تورکیا راگرتنی گەشتەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تورکیا راگرتنی گەشتەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، تا 3ی مانگی 1ی 2024 بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندوە، حکومەتی تورکیا ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ڕۆژی 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 درێژکردووەتەوە.
لە 6ی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا سەرجەم ئەو گەشتانەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەسەر ئاسمانی تورکیادا دەڕۆشتن راگرت و بڕیارەکە تاوەکو ئەمڕۆ 3ی (تەموز/7)ی ئەمساڵ کارا بوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری راگرتنەکە درێژکرایەوە.
لەماوەی رابردودا وەک رێگەی جێگرەوە هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ گەشتکردن هێڵەکانی وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و ئەردەنی بەکاردەهێنا، کە رۆژانە فڕۆکەی ئەو هێڵانە گەشتیاران لە سلێمانیەوە دەگوازنەوە.
لەماوەی رابردودا پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تورکیا، رایگەیاند، "هەوڵەکان لە ئاستی حکومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و لەسەر ئاستی سیاسیش هەوڵەکان بەردەوامن، کێشەکان سیاسیین و سلێمانی ئارامە و فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ کێشەیەکی نیە و ئەو تێبینی و کێشانەی هەن سیاسیی ئەمنین".
