانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دایکی نیکا لە رێوڕەسمەکەدا وتی: دەستی رەشی ستەم و جەهالەت خەون و ئاواتەکانی تۆی خستە ژێر خاک و خۆڵەوە بەڵام کە بیروباوڕ و پاکی و ئازایەتیت لە گەنجانی دیکەدا بەدی دەکەم خۆشحاڵم. لە بروجەرد-ی لوڕستانیش دروشم مەرگ بۆ دیکتاتۆر وترایەوە.
رۆژهەڵات 24 کاتژمێری خوێناوی لە دوای چلەی ژینا ئەمینی تا ئێستا ناوی نۆ کوژراو لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. تەرمی ئیسماعیل مەولودی ناسراو بە سمکۆ کە لە شەوی چلەی مەرگی ژینا، لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی چوارشەممە گیانی لەدەست دابو رۆژی پێنجشەممە بە دروشـی کوردستان گۆڕستانی فاشیستان بە بەشداریی هەزاران کەس لە ماهاباد بەخاک سپێردرا و داواتر ناڕەزایەتییەکان سەرتاسەری ئەو شارە و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. رۆژی پێنجشەممە سەرەڕای تەقەی هێزە ئەمنییەکان، خۆپیشاندەرانی مەهاباد چونە بەردەم قائیمقامیەتی شارەکە و هاوکات لە شاری سەقز ناڕەزایەتییەکان بەرفراوان بون و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە.
هەر لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی سمکۆ لە مەهاباد دو گەنج بە ناوەکانی زانیار ئەبوبەکری و شاهۆ خزری ژنێک بە ناوی کوبرا شێخی تەمەن 52 ساڵ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و گەنجانی شاریش بەڵێنی تۆڵەکردنی خوێنی شەهیدەکانیان دا. لە بڵندگۆی مزگەوتی سەعدی لەو شارە سرودی "شەهید" پەخش کرا و ئاڵای ئێران لە گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە هێنرایە خوارەوە و سوتێنرا. بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی هەواڵی مەهاباد لانیکەم نۆ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا بە سەختی برینداربون کە زۆربەیان بە گولـلە پێکراون.
پزیشکانی مەهاباد بە بەیاننامەیەک داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد گەنجان بپارێزن و رێگە بدەن با ئاشتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرێوەبچێت و رێگە بدرێت بریندارانی ناڕەزایەتییەکان چارەسەر بکرێن. گەنجانی بانە لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە دەستیاکرد بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بە شێوازی جیاواز بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بونەوە، دو گەنج بە ناوەکانی سەعید پیرۆ و فەرەیدون فەرجی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا، سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردوەتەوە دەیان کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سوپای پاسداران لەو شارە برینداربون و دۆخی چوار برینداریش لە نەخۆشخانەی (سەڵاحەدین ئەیوبی) شارەکە ناجێگیرە. لە شاری سنە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا لە زۆربەی کۆڵانەکاندا روبەڕوبونەوە لە نێوان گەنجانی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان رویدا. لە بۆکان مەرگ بۆ دیکتاتۆر و ژمارەی زۆری گەنجان بە شەو لەسەر شەقامەکان مانەوە . شەوی پێنجشەممە لە شاری پیرانشار هاوشێوەی شارەکانی دیکە گەنجان بە ئاگرکردنەوە زۆربە شەقامە سەرەکییانی شاریان کۆنتڕۆڵ کرد. شەویش هاوشێوەی رۆژ ناڕەزایەتییەکانی مەریوان بەردەوام بو و گەنجانی ئەو شارەش بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامە سەرەکییەکاندا دروشمیان دژی دەسەڵات وتوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە کە بەهۆی ئەوەی دەسەڵات بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات سودی لە چەکدارانی سوپای پاسداران وەرگرتوە ژمارەی کوژراوان بەرز بێتەوە ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەری شارەکانی ئێران بەردەوامە
بۆ یەکەمجار دوای 41 رۆژ لە ئێوارەی پێنجشەممە خۆپیشاندان لە شاری ئاستار لە باکوری رۆژئاوای ئێران بەڕێوەچو و دروشمی " نامانەوێت کۆماری ئێسلامی" لە لایەن خەڵکەوە وترایە. ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی تاران بەردەوام بو کچانی خوێندکاری زانکۆی زانستی لێکۆڵینەوە لە تاران وێنەی هەڵواسراوی روحەڵلا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان دڕی. مەولەوی نەقشبەندی، پێشەوای (سوننە)کان لە شاری زاهیدان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران رایگەیاند؛ دەبێت وتارخوێن و زانایانی سوننەی بەلوچستان بەرەی خۆیان دیاریی بکەن ، یان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەن یان دژ، چونکە چارەنوسی مافی خوێنی رژاوای خەڵکی سیستان و بەلوچستان نەسێنراوە بۆیە هەر زانایەک بەشداریی لە کۆڕ و کۆبونەوەی دەسەڵاتداراندا بکات ئەوە دژی گەڵی بەلوچە. دوای وتارەکەی مەولەوەی سەدان ئۆتۆمبێل و هێزی سەربازیی رەوانەی شاری زاهیدان کراوە چونکە بڕیارە دوای نوێژی هەینی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لەو شارە بەڕێوەبچێت بە تایبەت کە لە هەفتەی یەکەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 92 کەس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژران. لە شاری مەشهەدا لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران و قوم کە بە کۆڵەکەی ئاینیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێن ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و دروشم بۆ روخانی دەسەڵاتی وڵاتەکە وترایەوە. لە کەرەج و خوزستان و تاران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان هاوشێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بو و ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانیش لە تارانی پایتەخت کوژرا.
