مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایانی ناڕازیی: دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگتان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایدەگەنێت؛ دەنگى خۆم دەخەمە پاڵ دەنگى مامۆستایان بۆ وەرگرتنى ماف و شایستە داراییەکانیان، دەشڵێت: موچە قەرەبو دەکرێتەوە، بەڵام خوێندن و پەروەردە قەرەبو ناکرێتەوە.

مه‌سرور بارزانی له‌میانه‌ی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ و باخچه‌یه‌كی منداڵان له‌ شاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، قوتابخانه‌ ته‌نها فێركردنی خوێندن نییه‌، به‌ڵكو په‌روه‌رده‌كردنیش كه‌ قوتابی دێته‌ قوتابخانه‌ ده‌بێت فێری ئه‌وه‌ بێت كه‌ دواتر چۆن له‌ ژیاندا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گرفته‌كانی رۆژگار بكات وتیشی ، دەزانم دۆخى ژیانى مامۆستایان بەهۆى موچەوە سەخت بووە، بەڵام سوپاسیان دەکەم کە بە لەخۆبردویى وانەدەڵێنەوە و بەردەوامن لە پەروەردە.

مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو مامۆستایانەی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و پەروەردەی کۆیە بایکۆتیان راگەیاندووە، وتی، "ئەو مامۆستایانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، پاڵپشتیی خۆمیان بۆ دەردەبڕم؛ دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان. پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت".

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد ، هەندێ لایەن یارى بە هەستى مامۆستا دەکەن و هانیان دەدەن نەیەنەوە،  وتیشى،" موچە قەرەبو دەکرێتەوە، بەڵام پڕۆسەى خوێندن و وانەى قوتابیان و پەروەردە قەرەبو ناکرێتەوە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری نەدانی موچەی مامۆستایان وتی، " با رووی رەخنەکانمان لەو لایەنە بێت کە هۆکارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەکانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە، بەڵکو زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات. بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بەیەکەوە داوای مافی مامۆستایان، فەرمانبەران و هەموو خەڵکی کوردستان بکەین".

13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.

داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار