مەسرور بارزانی: ئێمە هۆکار نین بۆ نەدانی مووچە و دەبێت مامۆستایان رەخنە لە بەغدا بگرن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دابنیکردنی مووچە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم نییە و دەبێت مامۆستایان رەخنەکانیان ئاراستەی بەغدا بکەن، دەشڵێت، "رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت." 

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی لەکاتی مەراسیمی کردنەوەی باخچەیەکی ساوایان لە هەولێر باسی لە بایکۆتی مامۆستایان کرد و وتی، "من لێرە دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت رووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات." 

لە سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندنەوە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی وهەڵەبجە و سنوری گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا دابین بکرێت کە تا ئیستا مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە. 

لە پێنجشەممەی رابردوو ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند پێویستە بایکۆت بشکێندرێت و دەبێت خوێندن دەستپێبکاتەوە کە ئەم قسانەی وەزیری پەروەردە نارەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە و مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و چەند ناوچەیەکی تر خۆپیشاندانی بەرفراوانیان لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجامدا.

مەسرور بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەک بفەوتێت، هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە، پێش ماوەیەکیش گوتم ئەوەی قەرەبوو ناکرێتەوە، ئەم تەجروبەیەیە، ئەم تاقیکردنەوەیەیە، خوێندنی منداڵانە کە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەکان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و لەگەڵ قوتابییە خۆشەویستەکان بەردەوام بن لە وانە گوتنەوە و پەروەردەکردنی قوتابییان لەسەر بنەمایەکی تەندروست."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار