رەنگە حكومەتی عیراق تا شەش مانگی دیكە دروستنەبێت
کاتژمێرێک لەمەوپێش
✍️ سەرتیپ جەوهەر
خەریكە پێكهێنانی حكومەتی عیراق دەبێتە گرێ كوێرەو چارەسەری ئاسان نییە. ئەمریكا هەموو لایەنەكانی ئاگاداركردۆتەوە كە جارێ حكومەت دروستنەكەن و هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دوابخەن بۆكاتێكی دیكە كە مەبەست دوای رێككەوتنی ئەمریكاو ئێرانە.
كاندیدبوونی نوری مالكی بووە بەئەستەم و بووە گرێیەك تازە بەمالكی و شیعە ناكرێتەوە، بۆیە تاكە رێگەی بەردەمیان دواخستنی حكومەت و كاندیدكردنی كەسێكی دیكەیە دوای ماوەیەكی دیكە. پێشنیارێكیش هەیە حكومەتی ئێستای محەمەد شیاع سودانی بۆ شەش مانگ بەردەوام بێت بەهەندێك دەسەڵاتی داراییەوە تاوەكو گرفتی كاندید یەكلایی دەكرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەمریكا پێكهێنانی پەكخستووە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو پارتی و یەكێتیی كۆبونەوەیەكی بەرفراوان بكەن بەئامادەبوونی سەرۆكی پارتی و یەكێتیی و كاربەدەستە باڵاكانیان، بەڵكو بتوانن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و كاندیدی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن.
هەرچەندە دیار نییە رێكدەكەون یان نا، ئەوەی زانراوە لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپا فشاریان لێكراوە، بەڵام هەردوولا سورن لەسەرداواكاری خۆیان. هاوكات بەپێی زانیاریی نوێ، یەكێتیی لەدوایین دانوستانیدا بەپارتی راگەیاندووە ئەوان لەسەر دوو پرسی سەرەكی بەتەمانین سازش بكەن، یەكەمیان سەرۆك كۆمارەو ئەویدیكە وەزارەتی ناوخۆیە.
یەكێتیی داوادەكات لەسەربنەمای 37 كورسی خۆی و نەوەی نوێ و پارتیش 38 كورسی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بكات، بەڵام پارتی داوادەكات لەسەربنەمای 23 بە 38 كورسی بێت. ئەگەر یەكێتیی و پارتی رێككەون، رەنگە یەكێتیی لەچوارچێوەی پشكی خۆی، بەشێك لەپۆستەكانی بداتە نەوەی نوێ، بەڵام دیار نییە بەچ میكانزمێك دەبێت.
ئەم كۆبونەوەیە لەكاتێكدایە كە هەردوولا ئاگادارن بەمزوانە حكومەتی عیراق دروستنابێت، بەڵام هەردوولا زۆر بەروونی لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپا ئاگاداركراونەتەوە كە دۆخی هەرێم زۆر خراپەو چیتر ناتوانن چاوەڕێی ئەم پاشەگەردانی و تەنگژە سیاسی و حوكمڕانیەی هەرێم بكەن. بەر لەچەند رۆژێكیش جان نۆێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەهەولێر كاربەدەستانی پارتی و یەكێتیی لەم بارودۆخە ئاگاداركردۆتەوە.
هەروەك وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا زۆر ناڕەحەتن لەیەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنیەكان. یەكێتیی و پارتیان لەو مەترسیە ئاگاداركردۆتەوە گوتویانە ئەو دوو حزبە "لەگەڵ هەموو لایەك رێكدەكەون لەگەڵ یەكتر نەبێت! " ئەمە لەكاتێكدا ئەمریكاو هاوپەیمانان هەم نەخشە رێیەكیان رادەستی هەردوولا كردوو بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەمیش مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار هاوكاریی هەرێم دەكەن بۆ موچەی ئەو هێزانە.
بەپێی هەندێك لێكدانەوەو شیكاریی پشت بەستوو بەزانیاریی، رەنگە ئەمریكا دوای یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئێران، دەستێك بەعیراقدا بهێنێت و گۆڕانكاریی تێدابكات!ّ پێدەچێت ئەمریكا سیاسەتێكی نوێ لەناوچەكە پەیڕەوبكات بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی، ئەویش پشتیوانیكردنی حوكمڕانی ناوەندییەو دەیەوێت لەگەڵ یەك ناوەندی بڕیار لەهەر وڵاتێك مامەڵە بكات ئەمەش زۆر لەبەرژەوەندی هەرێمدا نییە! بەتایبەت لەم پاشەگەردانیی و ئاڵۆزكاویە سیاسیەی ئێستای هەرێم كە بەهۆیەوە هەرێم زیاتر لاوازبووەو بەرگەی فشاری هیچ گۆڕانكارییەك ناگرێت.
