رۆژێک دوای هەڵبژاردنی تورکیا دەستگیرکردنی کوردەکان دەستی پێکرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ دوای خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە جارێکی دیکە ئەردۆغان سەرکەوت، دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لە باکوری کوردستان دەستی پێکرد.
ئاژانسی مەزۆپۆتامیای باکوری کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پۆلیسی تورکیا لە شاری جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، هەڵیان کوتاوەتە سەر ژمارەیەک ماڵ و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان شکاندووە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، هێزە ئەمنیەکان بە چەک، لەقە و مستەکۆڵە هاوڵاتیانیان ئەشکەنجە کردووە و دواتر شەش گەنجیان دەستگیرکردووە. دەستگیرکراوەکان بۆ بەرێوەبەری پۆلیسی ناوچەی گەڤەڕی جۆلەمێرگ گواسترانەوە.
لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا، بە سەدان هاوڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە دەستگیرکران کە تاوەکو ئێستاش ژمارەیکیان لە زیندانەکاندان.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا کە دوێنێ ٢٨ی ئایار بەڕێوەچوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ ٧٢.١١٪ی دەنگەکانی لە پارێزگای باکوری کوردستان بەدەست هێنابوو و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کە ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو، ئاکەپە لە سێ کورسی پارێزگاکە هیچ کورسیەکی بەدەست نەهێنا و هاوڵاتیان دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز کە جێگرەوەی هەدەپەیە داوە.

