ئاگر لە کارگەیەکى قیر لە سلێمانى کەوتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی قیر لە عەربەت کەوتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەس برینداربوون. لە ئێستاشدا ئاگرەکە بۆ تەواوی بەشەکانی کارگەکە تەشەنەی سەندووە.
سامان نادر، بەڕێوەبەرى سەنتەرى فریاکەوتنى خێراى سلێمانى 122 رایگەیاند؛ ئاگر لە کارگەیەکى دروستکردنى قیر لەسەر رێگاى عەربەت-سلێمانى کەوتوەتەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک گیانى لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە بریندار بوون کە ڕێژەی سوتاوییەکەیان زۆرە و باری تەندروستیان ناجێگیرە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە، سەرچاوەیەک لە ناو کارگەکەوە بە هاوڵاتی وت ، هۆکاری ئاگرەکە گڕگرتنی خەزانەکانی نێو کارگەکە بووە، وتیشی " یەکێک لەوانەی گیانی لەدەست داوە سایەق تەنکەر بووە" .
هاوکات وتیشی، ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی شاری هەولێرە و شۆفێری تەنکەرەکان بووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ویستوویەتی سووتەمەنی ناو تەنکەرەکەیان بەتاڵ بکەن بەڵام لەکاتی بەتاڵکردنەکەدا ئاگرەکە کەوتووەتەوە.
بەپێی وتەی سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ، دوو بریندارەکەی دیکە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شارن و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی. وتیشی، برینی بریندارەکان سەختە و دووکەڵێکی زۆریشیان هەڵمژیوە.
ئەو دوو کەسەی کە برینداربوون خەڵکی سلێمانین و کارمەندی کۆمپانیاکە بوون.
