دادگای تاوانەکانی سلێمانی دوو کەیسی گرنگی کووشتنی یەکلا کردەوە

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمرۆ یەکشەممە ١٨/٢/٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای لە سێدارەدانی لە دوو کەیسی جیاوازدا  بە سەر دوو تاوانباری بکوژدا سەپاند ، کە یەکێکیان پەیوەندی بە شەهید کردنی نەقیب موحەمەد لەتیف لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ژنان و ئەوی دیکەش سەبارەت بە کووشتنی شنیار هونەرە کە لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە گەرەکی کوردساتی شاری سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا سووتێنرا و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوابەدوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا و  بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بریارەکە لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بەرزکرایەوە بۆ سزای لە سیدارەدان.

دوابەدوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدانەکەی بکوژی شنیار هونەر، ئاودێر عومه‌ر، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، لە بەردەم دادگای سلێمانیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ تاوانبارێک ژنەکەی بە ناوی (شنیار هونەر) سوتاند، پاش ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوە ڕێکارەکانی جێبەجێکرد، هەردوو تۆمەتبار هاوسەرەکەی و ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پیاوەکە و هاندانی بۆ کوشتنی شنیار دەستگیر کران.

دواتر دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە ٤/٦/٢٠٢٣ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر (هونەر ڕەشید) هاوسەری (شنیار هونەر) سەپاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ئازادکردنی ژنە بە ڕەگەز عەرەبەکەی دا.

هەروەها ناوبراو وتیشی، هەردوو لایەن بە بڕیارەکە ڕازینەبوون و تانەیان لێدا، دۆسییەکە ڕۆشت بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، ئەویش ئازادکردنی ژنەکەی پەسەندکرد، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانی هەتاهەتایی هاوسەرەکەی شنیار و ڕایگەیاند، کە ئەم تاوانە شایانی سەپاندنی سزایەکی زیاترە و زیندانی هەتاهەتایی تۆمەتباری کرد بە سێدارەدان.

شەوی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی شنیار هونەری تەمەن ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێداكرا و ئاگری تێبەردرا، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، دوای رووداوەکە هاوسەری شنیار و ژنێکی عەرەب دەستگیرکران، بەڵام دوای دادگاییکردن هەردوو تۆمەتبار بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک ژنە عەرەبەکە ئازادکرا.

هەروەها هەر ئەمرۆ دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژی بە ژنان لە سلێمانی دەرکرد.

هەروەها دادگای سلێمانی هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا زیندانی هەتاهەتایشی بۆ ئەو دوو کەسەی لەگەڵ بکوژەکەدا بوون و یارمەتی بکوژەکەیان دابوو دەرکرد.

شەوی شەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی داواکراوێک رووبەڕووی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هەر ئەوکاتیش بکوژانى هەڵاتن، دواتر لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتباران دەستگیربکرێن.

لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی نەقیب محەمەد لەتیف بەڕێوەچوو، دوای چەند جارێک دانیشتنی دادگا و دواخستنی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکەوە دا و سزای لە سێدارەدانی بە سەر بکوژی نەقیب محەمەد دا سەپاند.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار