مامۆستایان چوارشەممە خۆپیشاندان دەکەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایاگەیاند، وەک دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، رۆژى چوارشەممە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین.
دەشڵێن، خۆپیشاندانەکەمان بۆ مووچە و جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدادە، پەیوەندیی بە داواکاریی هیچ لایەنێکەوە نییە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان وەك پیشەی هەمیشەییان نایانەوێت رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بكەن و نەوت و داهات بەپێی رێككەوتنەكە نادەنە بەغدا، هەتا موچەی فەرمانبەران و قوت و بژێوییان لە بەغداوە بێتە ناردن و خەڵك لەو دۆخە ناهەموارە رزگاری بێت."
دەستەكە ئاماژەی بەوەشدا "دەسەڵات 11 ساڵە لە ستەمكاری بەردەوامە و بەداخەوە كە دادگایەك نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات."
جەختیشی كردەوە"چیتر وەك نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران ناتوانین ئەم دۆخە سەپێندراوە ناڕەوایە قبوڵ بكەین و رایدەگەیەنین كە رۆژی چوارشەممە 20/8/2025 خۆپیشاندان سازدەكەین لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا، كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی."
دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیەندراوەكەیدا داوای لە سەرجەم هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەكانی درەەوەی دەسەڵات كرد كە پشتیوانی هەوڵەكانیان بن، "نەك خۆیان بكەنە خاوەنی و لە ماڵەوە دابنیشن."
نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رەتییان كردەوە كە خۆپیشاندانەكەی ئەوان "بەهیچ شێوەیەك" پەیوەندیی بەو خۆپیشاندانەوە هەبێت كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای كردوە.
ئەوان وتیان "خۆپیشاندانەكەی ئێمە پەیوەندی بە هیچ لایەنێكی سیاسییەوە نییە. پێویستە لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بكەن نەك بەپێچەوانەوە."
