هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و کاردانەوەکانی

2 هەفتە لەمەوپێش



 هاوڵاتی

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی  شەوی شەممە لە سەر یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە نزیک ٦ کاتژمێری خایاند و لەو هێرشانەدا ئێران نزیک ٣٠٠ مووشەک و درۆنی گرتە خاکی ئیسرائیل، کچێکی تەمەن ٧ ساڵان بە سووکی بریندار بووەو ٩٩٪ ی مووشەک و درۆنەکان لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە.

بەڵام ئەو هێرشە نیگەرانی زۆری لە کۆمەڵگای جیهانی دروستکردووەو لە دوێنێ شەوەوە بۆتە مانشێتی یەکەمی سەرجەم  میدیاکان.

سوپای پاسداران رایگەیاندووە زۆربەی زۆری ئامانجەکانی خۆی لەم هێرشەدا پێکاوەو ئەم هێرشە وەڵامدانەوە بووە بە کوژرانی ٧ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا  و لوبنان لە سوپای قودس. لە بەرامبەردا ئیسرائیل باس لەوە ئەکات لەم هێرشانەدا زیانێکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتووە.

دوای ئەوەی رۆژی ١ی نیسان، ٧ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە بینای کۆنسوڵیەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران، ئەگەری ئەوەی ئێران راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل زۆر بوو. هەرچەند وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوانە ئەمریکا داوایان لە کۆماری ئیسلامیکرد دان بە خۆیدا بنێت و هێرش نەکات و نەبێ بە هۆی توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە، بەڵام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان بە درۆن و مووشەک لە ئێران و عێراق و لوبنان و یەمەنەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا ٩٩٪ درۆن و مووشەکەکانیان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل خستە خوارەوە و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باس لەوە ئەکات تەنها زیانێکی زۆر زۆر کەم گەیشتۆتە بنکەیەکی هێزە ئاسمانییەکان لە باشووری ئیسرائیل.

دەستبەجێ و دوای ئەم هێرشە، لە سەر داوای ئیسرائیل، کۆبوونەوەی کوتووپڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بە کاتی نیۆیۆرک بەڕێوە ئەچێت.

ئەنتۆنیۆ کۆرتێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و توندتربوونەوەی ناکۆکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەم هێرشەوەی شەرمەزار کرد. وتیشی :" زۆر نیگەرانم لەوەی ناکۆکی و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بێتەوە، داوا لە لایەنەکان ئەکەم خۆیان بەدوور بگرن لەوەی جەنگ لەناوچەکە پەرە بستێنێت".

جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکاش رایگەیاند بۆ رێککەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەی چۆن بە شێوەی دیپلۆماسی هەڵوێست بگرن بەرامبەر بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وڵاتانی G7 کۆ ئەبێتەوە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەک سەرۆکی ئێستای G7 دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ئەم کۆبوونەوەیە رێک ئەخات.

 

بایدن جەختی کردەوە:" لەسەر فەرمانی من و بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل، لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و پاپۆڕی بەرگری مووشەکی بالیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە. بە هۆی جێگیربوونی ئەم هێزانە و لێهاتووی سەربازەکانمانەوە، یارمەتی ئیسرائیلمان دا بەوەی زۆرینەی رەهای درۆن و مووشەکەکان بخەنە خوارەوەو لەناویان بەرن".

لەم کاتەدا کە نائارامییەکان قووڵتر بوونەتەوە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند پاپۆڕێکی هێزی دەریایی رووسیا کە مووشەکی سۆپەرسۆنیکی " کێنژاڵ"ی لەسەرە لە رێگای گەرووی سوئیزەوە گەیشتۆتە دەریای ناوەڕاست.

رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی  کەشتی " مارسال شاپۆسنیکۆڤ" راسپێردراوە بەوەی بگاتە ئەو ناوچەیە و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. بەڵام باسی لە وردەکاری ئەرکەکانی نەکردووە.

هەر لەم پەیوەندەدا وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە دوو لایەن کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە " دوایین سەرڕێژی جەنگی غەزە" وەسف کردووەو داوای کردووە پەسەندکراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاگربەست لە غەزە جێبەجێ بکرێت و هەروەها وتوویانە، ئەبێ لە ئێرەدا جەنگ کۆتایی پێ بێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها وتوویەتی :" چین داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەکەین کە هەموو هێزی خۆیان بخەنە گەڕ بەوەی ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

 

ئەمریکا و کەنەدا چی ئەڵێن؟

 

سەرەڕای جیاوازی بۆچوون و بیرکردنەوە لە نێوان جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەربارەی جەنگی غەزە و شێوەی بەڕێوەبردنی جەنگ، بایدن دوای هیرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جارێکیتر جەختی کردەوە بەوەی ئەمریکا پەیوەستە بەوەی هاوکاری ئیسرائیل بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و رایگەیاند ئەمریکا بەرپرسایەتییەکی ئاسنینی هەیە بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

لەهەمانکاتدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی CBS ی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە ١٤ نیسان رایگەیاند، جۆبایدن نیگەرانە لەوە نتانیاهۆ سەرەڕۆیانە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بداتەوەو ئەمریکا بباتە ناو جەنگێکی بەربڵاوەوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی دەوڵەتی بایدن لە وتووێژە تایبەتییەکانی خۆیان دەربارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران و کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سوپا، هەستیان بە نیگەرانی کردوەو دەستەوەستانن.

 

بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی بایدن بە NBC وتووە :" لام وانییە ئیسرائیل ستراتیژییەکی هەبێت، ئیسرائیلییەکان هەموو کات باشترین بڕیاری ستراتێژی نادەن".

لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە،واشنگتۆن نیگەرانە لە چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی جەنگ لە لایەن ئیسرائیلەوە دژی حەماس.

بە پێی ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC ، کۆشکی سپی لەسەر ئەو باوەڕەیە ، ئیسرائیل نایهەوێت بچێتە جەنگی راستەوخۆوە لەگەڵ ئێران، بەڵام دڵنیا نین لەم بۆچوونەیان.

ئەم راپۆرتەی کەناڵی NBC لە کاتێکدا بڵاو بۆتەوە کە جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ٢٥ خولەک لەگەڵ نتانیاهۆ بە تەلەفۆن قسەی کردووە.

لۆئید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پەیوەندی بە "گالانت" وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە کردووەو داوای لە ئیسرائیل کردووە، بەرلەوەی وەڵامی هێرشی ئێران بدەنەوە، ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە.

واشنگتۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشق نەبووە کە بەو هۆیەوە ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران کوژران.

دوا بە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، داوای لە ئەمریکا کردووە هێرشی سەرباز بکەنە سەر ئێران بەتایبەت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.

جۆن بۆڵتۆن لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN رایگەیاند، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەوەی خستەڕوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل توانای ئەوەیان نەبووە بەر بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران بگرن.

جۆن بۆڵتۆن هەروەها لە وتووێژێکیتر لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NEWS MAX دەوڵەتی بایدنی بە تاوانبار زانی بەوەی ئێران توانیویەتی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لە راستییدا هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە بەشێک لە رێکارەکانی ئێران بەوە بۆ ئەوەی " بازنەیەکی ئاگر" بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکات.

نانسی پلۆسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و بەرپرسی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لە پەیامێکدا لەگەڵ ئەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد ، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی بەرپرسایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیسرائیل و پاراستینیان شتێکی نەگۆڕە و سوورن لەسەر ئەوەی پشتیوانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بن.

جۆستین ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش  هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و وتی :" ئێمە پشتیوانی ئیسرائیلین و لەگەڵ ئەو وڵاتەیەن".

 

ئەورووپییەکان هەڵوێستیان چۆنە؟

 

سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ ئەوەی هێرشی راستەوخۆ و بێ وێنەی سەربازی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزار کرد، رایگەیاند ئەم رووداوە ئەبێت بە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێمانۆئێل ماکرۆن لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕێ وتی :" فەرەنسا خۆی بە بەرپرس ئەزانێت بەوەی هەوڵ بدات بۆ پاراستی ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانی خۆی لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا داوای لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە بۆ کەمکردنەوەی نائارامییەکان لە ناوچەکە دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵام نەدەنەوە".

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو هاوکاری ئیسرائیلی کردووە بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران.

لە لایەکیترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ، ئانالێنا بائێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ناوەندی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی دەوڵەت لە بەرلینی بە ئەستۆیە  بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

ریشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هێرشە بێ شەرمانەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد و لای وایە ئەم هێرشانە ئەبێ بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وتی :" ئێران جارێکیتر ئەوەی نیشاندا دەیهەوێت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەو شوێنانەی هێزە میلیشیاکانی چالاکن، بشێوی بنێتەوەو ببێت بە هۆی نائارامی ناوچەکە".

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ەورووپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی X  نووسیویەتی :" ئەم هێرشانە ئەبن بە هۆی پەرسەندنی زیاتری نائارامییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەیەکی جیدین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە".

بە پێی راپۆرتەکان سەرۆکەکانی ٧ وڵاتی پیشەیی دیمۆکراتیک G7 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆ ئەبنەوە بۆ گفتووگۆ کردن و تاوتوێکردنی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و لە ئێستادا ئیتالیا سەرۆکی کاتی G7  ە.

ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا نووسی :" من هێرشی ئاشکرا و بێ پاساوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە توندی شەرمەزار ئەکەم... لە ئێستادا هەموو لایەنەکان ئەبێ هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە".

پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی سپانیا داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و وتی :" مەدرید هەرچەشنە توندووتیژییەک کە ببێت بۆ هۆی تێکدانی ئاسایشی کەسانی مەدەنی بێتاوان شەرمەزار ئەکات".

سویدیش بە هەمانشێوە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزارکرد و وتی :" ئەمە ئەنجامی زۆر جیدی و خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەبێت بە هۆی تێکدانی زیاتر ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەین"

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی شەرمەزا کرد و لە راگەیاندنێکدا نووسیویانە :" ئەم هێرشانە ئەوە ئەخەنە روو کە پێویستە هەموو هێزەکانی دونیای ئازاد بەرگری لە سنوورەکانی دونیای دیمۆکراسی بکەن و هاوپەیمان بن بۆ بەرگریکردن".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار