شۆڕشی کەزی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی گەلانی کوردستاندا، چەندە هەڵسوکەوتی دڕندانەی دووژمنان لە بەرانبەری خەڵکی ڕاپەڕیوو و بەرخۆدێر هۆڤانە بوو بێت، بە تایبەت لە بەرانبەر ژنان و کچان، بەڵام ئەم هەڵسوکەوتەی دووژمنان خزمەتێکی گەورەشی بە خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان کردووە.
وەک بینرا لە شۆڕشی ( ژینا)دا شەهیدکردنی هۆڤانەی ژینا ئەمینی، بووە هەوێنی درێژەدان بە ئەو شۆڕشە لە ژێر درووشمی (ژن ژیان ئازادی)دا لە ئیستادا لە هەر کونجێکی جیهان دوو ژن کۆببنەوە وێنەی ژینا هەڵدەگرن و درووشمی (ژن ژیان ئازادی) دەڵێنەوە.
لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستانیشدا دژ بە هێزی تاریکپەرستی، جارێکی دیکە دیمەنەکە دووبارە بوونەوە، ئەویش بەوەی کاتێک شەڕڤانێکی کچ بە دەستی تیرۆرستان شەهید دەبێت کەزیە جوانەکەی دەبڕن و لە سۆشیالمیدیا بڵاوی دەکەنەوە، ئەو کارەی تیرۆرستان بەو مەبەستە ئەنجامدرا گوایە مۆڕاڵی کوردان بە گشتی و شەڕڤانانی پێدەشکێت.
بێ خەبەر لەوەی ئەو کەزیە وورەی زیاتری بە شەرڤاناندا و لە ئاستی جەماوەریش بووە سونبلی خۆپیشاندانان لە ئاستی چوار پارچەی کوردستان و کوردان لە دایاسپۆرا.
درووشمی (کەزیەکمان دەبڕن هەزار کەزی دیکە دەهۆنینەوە) نەک تەنیا لە خۆپیشاندانەکان گوترایەوە، بگرە چووە ناو زۆرێک لە ماڵەکانی خێزانی کوردستانی، تەنانەت بەشێک لە دۆستەکانی کوردیش لە ئەوروپا دیمەنی کەزی خۆیان بڵاوکردەوە، وەک وەڵامێک بۆ کردەوەی تیرۆرستان و بیری تاریکپەرستی.
لە شۆڕشی کەزیدا کورد جیاوازی خۆی نیشانی تەواوی جیهاندا کە میللەتێکی ژیان دۆستە و حەزی بە جوانی و شارستانیەتە و لە پێناو ئازادی ئامادەیە کەزی کچ و ژنانی بکاتە سێدارەی دووژمنان وناحەزانی.
چاوەڕوانیش دەکرێت ئیدی لێرە بەدواوە ساڵانە یادی شۆڕشی کەزی بکرێتەوە بە هۆنینەوەی کەزی جوانی کچانی کورد و دۆستانی لە میللەتانی دیکە، وەک چۆن پێشتر درووشمی(ژن ژیان ئازدی) بووە وێردی سەرزاری ژنانی ئازادیخواز لەهەر بۆنەیەکدا دەیڵێنەوە.
کەزیش لە ئێستاوە پەیکەری بۆ درووست دەکرێت، پێشنیاریش دەکەین هەر لە یادی شۆڕشی (کەزی)دا ساڵانە رۆژێک تەرخان بکرێت تا لە خوێندنگا و زانکۆکان و تەنانەت ماڵەکانیش نمایشی هۆنینەوەی کەزی بکرێت.
