لە عەتا شەمێرانییەوە بۆ خالید مەشعەل!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عەتا شەمێرانی

شوورەییە بۆ ئێوە، لە هەموو کۆڕێکی نێودەوڵەتیدا، لەهەموو چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ، لەهەموو کۆڕو سیمینارێکی حیزبیدا ، لەهەموو وتارێکی هەینیدا، پەلاماری کورد دەدەن ، بێ شەرمانە ناوی کورد دەهێنن ، شەرمە بۆ ئێوە بەردەوام هەمان قەوانی کۆن لێدەدەنەوە کە ( کورد “قۆڵێکی ئیسرائیلییە” لە ناوچەکەدا)

شەرمەزارییەکی گەوورەیە کە ئەم قسەکردنە لە تۆوە دێت لەکاتێکدا خۆت وەک پارێزەری پرسە گەوورەکان پیشان دەدەیت، تۆ بێ توانایت لە لە خستنەڕووی ئەو ڕاستییە سادەیە کە : کورد ئامرازی هیچ دەوڵەتێک نەبووەو نییە، بەڵکو قوربانیی دەستی هەموو دەوڵەتێکە!!

دەبوو بزانیت لە هەولێرەوە بۆ بەغداد ، لە قامیشلۆوە بۆ دیمەشق، لە دیاربەکرەوە بۆ ئەنقەرە، لە مەهابادەوە بۆ تاران، کورد لەسەر مێزی گەلان هەڵکەندران و لەمافی خۆیان ببەشکران ، پاشان پێیان گوترا ئێوە بێدەنگ بن، بەڵام کاتێک بێدەنگ نەبوون ئیدی بە خیانەت و سەرەڕۆیی تۆمەتبار کران!!

کاتێک کورد لە تورکیا داوای مافی ڕەوای خۆی کرد و لەدژی کەمالیستەکانی ئەنقەرە دەنگی هەڵبڕی، بە پرۆژەیەکی زایۆنیستی ناوزەدیان کردن!!

کاتێک کورد لە ئێران لە دژی ستەم و سێدارەی تاران ڕاپەڕین، بە بریکاری ئیسرائیل ناوزەد کران!!

کاتێک کورد لە سوریا داوای دانپێدانان و مافی هاووڵاتیبوونیان دەکرد، وەک خەنجەرێک لە دیوی “عەرەبیزم”دا وێنا کران!!

کاتێک کورد دوای دەیان ساڵ لەچەوسانەوەو مردن و ئازار هەرێمێکی سەقامگیریان لە عێراق دامەزراند، هەزارو یەک تۆمتیان بۆ درووستکرا، تا ئێستاش دەوترێت هەرێمی کوردستان، بنکەیەکی هەواڵگری ئیسرائیلیە لە ناوچەکەدا .

تاوانەکە هەمیشە وەک یەکە: کورد هیچ کات ئامادە نەبوون بێ ناوو ناونیشان بن،هیچ کات ئامادەنەبوون بێ زمان و بێ شوناس بن ،هیچ کات ئامادە نەبوون بەبێ کەرامەت بژین!!

ئێستا تۆ دێیت، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنێکی بوغزاوی عەرەبی، بۆ ئەوەی لە بارەی "یەکێتی خاکی سوریا"وە قسە لەگەڵ کورد بکەیت، وەک ئەوەی کێشەکە لە جوگرافیادا بێت و نادادپەروەری نەبێت، وەک ئەوەی نەخشە لە مرۆڤەکان گرنگتر بێت، وەک ئەوەی نیشتمانێک بە ئینکاری یەکێک لە پێکهاتەکانی بپارێزرێت!!

ئەمە چ لۆژیکێکە ؟ ئەمە یەکگرتوویییەکە کە لە سڕینەوەی گەلێکەوە دەست پێکات؟!! ئەمە چ نیشتمانێکە کە داوا لە کورد دەکرێت پاسەوانی بێت و لە هەمان کاتدا لەناو خۆیدا دانپێدانانیان لێ زەوت بکرێت؟!!

بۆ لەبیرتان چوو؟!! خۆ هەر دوێنێ بوو کاتێک دەروازەکانی عەرەب و دونیا لەسەر ئێوە داخران .. کورد فرمێسکی بۆ ڕشتن!!

کاتێک منداڵانی غەززە بەبێ ئاو و دەرمان لە ژێر داروپەردوودا بەجێدەهێڵران،کورد هات بەهاناتانەوە !!

کورد لە هەولێر و سلێمانییەوە،

لە قامیشلۆ و عەفرینەوە،

ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا،

ملیۆنان دۆلاریان بۆ خەڵکی غەززە کۆکردەوە ..

لەدەمی ماڵ و مناڵی خۆیان گرتەوەو ناردیان بۆ مناڵانی ئێوە ..

کەچی ئێوە بەو جۆرە پاداشتیان دەدەنەوە ،ئەوە شوورەییەکی گەوورەیە بۆ ئێوە !!

سەیرکە خالد ..

کوردەکان تازەهاتووی ئەم خاکە نین، میوان نین تا چاوەڕێی مۆڵەتی ڕۆشتن بن ، کورد لە پێش درووستکردنی دەوڵەتەکانەوە لێرە بوون ، لە پێش دیاریکردنی سنوورەکانەوە لێرەن،

بە هەزاران ساڵ لە پێش ئێوەوە ، ئێمە لێرەبووین!!

خاکی سوریا، عێراق و تورکیا و ئێران، بەتەنیا موڵکی تایبەتی عەرەب و فارس و تورک نییە .. ناسنامەیەکی تاکەکەسی نییە ، بەڵکو بە هێز و خواستی وڵاتانی زلهێز سەپێنراوە، کەس بۆی نییە بیکات تاپۆی کات بەناوی خۆیەوە !!

ئەگەر بستێک لەخاکی سوریاو عێراق هی عەرەب بێت، ئەوا سێ بستی هی کوردە !! ئەگەر بستێک لە خاکی تورکیا و ئێران هی فارس و تورک بن، چوار بستی هی کوردە!!

زیاتر لە سەدەیەکە تورک و فارس و عەرەب ، هەوڵی ئینکاری کورد دەدەن .. بەتانک و دەبابەو کیمیاوی و ئەنفال هەوڵی لەناوبردنیان دا ، ڕێگای برسیکردن و تینوکردن و لەسێدارەدانیان تاقیکردەوە ، بەڵام شکستیان هێنا ، نەیانتوانی کورد لە نێوبەرن، و بۆ هەتاهەتایە ناشتوانن!!

ئێمە توخمی( چیا ) مان هەیە، هیچ زریانێک ناتوانێت زیانمان پێبگەیەنێت ..لەسەر خاکی خۆمان بۆ هەمیشە دەمێنینەوە..

سەرەڕای تۆمەتە بێبنەماکانتان!!

سەرەڕای خیانەتەکانتان!!

سەرەڕای درۆو دەلەسەو قسە قۆڕەکانتان ..

ئێمە هەرگیز چۆک دانادەین..

لەنێوان مردن و ژیانی بێ کەرامەتدا ، یەکەمیان هەڵدەبژێرین!!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار