بەنداوی مەهاباد پێویستی بە 13 ملیۆن مەترسێجا ئاو هەیە

سەرەڕای بارانبارینی زۆر بەنداوی مەهاباد پڕ نەبوە

بەنداوی مەهاباد

2 ساڵ لەمەوپێش



سەرەڕای زۆربونی رێژەی بارانبارین بەنداوی مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پڕ نەبوە و بەرپرسێک دەڵێت: ئاو و کارەبا لەو بەنداوە کەمی کردوە.

بەهمن میلادی، جێگری بەڕێوبەری ئاوی مەهاباد رایگەیاند؛ بەنداوی شارەکە 88%ی پڕ بوە و پێویستی بە 13 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ئەو بەنداوە بە تەواوەتیی پڕ ببێت.

بە وتەی میلادی: سەرەڕای زیادبونی باران لە ئەمساڵدا بەڵام تەنها 1.27 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا دەڕژێتە بەنداوی مەهاباد لە کاتێکدا ساڵی رابردو لە هەر چرکەیەکدا 18 مەتر سێجا ئاو لەو بەنداوە بەردراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ بەرهەمهێنانی ئەمساڵی کارەبا لە بەنداوەکە هەزار و 909 مێگاوات بوە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی کارەبای بەرهەمهاتوی ساڵی رابردو.

بەنداوی مەهاباد بە یەکێک لە 10 بەنداوە گەورەکان لە ئێران ئەژمار دەکرێت کە توانای گلدانەوەی 197 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و سەرەڕای دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی شاری مەهاباد، 48 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی سود لە ئاوی بەنداوەکە وەردەگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار