رێباز حەملان: سبەی پارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێم

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند ناردنی 700 ملیار دینارەکە کێشەی بۆ دروست نەبووە و ئەمڕۆ یان سبەی پارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێباز حەملان رایگەیاند شەڕەکەی دوێنێی نێوان هیزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هیچ پەیوەندی بە مووچەوە نییە و "پارەی خەڵکی کوردستان دەگات، ئەبوو ئەو پارەیە ئەمڕۆ بگەشتایە بەڵام نەهاتووە و سبەی دەگاتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان."
ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەرووی یەک بوونەوە لە چیای قەرەچووخ لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تێیدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و هەشت پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دوو کوژراویش لە سوپای عێراق بوونی هەیە. شەڕەکە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی گەریلا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند خاڵێکی چاودێرییان چۆڵ کردوو و رادەستی حکومەتی عێراقییان کرد.
دوای روداوەکە لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوون و هۆكاری ئەو رووداوەی لە مەخمور روویدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
رێباز حەملان لەسەر رووداوەکە دەلێت کێشەکە کۆتایی هاتووە و لە دوێنێوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیدان لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی چیای قەرەچووخ بە هاوڵاتی راگەیاند کە هێزەکانی ٨٠ی پێشمەرگە سنوری قەرەچووخ بە سنوری خۆیان دەزانن و دوێنی "هێرشیکی لەناکاویان کرد" و ئێستاش لیوایەکی حەشید شەعبی نزیک مەخمور جێگیرکراون.
فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنوری چیای قەرەچووخ لە مەخمور ئەوەشی وت، لیژنەکەی حکومەتی عێراق لەدوای لێکۆڵینەوە بڕیار دەدات ئەو خاڵە چاودێرییانە بدرێت بە کام لایەن.
