زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا خوێندن لە رۆژی شەممەوە دەستپێبکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا بایکۆت بشکیندرێت و خوێندنی ساڵی نوێ لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دەستپێبکاتەوە.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت لە کۆبونەوەی هەفتانەیدا بڕیاری ئەوە دراوە، "رۆژی شەممە (28ی 10ی 2023) وەک دەستپێکی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن" دیاریبکرێت ئەمەش "لە پێناو خەمخۆریمان بۆ ئایندەی خوێندکاران و هەڵنەسپاردنی ساڵی خوێندنی 2023 -2024 بەپێی پێوەرە زانستییەکانی بۆڵۆنیا پڕۆسێس، کە ئەم پرسە پەیوەندیدارە بە چارەنوسی زیاتر لە 23 هەزار خوێندکار و خێزانەکانیان."
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەنجومەن جەخت لە سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکاران دەکاتەوە، لە لایەکی دیكهوه جەخت لە بەرپرسیارییەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆكه دەکاتەوە.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی داوا لە خوێندکاران دەکات "بەپێی خشتەی وانەی کۆلێژەکان و خشتەی دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان سەردانی زانکۆ بکەنەوە."
بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە، خوێنی ساڵی نوێ لە سنوری پارێزگای سلیمانی و هەڵەبجە و سنوری گەرمیان پەکیکەوتووە دوای ئەوەی کە مامۆستایان چەندین جار رەتیانکردووەتەوە کە ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن هەتا مووچەکانیان لەکاتی خۆیاندا پێندرێت. تا ئێستا مووچەی مانگی هەشتی ئەمساڵ دابەشنەکراوە.
