ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران 127 رۆژە بەردەوامە
جیهان هەنگاوی نوێ دژی سوپای پاسداران دەگرێتەبەر
3 ساڵ لەمەوپێش
ناڕەزایەتییە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و لە تاران و کرمان چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران سوتێنران و لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک چالاکوان و گەنج دەستگیرکان ئۆسترالیا ئامادەکاریی بۆ تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران دەکات و ئەمریکاش جارێکی دیکە هۆشداریی توندی دایە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.
لە تاران و ئەردەبیل و کەرەج و کرمان بە دروشم نوسین و سوتاندنی چەند بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسداران ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبو و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیک گەنجان و چالاکوان دەستگیرکران.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ لە کامیاران، دێلوران، سنە و بۆکان و مەریوان ژمارەیەک گەنجی دیکە دەستگیرکراون.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ بەرەبەیانی رۆژی شەممە شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی سوپای پاسداران و هێزێکی نەناسراو لە بازگەیەکی ناوچەی ناچیت لە شاری بۆکان رویداوە کە بەهۆیە چەکدارێکی سوپا کوژراوە و سێ چەکدرای دیکەی ئەو سوپایە برینداربون.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە؛ دەیان کەس لە شاری زاهیدان بە بیانوی بەشداریی لە 16یەمین هەینی ناڕەڕایەتییەکان و نوێژکردن لە مزگەوتی گەورەی شارەکە دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە .
ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ ناسنامەی 713 خوێندکاری زانکۆ ئاشکرابوە کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون و چوار خوێندکاریی زانکۆی عەللامە لە تاران سزای 11 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەشداریی زۆرینەی دانیشتوانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان
لە نوێترین راپرسی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران دەکەوتوە؛ 61٪ی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتەکە جارێک بۆ 10 جار بەشداریی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیان کردوە.
راگرتنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی
عیسا زارعپور، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئێران رایگەیاند؛ فیلتەرکردنی ئینیستاگرام و واتساپ لە وڵاتەکە بەردەوام دەبێت بەڵام تۆڕی کۆمەڵایەتیی کڵاب هاوس لە چەند رۆژی داهاتودا فیلتەر و رێگریی لەسەر نامێنێت.
وتەکانی زارعپور لە کاتێکدایە دوای چەند رۆژێک لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تۆڕی پەیوەندیی واتساپ لە ئێران راگیرا و دواتر دەسەڵات بڕیاری فیلتەرکردن و راگرتنی ئینیستاگرامی دا بەڵام دانیشتونی وڵاتەکە بە بەکارهێنانی ڤی پی ئێن و پڕۆگرامەکانی ناسراو بە ئانتی فیلتەر تا ئیستا سود لەو دوو تۆڕە وەردەگرن بۆ پەیوەندیی و بڵاوکردنەوە هەواڵی تایبەت بە ناڕەزایەتییەکان.
هەنگاوەکانی ئەوروپا سێ سەرۆکایەتییەکی ئێران کۆ دەکاتەوە
هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ کۆبونەوە و سەرەڕای ئیدانەکردنی هەنگاوەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەتیرۆرست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران، رایانگەیاند؛ ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان و جەنگی هاوبەشە لە دژی کۆماری ئیسلامی.
سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەزگای داد لە ئێران دوای کۆبونەوەکە داوایان لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ئەوروپا کرد دژی بریاری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ بەتیرۆریست ناساندی سوپای پاسداران هەڵوێست وەرگرن و ئیدانەی ئەو هەنگاوە بکەن.
چالاکوانانی کورد و ئێران لە ئەوروپا خۆپیشاندان و گردبونەوەیان دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوا و خۆپیشاندەران لە وڵاتی سوید داوایان کرد مزگەوتی ئیمام عەلی لە شاری ستۆکهۆڵم لەو ولاتە کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە هاوشێوەی ناوندێکی سیخوڕی بەکار دەهێنرێت دابخرێت.
لە شارەکانی میلبۆرن، سیدنی، ئادێلاید، هامبۆرگ، کۆڵن، بەرلین، کۆپنهاگ، ئۆکەندا، بارسێلۆنا و چەند شارێکی دیکەی جیهان خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوچو.
سزادانی سوپای پاسداران دەبێت بە پرسێکی سەرەکیی وڵاتان
سارا هۆنسۆن یانگ، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئۆسترالیا رایگەیاند؛ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆر-ی وڵاتەکە.
نۆربێت رۆتگەن، ئەندامی دەستەی پەیوەدنییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی وڵاتەکەی تایبەت بە دۆخی ئێران : رەخنەی لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گرت کە تا ئیستا سوپای پاسداران لە ئەڵمانیا و ئەوروپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.
هۆشداریی دوبارەی ئەمریکا
جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند؛ کات بۆ سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی بە خێرایی تێدەپەڕێت و بە هێچ شێویەک رێگە نادرێت ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی.
