بەنزین هەڕهشە لە ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دەکات
14 كاتژمێر لەمەوپێش
بهكارهێنانى زۆرى بهنزین و خراپى كوالێتییهكهى ههڕهشه له ژیانى عێراقییهكان دهكات و بهپێى ئاماره رهسمییهكان كاریگهرییهكهى لهسهر پیسبوونى ژینگه و ئاووههواى عێراق و زیادبوونى شێرپهنجهى سیییهكان لهنێو هاوڵاتییاندا بهدهركهوتووه.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی (IQ Air) تایبەتمەند لە پێوانەکردنی کوالێتی کەشوهەوا، لەسێ ساڵی رابردوودا عیراق له رووى پیسبوونى ههواوه لە پلەی دووەم تا چوارەمدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی لە دوای ساڵی 2003وە جوڵەی پیشەسازی راوەستاوە و زۆرینەی کارگەکانیش داخراون، بەڵام ئەوەی ئێستا بۆتە هەڕەشە لەسەر ژینگەی عێراق بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلە كە بوونەتە هۆی بڵاوكردنەوەی گازی ژەهراوی، ئەوەش بەهۆی خراپی كوالێتیی ئەو بەنزینەی بەكاریدەهێنن.
ئامارەكانی دەستەی سەرژمێریی عێراق بۆ ساڵی 2024 دەریانخستووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی تۆمارکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ههشت ملیۆن و 287 هەزار و 604 ئۆتۆمبێل، واتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی هەمیشەییان بۆ کراوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارە، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025، هەر شەش کەسێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت.
لە ئامارەکەی دەستەی سەرژمێریی عێراقدا هاتووە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراوی تایبەت تهنها لەماوەی ساڵانی 2020 بۆ 2024 به رێژهى 16% زیادیکردووە.
نزیکەی چارەکێکی ئەو ئۆتۆمبێلانە، کە نزیک دەبێتەوە لە سێ ملیۆن، تەنیا لە بەغدادی پایتەختن و زیاتر لە حەوت هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی ئەو شارەیە، ئەوەشی دەمێنێتەوە بەسەر پارێزگاکانی دیکەدا دابەش بووە، ئهمهش لهكاتێكدایه هیچ یاسایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە رێگری لەوە بکات هاوڵاتی ببێتە خاوەنی ئۆتۆمبێل، ئەگەر توانای کڕینی هەبێت.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، رۆژانە 32 ملیۆن لیتر بەنزین لە عێراق لەلایەن ئەو ههشت ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە دەسوتێنرێت، ئەوەش رێژەیەکی زۆرە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەكەی كە نزیكەی 47 ملیۆن كەسە، كه بهراورد به وڵاتێکی وەک تورکیا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیكەی 88 ملیۆن كەسە و رۆژانە تەنها 32 ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهێنێت.
سووتاندنی ئەو بڕە زۆرەی بەنزین جگە لە خراپی كوالێتیەكەی، چەندین ماددەی ژەهراوی تێدایە وەك رەساس، كە بڵاوبوونەوەی لە هەوادا دەبێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەكان و كۆئەندامی هەناسەدان، بەشێوەیەك لە ساڵی 2024دا رۆژانە 334 هەزار و 359 كەس بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان سەردانی نەخۆشخانەكانی عێراقیان كردووە، هاوكات ئامارەكانی ئەنجومەنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی عیراق دەریانخستووە، شێرپەنجەی سییەكان لە پلەی یەكەمی ریزبەندی جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجەدایە لە وڵاتدا.
پزیشكان و چالاكوانانی بواری ژینگە، وەزارەتی نەوت و دەسەڵاتدارانی عێراق تۆمەتبار دەكەن بەوەی هێندە چاویان لە دەستكەوتی مادییە، چاویان لە پاراستنی ژینگەو كۆمەڵگا نییە، چونكه لە غیابی رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ لێپرسینەوە لە كوالێتی بەنزین هاوڵاتیی عێراقی هیچ بژاردەیەكی نییە جگە لە هەڵمژینی هەوایەكی پیس كە پڕە لە چەندین ماددەی ژەهراوی و بێ سنوور لەلایەن ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلەوە لە هەوادا بڵاودەكرێتەوە.
