نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی: "لە سلێمانی گازی شل بەپێی پێویست نییە و ناتوانین پێداویستیی هاونیشتمانییان پڕبکەینەوە."
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی:"لە سلێمانی گازی شل بەپێی پێویست نییە و ناتوانین پێداویستیی هاونیشتمانییان پڕبکەینەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 23-01-2023 کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی له كۆنگرهیهكى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێستا پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە، ئیدارەی راپەرین و پێنجوێنیشەوە رۆژانە 234 تۆن گازمان بەدەستدەگات، لە کاتێکدا پارێزگاکە پێویستی بە 400 تۆنە."
وتیشی، "گاز هەیە و لەبەردەستە، بەڵام بەپێی پێویست نییە و ناتوانین پێداویستیی هاونیشتمانیان پڕبکەینەوە. ئەگەر ئەو بڕەی ئێستا هەیە هەر ئەوە بۆ سلێمانی دابینبکرێت ئەوە بە ناچاری کارگەکانمان هەفتەی دوو رۆژ کار ناکەن و رەنگە بگاتە سێ رۆژیش."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو گازەی ئێستا بەدەستی کارگەکانمان دەگات، کەمیکردووە، ناشزانین لەلایەن دانا گازەوەیە یان کۆمپانیاوە."
نوێنەری کارگەکانی گازی سلێمانی ڕاشیگەیاند، " هەندێک جار هاوڵاتی دێت بۆ کارگەکانمان بۆ پڕکردنەوەی دوو بتڵی گاز بەڵام ناتوانین بۆیان پڕبکەینەوە، چونکە بریکارەکانمان لە ئێستاوە بۆ 25 شەوی دیکە سەرەیان بۆ هاونیشتمانییان داناوە تاوەکو بوتڵی گازیان بۆ پڕبکەنەوە."
هاوکات،رێبوار عەبدوڵڵا، لیپرسراوی گازی شل لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی سەبارەت بە کەمبونەوەی گاز و هۆکارەکەی بە تۆڕی میدیای رووداوی ڕاگەیاندووە، "قەیرانی گاز لە سلێمانی نییە، بەڵام گرفتی کەمیی گاز هەیە. یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە، ئێستا 12 تانکەر گازمان بەدەستدەگات کە پێشتر نزیکەی 250 تۆن دەبوو، بەڵام بۆ 230 تۆن کەمبووەتەوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ دانا گاز قسەمان کردووە. ئەوان کۆمپانیا بە بەرپرس دەزانن و کۆمپانیا دانەگاز بە بەرپرس دەزانێت."
