بۆچی تاران و تەلئەبیب و واشنتۆن بەم ڕۆژە گەیشتن؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
خدر مەنتک
بۆ ئەوەی لەم هەموو کوشت و بڕەی ئێستا بگەین، و بزانین بۆچی ناوچەکە کەوتووتە ناو گێژاوی شەڕەوە، دەبێ ئاوڕێک لە کتێبە بەناوبانگەکەی (کێنس واڵتز) بدەینەوە؛ (Man, the State, and War - مرۆڤ، دەوڵەت و شەڕ). بە بڕوای من، ئەم کتێبە شاکارێکی وایە لە سەدەی بیستەمدا نووسراوە، کە تەنیا بۆ یەک مەبەست هاتووە، تا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؛ "بۆچی شەڕ بەرپا دەبێ؟"
بەگوێرەی تێزەکەی واڵتز، شەڕ لە سێ ئاستدا دروست دەبێ: "ڕێبەر(سەرۆک)، دەوڵەت، و فەوزای دنیا." کە ئەمانەش وەک جەستەیەک وان، ئەگەر لێیان تێ نەگەین، لە هیچ کێشەیەکی ئەم دنیایە ناگەین؛ لە ئۆکرانیاوە بگرە تا دەگاتە ئەم تارانەی بندەستی ئایەتوڵاکان.
بەشی یەکەم: ئێران
١. ئاستی ڕێبەر
بەگوێرەی واڵتز، بڕیاری شەڕ لە مێشکی ئەو کەسانەدا دێتە دەرێ کە گرفتاری گرێی دەروونیی خۆیانن. بۆ نموونە سەیری خامنەیی و ئایەتوڵاکان بکەن؛ ئەم تاقمە لە ناو عەقڵییەتێکی دینیی کۆنەپارێز و دیکتاتۆرانەدا قەتیس ماون. بۆ ئەوان، ژیان لە ناو جەنگدا تاکە ڕێگەیە بۆ سەلماندنی ئەو وەهمە پیرۆزەی کە ناویان ناوە شۆڕش. ڕێبەر، بەهۆی ئەو هەموو ناسۆرە دەروونییەی بەرامبەر بە جیهانی ئازاد هەیەتی، ناتوانێت لە ناو ئاشتیدا هەناسە بدات. بەڵام واڵتز دەڵێت: نابێ هەموو کێشەکە بخەینە ئەستۆی ڕێبەر بە تەنیا؛ چونکە ڕێبەر هەرچەند فیز و دەسەڵاتی هەبێ، گرێدراوی زنجیرەیەکی ئایدیۆلۆژییە کە لە خۆی گەورەترە.
٢. ئاستی دەوڵەت
سروشتی دەوڵەت و نێوماڵەکەی نیشان دەدەن کە لە دەرەوە چۆن ڕەفتار دەکات. ئەگەر سەیری تاران بکەین، دەبینین ڕژێمێکە لە ناوەوە ڕزیو و داتەپیوە. قەیرانی ئابووری، سیاسی، و ڕقی ئەستووری گەل بەرۆکی گرتووە. ئەم ژینگەیە وای کردووە کە هەمیشە دەست بۆ چەک و میلیشیا ببەن. دروستکردنی میلیشیا لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن، تەنیا ستراتیژێکی سەربازی نییە، بەڵکوو نیشانەی شکستی دەوڵەتە لە ناوەوە. شەڕ لێرەدا هەوڵێکە بۆ فڕێدانی کێشە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە. جەنگ بۆ تاران قەڵغانێکە؛ هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی لە ناوخۆدا بە ناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە کاتی شەڕ کپ دەکەنەوە.
٣. ئاستی سیستەم (قۆستنەوەی فەوزای ناوچەکە)
تاران لە غیابی نەزمێکی جێگیری ناوچەییدا، درک بەوە دەکات کە جیهان بێساحێبە. بۆیە هێزی خۆی لە شێواندنی ئاسایشی دەوروبەریدا دەبینێتەوە. بۆ تاران، جیهان شوێنێک نییە بۆ دیپلۆماسی، بەڵکوو مەیدانێکە بۆ سەلماندنی هەژموون لە ڕێگەی نانەوەی پشێوی. ئەم فەوزایە دەرەنجامی پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ کاتێک سیستەمی جیهانی توانای پاراستنی دەوڵەتە بچووکەکان و کەمینەکانی نامێنێت، ڕژێمە ملهوڕەکان بۆشاییەکە بۆ شەڕانگێزیی زیاتر بەکار دەهێنن.
بەشی دووەم: ئیسرائیل (تراوما و پاراستنی کورسی)
١. ئاستی ڕێبەر
سەیری نەتانیاهۆ بکەن؛ ئەم پیاوە لە ناوخۆدا کەوتووەتە ناو گێژاوەوە، کورسییەکەی لەرزۆکە و دادگا بەرۆکی گرتووە. لە دۆخێکی وەهادا، شەڕ دەبێتە پەناگەیەک بۆ ئەوەی نێوماڵەکەی پێ ڕێک بخاتەوە و فیز و غروری بدات بەسەر هەموواندا. جەنگ بۆ ئەو چیتر تەنیا ئامرازێکی دەوڵەت نییە، بەڵکوو ئامرازێکی شەخسییە بۆ دواخستنی کاتی لێپرسینەوە.
٢. ئاستی دەوڵەت
ئیسرائیل لە ناوەوە پارچە پارچە بووە و توندڕەوە نەتەوەیی و ئاینییەکان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتووە. ئەم ژینگەیە وای کردووە کە هەمیشە دەست بۆ چەک ببەن، بەتایبەت دوای گورزەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کە شکۆی هێزی بەرگری ئیسرائیلی شکاند. لایەنی تریش هەیە؛ تراومای (هۆلۆکۆست) وای کردووە ئەم کۆمەڵگەیە هەمیشە لە ناو ترسدا بژی. ئیسرائیل دەوڵەتێکە لە دەرەوە زلهێزە، بەڵام لە ناوەوە هەست بە ناسەقامگیرییەکی هەمیشەیی دەکات.
٣. ئاستی سیستەم (مەتەڵی ئەمنی)
لێرەدایە کە (مەتەڵی ئەمنی) دروست دەبێ؛ ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی دەینێی، تاران دەخاتە ترسی گەورەترەوە و بەپێچەوانەشەوە. ئەمە دەبێتە پێشبڕکێی چەکداری و ئاگرێکی بێکۆتایی. ئیسرائیل هەمیشە لەو ترسەدا ژیاوە کە هاوسەنگیی هێز لە دژی بێت، بۆیە زۆرجار شەڕی ئێستا بە باشتر دەزانێ وەک لەوەی چاوەڕێی داهاتوو بکات. لێرەدا نەتەوە یەکگرتووەکان وەک بینەرێکی بێدەسەڵات دەردەکەون کە ناتوانن ڕێگری لەم پێشبڕکێ کوشندەیە بکەن.
بەشی سێیەم: ئەمریکا (ترامپ و هەژموونی بازرگانی)
١. ئاستی ڕێبەر (کەسایەتیی ملهوڕی ترامپ)
دۆناڵد ترامپ وەک ڕێبەرێک، دنیا وەک (شانۆی بازرگانی) دەبینێت. کەسایەتیی ئەو تێکەڵەیەکە لە (پۆپۆلیزم) و (فیز و تەکەبوور و هێز). لای ترامپ، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای دۆستایەتی نین، بەڵکوو لەسەر بنەمای سەپاندنی ئیرادەن. گرێی دەروونیی ترامپ لەوەدایە کە دەبێ هەمیشە وەک (براوەی ڕەها) دەربکەوێت. ئەم جۆرە تێڕوانینە، کاتێک لەگەڵ ڕێبەرانی وەک خامنەیی و نەتانیاهۆ بەیەک دەگەن، زمانی دیپلۆماسی دەخنکێنێت و تەنیا زمانی هەڕەشە دەهێڵێتەوە.
٢. ئاستی دەوڵەت
ئەمریکای سەردەمی ترامپ، دەوڵەتێکە لە ناوەوە دوو کەرتبووە. ترامپ بۆ ڕازیکردنی جەماوەرەکەی و شاردنەوەی کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی، پەنا بۆ سیاسەتی (ئەمریکا لەسەروو هەمووان) دەبات. ئەمە وای لێ دەکات لە دەرەوە ڕەفتاری توند بنوێنێت، چ وەک سزادانی ئابووریی ئێران یان پشتیوانیی بێ مەرجی ئیسرائیل، تەنیا بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا وەک (پاڵەوانێکی نەتەوەیی) دەربکەوێت. دەوڵەتی ئەمریکا لێرەدا دەبێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو جەمسەرگیرییەی کە ترامپ لە ناوخۆدا دروستی کردووە.
٣. ئاستی سیستەم (داڕشتنەوەی نەزمی جیهانی)
واڵتز دەڵێ دنیا (بێساحێبە). ترامپ ئەم فەوزایە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەزمی پێشوو (یاسا نێودەوڵەتییەکان) تێک بدات و نەزمێکی نوێ لەسەر بنەمای (هێزی ڕووت) دروست بکات. گەڕانەوەی ترامپ واتە کۆتایی دیپلۆماسیی نەرم و دەستپێکردنی قۆناغی فشاری توند. کاتێک زلهێزێکی وەک ئەمریکا لە جیاتی پاراستنی سەقامگیری، ببێتە بەشێک لە فشار و هەڕەشە، ئاستی سێیەمی واڵتز (سیستەم) دەبێتە مەیدانێکی کراوە بۆ ئەوەی ملهوڕەکانی تر (تاران و تەلئەبیب) زیاتر پەنا بۆ چەک بەرن.
ئەنجام: بازنە داخراوەکەی جەنگ
واڵتز لەم کتێبەیدا کە لە ساڵی ١٩٥٩دا نووسراوە، ڕێگەیەکی ڕوونمان نیشان دەدات بۆ تێگەیشتن لەم گۆبەندە. شەڕەکانی ناوچەکە تەنیا بە کەسایەتی خامنەیی، یان تەنیا بە نێوماڵی ئیسرائیل، یان تەنیا بە ملهوڕیی ترامپ لێک نادرێنەوە؛ بەڵکوو ئەنجامی کارلێکی ئەم سێ ئاستەیە: ڕێبەر، دەوڵەت، و سیستەمی دنیا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕاستییەکی تاڵ بکەین؛ شکستی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامە هەمیشەییەکانی، وەبیرهێنانەوەی شکستی (کۆمەڵەی گەلان)ە لە سەدەی ڕابردوو. کاتێک دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان چیتر ناتوانن بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و دەبنە بەشێک لە کاولکاری، یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنیا دەبنە مەرەکەبی سەر کاغەز. ئەم غیابی یاسایە وای کردووە کە دەوڵەتە زلهێزەکان بێ ترس شەڕ بە دەوڵەتە بچووکەکان بفرۆشن و مافی ئەو گەلانەی داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن پێشێل بکرێت.
کاتێک (ڕێبەران) گرفتارن، (دەوڵەتەکان) لە ناوەوە ڕزیو و داتەپیون، و (سیستەمی جیهانیش) بێ پۆلیس و بێ ساحێبە، جەنگ نابێتە بژاردە، بەڵکوو دەبێتە چارەنووس. تاران بۆیە بەم ڕۆژە گەیشت، چونکە عەمامە بەسەرەکان مانەوەی خۆیان لە خوێندا دەبیننەوە، و نەتانیاهۆش کورسییەکەی لەناو ئاگردا دەپارێزێت، و ترامپیش جیهان وەک مەیدانی زۆرانبازیی هێز دەبینێت. ئەمەیە ئەو بازنە داخراوەی کە ناوچەکەی تێدا خنکاوە.
