سودانی بۆ ئەمریکا :لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر هێزەکانتان لە عێراق بێدەنگ نابین

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لوید ئۆستن وەزری بەرگری ئەمریکا پەیوەندییان بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
لە راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆلە بارەی پێشهاتی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس وهێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کراوە.
لە دوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) گروپە چەکدارییەکانی عێراق چەندین هێرشی ئاسمانیان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا کردوە تەنها لە عێراق و هەرێم حەوت جار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا.
سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندوە ھێرشكردنە سەر ئەو بنكە سەربازییانەی عێراق كە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جیگیركراون ڕەت دەكەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا، بێ دەنگ نابن.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا هەوڵەکانی عێراقیان لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە هاوڵاتییانی غەززە بە گرنگ هەژمارکرد، هەروەها جەخت لەسەر هەوڵی هاوبەش بۆ گرەنتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و رێگریکردن لە فراونبونی گۆڕەپانی جەنگەکە کرا.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندبونی وڵاتەکەی بە بەردەوامی و پتەویی هاوبەشییان لەگەڵ عێراق بۆ محەمەد شیاع سودانی دوپاتکردوەتەوە، ئەویش بە پشتبەستن بە بنەماکانی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا.
هەر ئەمڕۆش وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول لەبارەی ئەو ھێرشانە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كرانە سەر بنكەی عەین ئەسەد و بنكەی ھەریر لە ھەولێر رایگەیاند، فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەكان كردووە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكان و بارەگاكانی نێردە دیپلۆماتییەكان جێبەجێ بكەن و ئەنجامدەرانی ھێرشەكانی سەر بنكە سەربازییەكان دەستگیر بكەن و ڕێگایش بە ھیچ لایەنێك نەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بگەیەنن.
