ناڕەزایەتیی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی ئێران 129 رۆژە بەردەوامە

بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەسەڵاتی ئێران لە رۆژێکدا زیاترین سزای بەسەردا سەپێنرا

3 ساڵ لەمەوپێش



ئەمڕۆ رۆژێکی قورس بو بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران چونکە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزیەتییەکانەوە لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا سزای بەسەردا سەپێنرا و هاوکات مامۆستایانی ئایینی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ بەیاننامەیەکی دیکەیان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە بڵاو کردەوە و دەستگیرکردنی گەنجان و چالاکوانانی کورد بەردەوام بو.

ئەمڕۆ هاوشێوەی رۆژانی رابردو ژمارەیەک گەنجی دیکە لە شارەکانی سنە و بۆکان و پاوە و چەند شارێکی دیکە ژمارەیەک گەنج و خوێندکاری زانکۆ کە یەکێکیان کچ بو دەستگیرکران.

بە بڕیارێک لقی سێی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینیی ئێران لە تەبرێز مۆڵەتی مامۆستایەتیی لە یونس نەوخاهـ قەدەغە کرا لە کاتێکدا ئەو مامۆستای ناوەندی ئایینیی سەڵاحەدینی ئەیوبی بو لە شاری پیرانشار.

بە پێی بڕیارەکەی دادگا ئەو مامۆستا ئایینییەی کورد بۆی نییە چیتر وەک مامۆستایەکی ئاینیی لە ئێران بەردەوام بێت لە ئەرک و کارەکانی.

 

مامۆستایانی ئایینی کورد دژی سێدارە دەوستنەوە

مامۆستایانی ئاینیی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ و دەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا دژی سزای سێدارە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە یان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند؛ سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی کردە ئامانج بەڵام بڕیارەکانی دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراندا نەبوە.

ئەو مامۆستایانە رونیان کردوەتەوە؛ تۆمەتی دژایەتیی خودا(محاربە) بۆ خەڵکی ناڕازیی بە پشتبەستن بە ئایەتی قورئان پێچەوانەی تێگەیشتن و ئامانجەکانی ئیسلامە.

لە بەیاننامەکەدا ئەو مامۆستا ئایینیانە داوایان کردوە؛ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئازاد بکرێن و داوای لێبوردنیان لێبکرێت و قەرەبو بکرێنەوە و هاوکات سەرجەم ئەو بازگانەی کە بونەتە مایەی بێزاریی خەڵک لاببرێن و دەستبەرداری هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک و دەستگیرکردنیان بن.

 

ئەوروپا چوارەم قۆناغی سزاکانی دژی ئێران راگەیاند

یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و وتەبێژی وەزارەرەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: دەستەوەستان نابین.

ئەمڕۆ دوشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆبونەوە و قۆناغێکی دیکە لە سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەسند کرد.

جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا؛ لە کاتی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەدا رایگەیاند؛ تا دادگایەکی وڵاتانی ئەوروپا سوپای پاسداران وەک تیرۆریست ناو نەبات، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندبو؛ سزا نوێیەکانی ئەوروپا 37 بەرپرس و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتەوە بەلام یەکێتی ئەوروپا وردەکارییەکانی ئەو سزایانەی ئاشکرا نەکرد.

 

بەریتانیا پێنجەم قۆناغی سزاکانی دژی دەسەڵاتی ئێران راگەیاند

بەریتانیا هاوکات لەگەڵ قۆناغی چوارەمی سزاکانی ئەوروپا، پێنج بەرپرس و دو ناوەندی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات.

ئاژانسی هەواڵی(رویتەرز)بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی نارەزایەتیەکان و لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری هاوڵاتیی بەریتانی - ئێرانی ، قۆناغێکی نوێی سزاکانی لەدژی کۆماری ئیسلامی راگەیاند.

بە پێی سزا نوێیەکانی بەریتانیا داهات و داراییەکانی جێگری داواکاری گشتی، فەرماندەی گشتی سوپا، فەرماندەی هێزی بەسیج-ی سەر بە سوپای پاسداران و جێگرەکەی و هەروەها جێگری فەرماندەی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

 

سزاکانی ئەمریکا دژی دەسەڵاتی ئێران

ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی دژی 10 بەرپرسی سەربازیی و ناوەندێکی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە ناسر راشدی، جێگری وەزیری هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) و حسێن تەناوەر، فەرماندەی سوپای پاسداران لە شاری قوم و محەمەدنەزەر عەزیمی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان و کوروش ئاسیابانی، جێگری فەرماندەی ناوەندی رۆژئاوای سوپای پاسدران و موجتەبا فێدا، فەرماندەی ناوەندێکی شاری ئەسفەهان و ناوەندی "هاوکاریی سوپای پاسدران" و پێنج بەڕێوبەری ئەو ناوەندەی سزا داوە.

گەنجینەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە ؛ ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە ناویان هێنراوە کاری رێکخستن و هەماهەنگییان لە نێوان پارێزگاکاندا کردوە بۆ سەرکوتی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار