دادگاى فیدراڵى سکاڵایەکى لەسەر گرانى نرخى کارەباى ڕەتکردەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، دادبینى بۆ سکاڵاى "گرانى نرخى کارەبا لە هەرێمى کوردستان" ڕەتکردەوە، کە لەلایەن بەربژێرێکى دەرچووى کۆمەڵى دادگەرییەوە تۆمارکراوە.
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت بوو بە گرانى نرخى کارەبا (پرۆژەى ڕوناکى) لە هەرێمى کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن عومەر گوڵپى، بەربژێرى دەرچووى کۆمەڵى دادگەری بۆ پەرلەمان لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. عومەر گوڵپى وت، "بەشدارى لە دانیشتنەکەى دادگام کردو بەڵگەى پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى گرانکردنى کارەبام خستەڕوو".
ئەو وتیشى: دادگای فیدراڵى بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی سکاڵاکەی ڕەتکردینەوە، لەکاتێکدا چاوەڕوان بووم دادگا لە بەرژەوەندیى هاونیشتمانییان بڕیار بدات و حکومەت پابەند بکات بەوەى کارەبا بەنرخى حکومى نەک بە نرخى بازرگانى دابینبکات".
گوڵپى لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات، بڕیاری ژمارە (280)، کە لە رۆژى 14ـى ئایارى 2025 دەرچووە بە نادەستووری بناسێنێت و پابەندبێت بە دابینکردنی کارەبا بۆ هاونیشتمانییان بەگوێرەى ئەو نرخانەی لە رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2021دا ئاماژەی پێکراوە.
عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەدا، نرخی نوێی کارەبا قورسایی دەخاتە سەر هاونیشتمانییان، بەراورد بەو نرخەی بەپێی رێنماییەکی ساڵی 2021 کاری پێدەکرا. گوتیشی، "سکاڵاکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەو نرخانە پێچەوانەی بڕگەی یەکەمی مادەی 28ـی دەستووری عێراقە".
بەگوێرەی ئەو بڕگەیەی مادەی 28ـی دەستوور، پێویستە باج و رسوومات بەگوێرەی یاسا دابنرێ یان لاببرێت.
پێشتر لە 28ـی حوزەیرانی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی هاوشێوەی رەتکردبووەوە، کە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکێش کرابوو دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەی رووناکی. پاساوی دادگە بۆ رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایە ئەوەبوو، کە لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نییە.
رۆژى 14ـى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان نرخى یەکەى کارەباى لە پرۆژەى رووناکى پەسەند کرد، کە نرخى هەر کیلۆواتێک لە 72 دینارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 350 دینار دەبێت.

