هاوپەیمانیی كوردستانی ئێران (هەسەكە) و مەترسیی بلۆكبەندی رۆژهەڵات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنوەر بازگر
* هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران (هەسەكە) رۆژی (2026/2/22) لەنێوان پێنج حیزب و سازمانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، حدكا، خەبات، (پژاك)، (پاك)) وەكو بلۆكی یەكەم خۆی راگەیاند.

* بلۆكی دووەم، لە بەرامبەردا دوو حیزبی سەرەكیی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆمەڵە- حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێر) بایكۆتیان كرد و دوو راگەیاندنی جیایان بڵاوكردەوە.

* ئەو نزیكبوونەوەیە باشە، گەلی كورد لەو هەلومەرجەدا خۆشحاڵ دەكات! بەڵام هێزەكانی رۆژهەڵات چەندین ئەزموونی سەرنەكەوتووی دووبارەیان هەیە، لە بابەتی "هاوپەیمانیی نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێر و حیزبی دیموكرات" كە دواتر هەڵوەشایەوە.

*"ناوەندی كاری هاوبەشی حیزبەكانی كوردستانی ئێران"، لەنێوان دوو كۆمەڵە، دوو دیموكرات و خەبات، ئەگەرچی (سازمانی خەبات) بەڕەخنەی توندەوە زوو چووە دەرەوە، هەڵوەشایەوە. دواییان "ناوەندی دیالۆگی (7) حیزب" كە بەمشێوەیە هەڵوەشایەوە، ئایا چارەنووسی ئەم هاوپەیمانییە لەوانی تر باشتر دەبێت؟ 

* حیزبی دیموكرات، ئەندازیاری كارەكەیە، بۆیە پەلەی بوو لە دروستكردنی، تا ڕیسەكەی لێ نەكەنەوە بە خوری، پێشی ناخۆش نەبوو، ئەو دوو (كۆمەڵە)ی تێدا نەبوو، ئێستا هێزی سەرەكیی ناو (هەسەكە) خۆیەتی.

* لەڕووی مێژووییەوە جیا (پاك)، (حدكا) بەردەوام مخالیفی (كۆمەڵە، پژاك، خەبات) بووە، پێشتر هیچ كام لەو سێ هێزە (حدكا)یان قبوڵ نەبووە، بەڵام ئێستا كەوایە دەبێت بەدوای فاكتەرەكانی پشت نزیكبوونەوەیان بگەڕێین...!؟ 

* (كۆمەڵەی زەحمەتكێشان)، بەهۆی گرفت لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێر پاڵیداوەتە (حدكا)، (پژاك) نەیاری سەرسەختی (حدكا) لە ڕێگای پەیامی (پ.ك.ك) و توركیاوە، چۆتە ناو (هەسەكە)، (خەبات) پاش دانیشتنە نهێنییەكانی نێوان (مستەفا هیجری) لە دوو حەوتووی رابردوو لە پاریس، لەگەڵ (سازمانی مجاهدینی خەلقی ئێران ) و دانیشتنەكانی پێشووی نێوان نوێنەرانی (حدكا و مجاهدین) لە پاریس، هاتۆتە ناو (هەسەكە).

* بە واتایەكی تر هێزێكی سەرەكی پشت پەردەی رێككەوتنەكە -كە كارێكی باشە- دەكرێت هێزێكی باشوور بێت، چونكە پێگە و هەژموونی زۆری لەناو رۆژهەڵات و هێزەكانی هەیە، بە پێچەوانەی هێزی تر كە ئەو كاریگەرییەی نەماوە، وەزیری ناوخۆ – كە پیاوی باش و دۆستی رۆژهەڵاتییەكانە-، بە بەیاننامە هەڕەشەیان لێدەكات و بە دڵ-یش، پشتیوانییان لێدەكات...!

* توركیا نەیشاردوەتەوە، (پژاك) بە بەشێك لە (پ.ك.ك) دەزانێ، بۆیە ماوەیەكە خەریكی دانوستان و یەكتربینین و خودی (پ.ك.ك) ئاگادارە و بێ رەزامەندیی قەندیل و ئیمڕاڵی، (پژاك) ناچێتە ناو (هەسەكە).

* لە ماوەی رابردوودا، وەفدێكی ئێرانی هاتوونەتە هەرێم و داوای بەرتەسكردنەوەی كار و چالاكی (پژاك)یان كردوە لە سنوورەكانی باشوور و رۆژهەڵات، كە دیارە ئاگاداری ئەو پەیوەندییەی توركیا هەن.

* لەم هاوپەیمانییەی (هەسەكە)، گەر سەیری وێنە گەورەكە بكەیت، جارێكی تر دابەشبوونی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ (جنووب و شیمال) بە واتایەكی تر هێزەكانی ناو ئەم هاوپەیمانییە جگە لە كۆمەڵە، هێزی (شیمال)ی رۆژهەڵاتن، هێزەكان بایكۆتی ئەم رێككەوتنە (هەرسێ كۆمەڵە)كەی تر (عەلیزادە، موهتەدی، مازوجی) پایە و هێزی (جنوب)ین، واتا ئەم هاوپەیمانێتییە گەر چانسێكی یەكگرتنی هێزەكانی هەبێت، ئەوەندەش دەبێتە هۆكاری لێكجایی، دوو بلۆك و دابەشكردنی كوردستان لە رووداوەكانی داهاتوودا.

* دەبێ (هەسەكە) ئەوە بزانێت، هێزی سیاسی زۆرتر هەن لە رۆژهەڵات كە مخالیفن، دەكرێت لە پاڵ هەردوو (كۆمەڵە)كەی تر، بلۆكێكی تر بن و بەمەش رۆژهەڵات وەكو رابردوو دەبێتە دوو بلۆكی (شیمالی و جنوبی).

* گرفتی سەرەكی لەم نێوەدا ئەوەیە؛ (كۆمەڵە-حیزبی كۆمۆنیست و كۆمەڵەی شۆڕشگێر) كە بایكۆتی كارەكەیان كردوە، گەر بیانەوێت ريَككەوتن ئیمزابكەن، گرفتی فكری و تەشكیلاتی زۆریان هەیە، ئەوەش تاكە كارتێكە كە (حدكا) هەم خۆشحاڵ دەكات و هەم لێی دەترسێ.

* ئایا (هەسەكە) ئەجێندایەكە یان هەلومەرجێكی بابەتی دروستیكردووە، گەر شەڕی ئەمریكا و ئێران رووینەدا – كە پێدەچێت لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووبێت- ئایا چارەنووسی (هەسەكە) چی لێ دێت؟ گەر پێچەوانەكەشی بوو، (هەسەكە) دەتوانێ رۆڵی بەرەی كوردستانی عێراق بگێڕێت، یان لێی هەڵدەوەشێتەوە؟

* كۆتایی دەبێ بڵێم؛ ئەم هاوپەیمانییە (هەسەكە)، كارەكتەرە سەرەكییەكانی پشتەوەی (سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران (پ.ك.ك، حدكا) و چەند هێز و لایەنی ترن، لانیكەم بۆ ئەم هەلومەرجە خەڵكی كوردستان پێی دڵخۆشن.

پیرۆزە ئەم هەنگاوە (هەسەكە)...!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار