کەجەکە: پارتی هەوڵی پەردەپۆشکردنی راستیەکانی کۆمەڵکوژیەکەی مێردین دەدات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەجەکە رایگەیاند، چەندین نیشانەی زەق، کۆنکرێتی و بەهێز هەن، پێنج هاوڵاتیەکەی دهۆک لە مێردین لەلایەن ئاکەپە - مەهەپە و و کۆنتراکانەوە کوژراون.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، راگەیەندراوێکی لەبارەی کوشتنی پێنج هاوڵاتیەکەی دهۆک لەسەر رێگەی ناوچەی نسیبینی پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان بڵاوکردەوە.
کەجەکە دەڵێت، دەبێت ئەم کوشتارە وەک کۆمەڵکوژییەک سەیر بکرێت. تا ئێستا دەیان کوردی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری لە مێردین لەلایەن کۆنتراکانەوە کوژراون. گەلی کوردستان باش ئاگادارە، ئەو کۆمەڵکوژیانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەوە ئەنجام دراون. هەر وەک ئەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) روونی کردەوە، چەندین نیشانەی زەق، کۆنکرێتی و بەهێز هەن، کە دەریدەخات ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن ئاکەپە - مەهەپە و کۆنتراکانەوە ئەنجام دراوە. ئەو پێنج کەسە، کەسانێک بوون، کە بە وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی خۆیان دەناسران.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێنج کەسەکە لە عەشیرەتی رێکانین کە بە عەشیرەتێکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر ناسراوە و شەهیدی زۆریان هەیە. دەوڵەتی تورکیا خێرا بڕیاری نهێنیی بۆ دۆسیەکە دەرکرد و بەو شێوەیە رێگری لە ئاشکراکردنی راستییەکان کرد.
کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەش جێگای سەرنجە، پارتی دیموکراتی کوردستان و میدیاکانی پێداگیریان لەسەر ئەو رووداوە نەکرد و کۆمەڵکوژییەکەیان وەک هێرشێکی ئاسایی باسکرد و بەوەش هەوڵیاندا راستیەکان پەردەپۆش بکەن. هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان و میدیاکانی، خزمەت بە پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی راستییەکان دەکات. نابێت پارتی (پەدەکە) بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ئەو جۆرە رێبازانە بگرێتەبەر و وتی، " ئێمە داوا لە رای گشتیی دیموکراتی دەکەین، کە لەم بوارەدا وریا بن و بە دواداچوون بۆ ئاشکراکردنی استیی رووداوەکە بکەن".
