بۆیە بە وریاییەوە چاودێری گەشەسەندنەکانی بازاڕ دەکەین ئەمڕۆ هەینی کازۆ ئێیدا پاڕێزگاری بانکی ژاپۆن ڕۆژی هەینی هۆشداری دا کە بازاڕەکانی جیهان بە "ناسەقامگیری" دەمێننەوە، لە کاتێکدا جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود کردەوە ئەگەر هەڵاوسان و گەشەی ئابووری وڵاتەکە لەسەر ڕێڕەوی خۆی بمێنێتەوە. لێدوانەکانی کازۆ ئوێدا دوای نزیکەی شەش هەفتە لە ناجێگیرییەکی زۆر لە بازاڕدا هات، کاتێک نرخی یێن لاواز بوو بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی کە 161 یێن بوو بەرامبەر بە دۆلار پێش ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێڕەوی خۆی پێچەوانە بکاتەوە و زیاتر لە سەدا 10 بەرزبێتەوە. بازاڕی بۆرسەی ژاپۆن بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا پێش ئەوەی بەرگەی گەورەترین داڕمانی یەک ڕۆژە بگرێت کە تۆمارکراوە. بانکی ژاپۆن لە مانگی ئازاردا کۆتایی بە سیاسەتی نەرێنی ڕێژەی سوودی خۆی هێنا دوای دەیان ساڵ لە دابەزینی نرخی ناجێگیر. ئوێدا بە پەرلەمانی ڕاگەیاند کە هەڵاوسانەکانی ئەم دواییە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی نیگەرانییەکانەوە بووە سەبارەت بە پاشەکشەی ئابووری ئەمریکا، نەک بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود کە بانکی ژاپۆن لە کۆتایی مانگی تەمموزدا ئەنجامیدا. بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، "بازاڕەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناجێگیرن، بۆیە بە وریاییەوە چاودێری گەشەسەندنەکانی بازاڕ دەکەین"، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز. سەرەڕای ناسەقامگیرییەکانی ئەم دواییە، ئوێدا لە دانیشتنێکی پەرلەمانیدا کە بە شێوەیەکی تایبەت بانگهێشتکرابوو، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، "هیچ گۆڕانکارییەک" لە هەڵوێستی بنەڕەتی بانکی ناوەندیدا نەبووە کە سیاسەتی دراوی ڕێکدەخات ئەگەر "قەناعەت بەوە هەبێت کە پێشهاتە ئابوورییەکان و نرخەکان (هەڵاوسان) وەک چاوەڕوانکراو دەجووڵێن"
هاووڵاتی پەیمانگایەکی هیندی کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینی ئاوڵەی مەیموون دەکات و هەوڵدەدات تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەست بێت. ئادار پوناوەڵا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیمانگای سیرۆمی هیندستان (SII) ڕایگەیاند:دامەزراوەکەمان کە بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەرەپێدەرانی ڤاکسین دادەنرێت لە هیندستان، کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینێکی دژە ئاوڵەی مەیموون دەکات، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینەکە ئامادە بێت. ئادار وتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە لە جیهاندا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون ڕاگەیەنراوە، دەستمانکردووە بە پەرەپێدانی ڤاکسینێک دژی ئەم نەخۆشییە، هیوادارین بەدرێژایی ساڵ هەواڵی ئەرێنی زیاترمان هەبێت. لەلایەن خۆشیەوە، ڕامان گەنگا، بەڕێوەبەری بە وەکالەت لە پەیمانگای توێژینەوەی ئایدز لە هیندستان، ڕایگەیاند: ئەو ڤاکسینانەی لە ئێستادا بەردەستن دژی ئاوڵەی مەیموون کاریگەرییان 80%ە، بۆیە دەتوانرێت بە کاریگەر هەژمار بکرێن، بەڵام پێویست بە کوتانی بە کۆمەڵی خەڵک دژی نەخۆشییەکە ناکات. نەخۆشی "ئاوڵەی مەیموون" یان ئەوەی بە mpox ناسراوە، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دروست دەبێت، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی بریتین لە پەڵە و برینی پێست، تا، سەرئێشە، ئازاری ماسولکە و جومگەکان، لاوازی و ئاوسانی گرێ لیمفاویەکان
هاوڵاتی گەورەترین ئەڵماسی جیهان لە کارۆی باکووری ڕۆژهەڵاتی بۆستوانا دۆزرایەوە ڕۆژی 22-8-2024، لە کانە ئەڵماسەکانی کارۆی بۆستوانا یەکێک لە گەورەترین پارچە ئەڵماسی جیهان لەلایەن کۆمپانیایەکی کەنەدی دۆزرایەوە، کێشی ئەڵماسەکە 2,492 قیراتە. بۆستوانا، وڵاتێکە سەر بە کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئەڵماس لە جیهاندا، کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئەڵماسە. لە ساڵی 2019 گەورەترین ئەڵماس دۆزرایەوە بەردێکی 1758 قیراتی بوو.
هاوڵاتی BBC: لە ڕێکەوتی ٧/١٠/ ٢٠٢٤دا، دادگای دادوەری عێراق، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هاوسەری (ئەبوبەکر بەغداد)ی سەرکردەی پێشووی داعش دەرکرد، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ژنانی ئێزیدییەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ناسنامەی ئەو ئافرەتە بە ناوی (ئەسما محەمەد)ەوە، کە ناسراوە بە (ئوم حودەیفە)، ئاشکرا دەکات. لە ساڵی دا٢٠١٩، دوای چەند مانگێک لە شکستی سەربازی گروپی تیرۆرستی داعش لە عێراق، هێزەکانی ئەمریکا بە ڕێنوێنی هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی هەڵیانکوتایە سەر ئەو شوێنەی کە بەغدادی خۆی لێ حەشاردابوو، لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. بەڵام بەغدادی پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندەوە لەو تونێلەدا کە تێیدا خۆی شاردبوویەوە و خۆی و دوو منداڵی کوشت، لەکاتێکدا دووان لە هاوسەرەکانی بەهۆی دەستڕێژی هێزەکانی ئەمریکاوە کوژران. نەتەوە یەکگرتووەکان: بەڵگەی ڕوون و قەناعەتپێکەریان لەبەردەستدایە کە داعش کۆمەڵکوژی و چەندین تاوانی نێودەوڵەتی دیکەی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامداوە، کە ئەندامەکانیان پێشنیاری ئەوەیان بۆ کراوە یان دەبێت دینەکەیان بگۆڕن، یاخود مردن هەڵبژێرن. ئێزیدییەکان کە لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوی داعشەوە ڕفێندران و دەستدرێژییان کراوەتەسەر، داوای یاسایی مەدەنییان لە عێراق تۆمارکرد و (ئوم حودەیفە)یان تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکار لە ڕفاندن و بەکۆیلەکردنی سێکسی کچان و ژنانی ئێزیدییەکاندا کردووە.
هاوڵاتی ڕۆژی دووشەممە، 19-8-2024، کۆنگرەی دیموکراتەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد، تا ڕۆژی پێنجشەممە، 22-8-2024، بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی یەکەمدا، کامالا هاریس بە فەرمی وەک کاندیدی دیموکراتەکان دەستنیشان کرا. بایدن وتارێکی ماڵئاوایی پێشکەش کرد و وتی مەشخەکە ڕادەستی هاریس دەکات و وەک خۆبەخشێک کاری بۆ دەکات. گرنگترین دیمەنی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەکە ئەو کاتە بوو کە بایدن چووە سەر ستەیج. فرمێسک لە چاویدا قەتیس مابوون، کچەکەی چووە سەر ستەیج و لە باوشی گرت. ئامادەبووان ئەو بانەرە شینانەیان بەرز کردەوە کە لە سەر نووسرا بوو "ئێمە جۆ-مان خۆش دەوێت". بۆ ماوەی چوار خولەک بایدن-یان چەپڵەڕێزان کرد و درووشمی "سوپاس جۆ، سوپاس، جۆ"یان دەوتەوە. بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان، بەڵام خۆی لە کاندیدی کشاندەوە و هاریس جێگەی گرتەوە. ڕۆژی 5-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت و هاریس و ترەمپ کێبڕکێی یەکدی دەکەن.
هاوڵاتی مانگی تابان لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە مانگ دەگاتە نزیکترین خاڵ لە زەوی و بە گەورەیی و گەشاوەیی دەبینرێت. مانگی تابان لە دیدی مرۆڤدا بەگەورەیی قەبارەکەی و پڕشنگداری و گەشاوەییەکەی لە مانگەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، ئەمشەو بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە ئاسمانی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەبینرێت. کەمترین دووری لەنێوان مانگ و زەوی، کە ئەم شەو ڕوودەدات ٣٦١ هەزار و ٩٦٩ کیلۆمەترە، لەکاتێکدا زۆرترین دووری نێوانییان ٤٠٥ هەزار و ٦٩٦ کیلۆمەترە و ئەمشەو قەبارەی مانگ ١٣-١٤٪ گەورەتر و ڕووناکییەکەی ٢٧-٣٠٪ لە مانگی ئاسایی زیاترە. کاتژمێر ٦:٥٩ خولەکی ئێوارە بەکاتی هەولێر مانگ لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات هەڵدێت و تا چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت. جگە لە ئەمشەو ئەمساڵ سێ جاری دیکە، مانگی تابان لە ١٨-٩ و ١٧-١٠ و ١٥-١١ بەدیدەکرێت.
هاوڵاتی لە ئەوروپا قەیرانی منداڵبوون سەرهەڵدەدات و یەكەمجارە ژمارەی لە دایكبووان بۆ خوار چوار ملیۆن كەس دادەبەزێت. لە ساڵی 2022 سێ ملیۆن و 88 هەزار منداڵ لە یەكێتی ئەوروپا لەدایكبوون، ئەمەش نزمترین ئاستی لەدایكبوون بوو لە دوای ساڵی 1960، بەوەش یەكەمجارە ڕێژەی لە دایكبوون بگاتە خوار چوار ملیۆن كەس. شارەزایان پێیانوایە دابەزینی ڕێژەی لەدایكبوون بۆ كاركردنی ژنان لە دەرەوە و پێشكەوتنی زانستی پزیشكی و خراپی دۆخی ئابووری دەگەڕێتەوە. پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی بەریتانیا، یەكێتی ئەوروپاش بۆ پاراستنی ڕێژەی دانیشتووانی پشت بە كۆچەبەران ببەستێت.
هاوڵاتی دوابەدوای دەستدرێژی و کوشتنی ژنە پزیشکێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە شاری کەلکەتا، پزیشکان و پسپۆڕانی هیندستان لە ڕۆژی شەممە 19ی ئابەوە دەستیان بە مانگرتنی بەرفراوان کردووە وەک هێمای ناڕەزایەتی. ئەو پزیشکە ڕاهێنراوە هەفتەی ڕابردوو لە زانکۆیەکی پزیشکیدا لەکاتی پشوودان لە نێوان دوو شەفتدا دەستدرێژی کراوەتە سەر و کوژراوە. ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و ڕێپێوان لە سەرانسەری هیندستان. خۆپیشاندەران بە ئیلهام وەرگرتن لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" (Jin,Jiyan,Azadî) کە لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری ساڵی 2022 لە ئێران دەنگی دایەوە، دژایەتی خۆیان بۆ کردەوە دژە فێمینیستەکان لە هیندستان دەربڕی. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر واز لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری دەهێنن، پێشبینیش دەکرێت زیاتر لە ملیۆنێک پزیشک بەشداری مانگرتنەکە بکەن.
هاوڵاتی Archeology Magazine : لە سەرەتای مانگی ئابدا تیمی مۆزەخانەکانی لەندەن، لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی لەندەندا تابلۆیەكى عێراقى ٤ هەزار ساڵیان دۆزیوەتەوە. تابلۆكه چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕێی جوڵەی سێبەرەکانەوە بەكارهێنراوه بۆ دياركردنی کاتی شەو و ماوەی مانگگیران و خۆر گیران و پێشبینیکردنی نیشانەکانی جەنگ لە سیپارى کۆندا، کە دەکاته عێراقى سەردەمی ئێستا. ئەندرۆ جۆرج، مامۆستای ئیمێریتۆس لە زانکۆی لەندەن ساڵی ٢٠١٦, ڕایگەیاندووە کە ئەم شوێنەوارانە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە مۆزەخانەی بەریتانیادا هەڵگیراون. كه توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە، پاشاکانی بابل ڕاوێژکاریان هەبووە چاودێری ئاسمانی شەویان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتوو. توێژەری سەربەخۆ جونکۆ تانیۆگۆچی: له ڕێى بارودۆخی ئاسمانی شەوەوه توانراوه پێشبینییه هەڕەشەئامێزەكان لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها توانراوه لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت له سەر بنەماى ئەو پێشبينيانه كاتى ڕێوڕەسمه ئاینییەکان دیاری بكرێت يان هەڵبووەشێندرێنەوه.
هاوڵاتی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا لەسەردەمی جۆ بایدندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە مێژووی وڵاتەکەدا هاوشێوەی نەبووە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە:، کورتهێنانی بودجە لە وڵاتەکەیان گەیشتووەتە 6.6 ترلیۆن دۆلار، ئەوەش گەورەترین کورتهێنانە کە لە مێژووی وڵاتەکەدا تۆمارکرابێت. لەسەردەمی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کورتهێنانی بودجەی وڵاتەکە بەرزترین ئاستی تۆماکردووە، لە کاتێکدا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە هەمان شێوە قەبارەی کورتهێنان ریکۆردی نوێی شکاند و گەیشتە 5.6 ترلیۆن دۆلار. کاتێک پەتای کۆرۆنا بەرۆکی ئەمریکای گرت. ئەمریکا ئەو قەبارە گەورە کورتهێنانە بە قەرز پڕدەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەویش ئاستی مێژوویی تۆمارکردووە و بۆ سەرووی 35 ترلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. ساڵ لە دوای ساڵ، قەبارەی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا و قەرزەکانی فراوان دەبێت، تەنیا لەسەردەمی باراک ئۆباما نەبێت، کە توانی لە ماوەی 100 ساڵی رابردوویدا بۆ یەکەمجار،کورتهێنانی بودجە بۆ 2.2 ترلیۆن دۆلار کەم بکاتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دانوستاندنەکانی ئاشتی غەززە بەڕێوەدەچن و هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی بەهێزە. لەبارەی ئاگربەستی نێوان غەززە و ئیسرائیل جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "دانوستاندنەکانی ئاشتی غەززە بەڕێوەدەچن و هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی بەهێزە، کۆڵنادەن تاوەکو دانوستاندنەکانی غەززە بە نێوەندگیری وڵاتەکەی و قەتەر و میسر ئەنجامی دەبێت". حەماس و ئیسرائیل یەکتری بە خۆدزینەوە لە رێککەوتن تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی غەززە و ڕێنمایی تیمەکانی دانوستاندنی کردووە، پێشنیازی نوێی ئەمریکا بۆ نزیککردنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەرەوپێش ببەن.
هاوڵاتی CNN Healthلە 16ی ئابی 2024، بڵاوى كردۆتەوە، ئەو توێژینەوەیانەی کە لەلایەن تیمی تەندروستی ئەمریکاوە ئەنجامدراون دەیسەلمێنن، پێشبینی دەکرێت کۆڤید-19 لەم هاوینەدا سەرهەڵبداتەوە ،كه لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە لە ڕۆژئاوای ئەمریکا دەست به بڵاو بوونەوە دەکات و پاشان لە وڵاتانی دیکە بەردەوام دەبێت. سەنتەری خۆپارێزى نەخۆشيیەکان لە ئەمریکا، دوای لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر کۆڤید -19 کردوویانە، دڵنیامان دەكەنەوە لەوەی کۆڤید لەم هاوینەدا، لە مانگي ئاب یان ئەیلولدا سەرهەڵدەداتەوە بە کاریگەری لاوەکی زیاتر لە کۆڤیدی ساڵى 2021. دکتۆر جۆناسان یۆدەر، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی چاودێریى ئاوی پیسی CDC وتی: “شەپۆلی ئەمساڵی کۆڤید-19 خێراتر و کاریگەرتر دەبێت لە ساڵی 2021 ، کە لە کۆتایی مانگی ئاب و سەرەتای مانگی ئەیلولدا ڕوویدا”. ئەم شەپۆلەى کۆڤید لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە تیمی تەندروستی ئەمەریکا داوا لە خەڵک دەکات لەمڕۆوە ڕێگاكانى خۆپاراستن جێ بە جێ بكەن و ماسکی دەموچاو و پاککەرەوەی هەوا بەکاربهێنن. دکتۆر مارلین وۆڵف، یاریدەدەری مامۆستای تەندروستی ژینگەیی و تەندروستیى گشتی لە زانکۆی ئیمۆری و بەڕێوەبەری پرۆگرام لە کۆمپانیای Wastewater SCAN جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە لە ئێستادا لە سەدا سەدی نمونەکانمان لەسەر SARS-CoV-2 لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستنیشان دەکەین."
هاوڵاتی نرخی یەک ئۆنسە زێر لە بۆرسەکانی جیهان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 507 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژوودا تۆمار کرابێت. بەرزبوونەوەی ئاستی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و هەڵکشانی زیاتری گرژییە سیاسییەکان بووەنەتە هۆی ئەوەی نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت. هەروەها خاوبوونەوەی ئابووریی و کەمبوونەوەی هەلیکار لە ئەمریکا کاریگەریی لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، چونکە لەم حاڵەتەدا بازرگانان پەنا دەبەن بۆ کڕینی زێڕ. نرخی زێڕ لە بۆرسەی هەولێر بەم شێوەیەیە: مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24=605,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22=555,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21=530,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18=455,000
هاوڵاتی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند دارستانێک باری نائاسایی لە پێنج ویلایەتی وڵاتەکەی تا ١٥ی ئەیلول ڕاگەیاند. ئیبراهیم یومەکلی، وەزیری کشتوکاڵی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پێنج ئاگری گەورە لە پێنج ویلایەتی تورکیا کەوتووەتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکان بۆ کونترۆڵکردنی ئاگرەکان. وتیشی: ئاگرەکانی ئۆدمیش لە ئیزمیر و پارێزگای دیدیم ئایدین لە ڕۆژئاوای وڵات کۆنترۆڵکراون، بەڵام هێشتا ئاگرەکە لە مانیسا، بۆلو، ئیزمیر، ئایدین، قەرەبوک و موغلا بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کوژێنەوە لە ناوچەی گۆینوک لە ویلایەتی بۆلو لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ڕەنگە ئاگرەکە بۆ ماوەیەک بەم شێوەیە بەردەوام بێت. لەکۆتایدا وتی: دەبێت هاوڵاتیان تا یەکشەممەی داهاتوو زۆر وریا بین، هەروەها باری لەناکاو لەو پێنج ویلایەتە تا ١٥ی ئەیلولی داهاتوو ڕادەگەیەنن، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بوونی بای بەهێز بووتە هۆی تەشەنەسەندی ئاگرەکە.
هاوڵاتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون، منداڵانیش ڕێژەی 35%ی ئەو ئاوارانە پێکدەهێنن. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2014، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار هاوڵاتی لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون. لە ڕاگەندروەکەشدا هاتووە، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون، منداڵانیش ڕێژەی 35%ی ئەو ئاوارانە پێکدەهێنن. نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا لە بەشێکیتری ڕاگەندراوەکەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا 150 هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان نیشتەجێن و 23%ی ئەوانەش بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن. دەشڵێن، ئەو کەسانەی لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و حزبوڵادا زیانیان بەرکەوتووە تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستیان بە 110 ملیۆن دۆلار هاوکاری دەبێت تاوەکو قەرەبوویان بکرێتەوە و پێدوایستی تەواویان بۆ دابین بکرێت.