هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دانوستاندنەکانی ئاشتی غەززە بەڕێوەدەچن و هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی بەهێزە. لەبارەی ئاگربەستی نێوان غەززە و ئیسرائیل جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "دانوستاندنەکانی ئاشتی غەززە بەڕێوەدەچن و هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی بەهێزە، کۆڵنادەن تاوەکو دانوستاندنەکانی غەززە بە نێوەندگیری وڵاتەکەی و قەتەر و میسر ئەنجامی دەبێت". حەماس و ئیسرائیل یەکتری بە خۆدزینەوە لە رێککەوتن تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دانوستانەکانی ئاشتی غەززە و ڕێنمایی تیمەکانی دانوستاندنی کردووە، پێشنیازی نوێی ئەمریکا بۆ نزیککردنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەرەوپێش ببەن.
هاوڵاتی CNN Healthلە 16ی ئابی 2024، بڵاوى كردۆتەوە، ئەو توێژینەوەیانەی کە لەلایەن تیمی تەندروستی ئەمریکاوە ئەنجامدراون دەیسەلمێنن، پێشبینی دەکرێت کۆڤید-19 لەم هاوینەدا سەرهەڵبداتەوە ،كه لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە لە ڕۆژئاوای ئەمریکا دەست به بڵاو بوونەوە دەکات و پاشان لە وڵاتانی دیکە بەردەوام دەبێت. سەنتەری خۆپارێزى نەخۆشيیەکان لە ئەمریکا، دوای لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر کۆڤید -19 کردوویانە، دڵنیامان دەكەنەوە لەوەی کۆڤید لەم هاوینەدا، لە مانگي ئاب یان ئەیلولدا سەرهەڵدەداتەوە بە کاریگەری لاوەکی زیاتر لە کۆڤیدی ساڵى 2021. دکتۆر جۆناسان یۆدەر، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی چاودێریى ئاوی پیسی CDC وتی: “شەپۆلی ئەمساڵی کۆڤید-19 خێراتر و کاریگەرتر دەبێت لە ساڵی 2021 ، کە لە کۆتایی مانگی ئاب و سەرەتای مانگی ئەیلولدا ڕوویدا”. ئەم شەپۆلەى کۆڤید لە ڕێگەی ئاوی پیسەوە بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە تیمی تەندروستی ئەمەریکا داوا لە خەڵک دەکات لەمڕۆوە ڕێگاكانى خۆپاراستن جێ بە جێ بكەن و ماسکی دەموچاو و پاککەرەوەی هەوا بەکاربهێنن. دکتۆر مارلین وۆڵف، یاریدەدەری مامۆستای تەندروستی ژینگەیی و تەندروستیى گشتی لە زانکۆی ئیمۆری و بەڕێوەبەری پرۆگرام لە کۆمپانیای Wastewater SCAN جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە لە ئێستادا لە سەدا سەدی نمونەکانمان لەسەر SARS-CoV-2 لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستنیشان دەکەین."
هاوڵاتی نرخی یەک ئۆنسە زێر لە بۆرسەکانی جیهان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە دوو هەزار و 507 دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژوودا تۆمار کرابێت. بەرزبوونەوەی ئاستی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و هەڵکشانی زیاتری گرژییە سیاسییەکان بووەنەتە هۆی ئەوەی نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوام بێت. هەروەها خاوبوونەوەی ئابووریی و کەمبوونەوەی هەلیکار لە ئەمریکا کاریگەریی لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، چونکە لەم حاڵەتەدا بازرگانان پەنا دەبەن بۆ کڕینی زێڕ. نرخی زێڕ لە بۆرسەی هەولێر بەم شێوەیەیە: مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24=605,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22=555,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21=530,000 مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18=455,000
هاوڵاتی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند دارستانێک باری نائاسایی لە پێنج ویلایەتی وڵاتەکەی تا ١٥ی ئەیلول ڕاگەیاند. ئیبراهیم یومەکلی، وەزیری کشتوکاڵی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پێنج ئاگری گەورە لە پێنج ویلایەتی تورکیا کەوتووەتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکان بۆ کونترۆڵکردنی ئاگرەکان. وتیشی: ئاگرەکانی ئۆدمیش لە ئیزمیر و پارێزگای دیدیم ئایدین لە ڕۆژئاوای وڵات کۆنترۆڵکراون، بەڵام هێشتا ئاگرەکە لە مانیسا، بۆلو، ئیزمیر، ئایدین، قەرەبوک و موغلا بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کوژێنەوە لە ناوچەی گۆینوک لە ویلایەتی بۆلو لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ڕەنگە ئاگرەکە بۆ ماوەیەک بەم شێوەیە بەردەوام بێت. لەکۆتایدا وتی: دەبێت هاوڵاتیان تا یەکشەممەی داهاتوو زۆر وریا بین، هەروەها باری لەناکاو لەو پێنج ویلایەتە تا ١٥ی ئەیلولی داهاتوو ڕادەگەیەنن، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بوونی بای بەهێز بووتە هۆی تەشەنەسەندی ئاگرەکە.
هاوڵاتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون، منداڵانیش ڕێژەی 35%ی ئەو ئاوارانە پێکدەهێنن. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2014، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار هاوڵاتی لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون. لە ڕاگەندروەکەشدا هاتووە، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون، منداڵانیش ڕێژەی 35%ی ئەو ئاوارانە پێکدەهێنن. نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا لە بەشێکیتری ڕاگەندراوەکەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا 150 هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان نیشتەجێن و 23%ی ئەوانەش بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن. دەشڵێن، ئەو کەسانەی لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و حزبوڵادا زیانیان بەرکەوتووە تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستیان بە 110 ملیۆن دۆلار هاوکاری دەبێت تاوەکو قەرەبوویان بکرێتەوە و پێدوایستی تەواویان بۆ دابین بکرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە. وەزارەتی تەندرووستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکدا دەڵێت، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 40 هەزار و 70 هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون. ئەوەشخراوەتەڕوو، ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 92 هەزار و 537 كەس . وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکیدا ئاماژە بەوەشدەکات، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 69 كەس لە غەزە كوژراون و 136ی دیكەش بریندار بوون. لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، 316 ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و 404 كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تیمی پزیشکی لە هەموو پارێزگا و فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بڵاوە پێدەکات، ئەویش بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون. نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون لە بەشێکی زۆر وڵاتان بڵاوبووەتەوە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی لە عێراق هەیە. ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند: ڕێکاری خۆپارێزییمان لە هەموو پارێزگاکان گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون. وتیشی: تیمی پزیشکی لە دەروازە سنووری و فڕۆکەخانەکان جێگیرکراون لەپێناو دڵنیابوون لە پێشتر سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندبوو"هیچ تووشبوویەک بەو نەخۆشییە لە عێراقدا تۆمار نەکراوە".
هاوڵاتی هۆشداری لەبارەی دەرمانێكی ساختە بۆ درێژبوونی باڵا دەدرێت بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، ئاگاداری هاوڵاتیان دەكاتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕیكلام بۆ دەرمانێكی درێژكردنی باڵا دەكرێت كە ساختەیە. ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕیكلام بۆ پاودەری هایت گڕۆوس - height growth دەكرێت گوایە بۆ درێژكردنی باڵا بەكاردێت، بەڵام ئەم دەرمانە ساختەیە و داوا لە هاونیشتمانیان دەكرێت نەیكڕن. " ئەو دەرمانە ڕێگەپێدراو نییە و مادەی شاراوەو مەترسیداری تێدایە، كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات". كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان وا دەڵێت. ئەم بەرهەمە لە ماڵپەڕە جیهانییەكانیش ڕیكلامی بۆ دەكرێت، بەڵام لەلایەن دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی بەكارهێنانی قەدەغە كراوە.
هاوڵاتی ماوەی دوو ڕۆژە دانوستانەکانی میسر و قەتەر و ئەمریکا لەگەڵ ئیسڕائیل بەبێ بەشداری حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە بەردەوامە، حەماسیش مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە. ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم دانوستان لە نێوان هەریەکە لە وڵاتانی ناوبژیوانی میسر و قەتەر و ئەمریکا بەڕێوەچوو و دەڵێن: پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە لە قاهیرە کۆدەبنەوە تاوەکو بتوانن بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست. تیمی ناوبژیوانی ئاگربەستی غەززە لەڕاگەیاندراوێکدا دەڵێن: سەرجەم تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەر وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئاگربەست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە لەبەردەم ئاگربەستدا. ئیسرائیل لە دەوحە، داوایکردووە مافی ڤیتۆکردنی ئازادکردنی هەندێ بەندکراوی فەڵەستینی هەبێت، هەروەها بتوانێت هەندێ لە بەندکراوە فەڵەستینییەکان دیپۆرتی شوێنەکانی دیکە بکات، نەک غەززە. بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسییش ڕایگەیاند، ئەو "مەرجە نوێیانە" ڕەتدەکەنەوە کە ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لەم دوو رۆژەدا لە دەوحە پێشکێشی کردوون. دەشڵێت: یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل بریتییە لە هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لە نێو غەززە بە درێژایی سنووری میسر، لە کاتێکدا حەماس داوای کردووە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچە فەڵەستینییەکان بکشێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بەندکراوە فەڵەستینییەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئیسرائیل جارێکیتر داوای لە ئاوارەبووانی فەڵەستینی کرد ناوچەی دێر بەلەح بەجێبهێڵن چونکە هێزەکانیان هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 16ی ئابی 2024، ئەمریکا و قەتەر و میسر ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، پێشنیازی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی خێرا ڕێخۆشكەرە و لەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە كۆدەبنەوە. لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، لە ڕۆژانى داهاتوودا کار لەسەر چۆنییەتى جێبەجێکردنى پێشنیازەکانى ئاگربەست دەکەن، پێشنیازەکەى ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکى خێرا لە غەززە ڕێگەخۆشکەرە. دەشڵێن، بەرپرسانى باڵایان لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا جارێکى دیکە لە قاهیرە کۆدەبنەوە. لە ڕاگەندراوەکەشدا باسلەوەکراوە، پاڵپشتی میسر و قەتەر، واشنتن پێشنیازێكی پێشكەشكردووە كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەوداكان و لەگەڵ ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دایناوە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشدا دەگونجێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 16ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی دوو گەریلا کە لە زاپ شەهید بوون ڕاگەیاند. هەپەگە دەڵێت، ئەندامی فەرماندەیی گواستنەوە و ئیدارەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و کۆنسەی فەرمانداری هەپەگە و هەڤاڵانمان ئالان ملازگر و دکتۆر سارا تۆلهەلدان لە 21ی حوزەیرانی 2024ی لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سیدای زاپ لە چالاکی هێرشی فیدای لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر شەهید بوون. ئاماژە بەوەشکراوە، لە زاپ کە سوپای تورکیای داگیرکەر لە 24ی نیسانی 2021ەوە بە ئاستێکی زۆر بەرفراوان، وە لە 14ی نیسانی 222ش لەسەر هەمان بنەمای داگیرکاری بەرفراوان هێرشی کرد، بۆیە لەو قۆناغەدا یەكێک لە هەرە بەرخۆدانە مێژوویەکان بەڕێوەدەچێت، لە قۆناغی بەرخۆدانی چیای ڕەش، شەهید شاهین، چلۆی بچوک، شاخی جەهەنم، ئەشکەوتی برینداران، کورەژارۆ، کارکەر، وەرخەلی، کۆرکەر، چەمچۆ، سیدا، شاخی ئێف ئێم، شاخی جودی، شاخی ئامێدی و شاخی بەهار داستانی مێژووی تێدا نووسرایەوە، ئەم گۆڕەپانانە کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەیویست لەماوەی چەند هەفتەیەکدا داگیری بکات، لە پای بەرخۆدانی مێژووییەوە کە ماوەی 3 ساڵە بەردەوامە، هەرێمی زاپ بووە بە قەڵای بەرخۆدان کە ناتوانرێت داگیربکرێت. هەپەگە باسلەوەشدەکات، فەرماندەی قارەمانی فیدای ئاپۆی ئالان ملازگر و ژنە قارەمانی کورد دکتۆر سارا تۆڵهەلدان لە 21ی حوزەیرانی 2024دا بۆ پاراستنی هەڤاڵانیان گیانی خۆیان کرد بە سەنگەری بەرگری و لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر چالاکی هێرشی فیداییان کرد، بە ڕۆحی گەورەی فیداییەوە هێرشییان کردە سەر بارەگاکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و گورزی کەمەرشكێنیان لە بارەگای داگیرکەران وەشاند و گەیشتن بە ئاستی شەهادەت. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل لە کۆتای ڕاگەندراوەکەدا دەڵێن، هەڤاڵانمان ئالان و سارا بە بەرخۆدانی ڕەسەن و چالاکی فیداکارییانەوە بۆ هەمیشە دەبنە رێبەری ئێمە، بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە خاوەنداری لە یادکردنەوەیان بکەین و هەمیشە بەزیندووی ڕایگرین، تێکۆشانیان بڵند بکەین، ئامانجەکانیان بەسەر بخەین، تۆڵەکردنەوە و بەرخۆدانی مێژووییان بکەین بە پاساوی سەرکەوتنێکی گەورە، بە دڵنیاییەوە هەڵوێست و بەرخۆدانی بە شکۆی ئالان و ساراکان سەردەکەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی بەڕێزی ئالان و سارا و گەلی وڵاتپاریزمان دەرەبڕین. هەپەگە ناسنامەی هەردوو شەهیدی بەم شێوەیە خستۆتەڕوو: ناسناو: سارا تۆڵهەلدان ناوی پاشناو: لەیلا ئایکوت شوێنی لە دایک بوون: ئەدەنە ناوی دایک و باوک: گەورێ- عەزیز شوێن و کاتی شەهید بوون: 21ی حوزەیرانی 2024/زاپ. ناسناو: ئالان ملازگر ناوی پاشناو: ئەندەر بودانجەر شوێنی لەدایکبوون: موش ناوی دایک و باوک: خەزال- نوسرەت شوێن و کاتی شەهید بوون: 21ی حوزەیرانی 2024/زاپ.
هاوڵاتی ئاژانسی ئاسمانیی ئەمریكا "ناسا" باس لە دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی لە هەسارەی مەریخ دەكات، دەڵێت " لە ڕێی پشكنەرێكی تایبەتەوە بووە". پشكنەرەكەی ناسا لە ساڵی 2018 گەیشتووەتە مەریخ كە هەڵگری بومەلەرزەپێوەرێك بووە و بە ماوەی چوار ساڵ لەرزینەكانی بوومەلەرزە قووڵەكانی مەریخی تۆمار كردووە. لەگەڵ پێوانی ئەم لەرزینانە، توێژەران توانیویانە پێكهاتەی مەریخ بزانن كە یارمەتیدەر بووە بۆ گەیشتن بە سەرچاوە ئاوییەكان. ناسا هەمان تەكنیكەكانی دۆزینەوەی نەوت و گازی سەر زەوی بۆ دۆزینەوەی ئاو لە سەر مەریخ بەكار هێناوە. وەك ناسا دەڵێت بەگوێرەی داتاكان سەرچاوەكانی ئاو لە قۆڵایی 10 بۆ 20 كیلۆمەتر لە ڕووی هەسارەی مەریخن، لە ڕابردووشدا ژمارەیەكی زۆر ڕووبار و گۆم لەم هەسارەیە هەبوون. هەرچەندە ئەمە یەكەمجارە سەرچاوەی ئاو لە مەریخ دەدۆزرێتەوە، بەڵام پێشتر هەندێك بەڵگە دۆزراونەتەوە، باس لە ئاوی بەستوو لە جەمسەرەكانی هەسارەی مەریخ دەكەن.
هاوڵاتی ئەمریكا لە 13 ساڵدا 12 كونسوڵی لە هەرێمی كوردستان گۆڕیوە دوێنێ ستێڤ بیتنەر، وەك كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوو، ئەمە 12 هەمین كونسوڵە لە ماوەی 13 ساڵدا لە هەرێمی كوردستان دەستبەکاربێت. ئەمریكا لە ساڵی 2011ەوە لە هەرێمی كوردستان كونسوڵخانەی هەیە و لەو ماوەیەشدا تا ئێستا 12 كونسوڵی گۆڕیوە. ئەمڕۆ ستێڤ بیتنەر، كونسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لە كاتی دەستبەكاربوونیدا ڕایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی هێزەكانی پێشمەرگە ویارمەتی خەڵكی ناوچەكە". بەپێی زانیارییەکان ساڵی 2011 ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان کونسوڵخانەی خۆی كردەوە، ئێستاش سەرقاڵی دروستكردنی باڵەخانەی کونسوڵخانەیەکە كە لە ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێت و یەكێكە لە گەورەترین کونسوڵخانەکانی ناوچەكە.
هاوڵاتی 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکۆژی گوندی کۆجۆی سەر بە قەزای شنگال تێپەڕی کە لەلایەن داعشەوە سەدان کوردی ئێزدی کوژران و سەدانی دیکەش ڕفێنران. دوای 12 ڕۆژ لە کارەساتی شنگال داعش هێرشی کردە سەر گوندی کۆجۆ تاوانێکی دیکەی گەورەی دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجامدا لە ڕۆژی 15-08-2014، چەکدارانی داعش هەزار و 250 کەسی خەڵکی گوندی کۆجۆیان دەستبەسەر کرد و خەڵکیان لەناو 18 گۆڕی بەکۆمەڵدا گولـلەباران کرد و نزیکەی 850 کەسیان ڕفاند. چۆن ڕوویدا؟ دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە ڕۆژی 03-08-2014، چواردەوری گوندی کۆجۆیان گرت و گەمارۆیاندا و ڕێگەیان نەدا خەڵکەکەی بچنە دەرەوە، تاوەکو ڕۆژی 15ـی ئەو مانگە چوونە ناو گوندەکە و سەرجەم خەڵکی گوندەکەیان دەستبەسەر کرد. پێشتر نزیکەی هەزار و 750 کەس لەناو گوندی کۆجۆدا دەژیان، لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر شنگال ژمارەیەک خێزان گوندەکەیان بەجێهێشتبوو، هەموو ئەوانەی مابوون هەزار و 250 کەس بوون و لە قوتابخانەی گوندەکەدا کۆکرابوونەوە و لهقاتی خوارهوهی قوتابخانەکە پیاوان و لە قاتی دووهمیش ژنان و منداڵان دانرابوون، چەکدارانی داعش مۆبایل و پاره و زێڕ له خهڵكەکە دهستێنن، تهنانهت بازنه و ملوانكهی ژنهكانیش، دەستکرا بە جیاکردنەوەی خێزانەکان لە یەکتر و ئیتر قوتابخانە دوا وێستگەی یەکتر بینینیان بوو، هەر بۆیەش ئێستاش قوتابخانەی گوندی کۆجۆ، لە ناوەندنێکی زانستییەوە بووە بە مۆزەخانەی قوربانییەکانی ئێزدییەکان. لە قوتابخانەوە بۆ کۆمەڵکوژی پیاو و بەتەمەنەکان لە ئۆتۆمبێلی کیا بەزۆر سەردەخەن، چهكدارهكان پێیان وتوون دهیانبهن بۆ چیای شنگال و ئازادیان دەکەن، بهڵام لە دەورووپشتی گوندهكه، ئۆتۆمبێلهكان ڕادهگرن و پۆل پۆل ڕیزیان دهكهن، ژمارەیەک چەکداری داعش وەستابوون و ههرجاره و ژمارەیەکیان گولـلهباران دهكردن، چهند چهكدارێكیش وێنه و ڤیدیۆی دیمهنهكهیان دهگرت. کۆجۆ چەند کەسی تێدابوو گوندی کۆجۆ بە دووری 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شنگال و لەکاتی هێرشەکەدا داعش لە کۆی هەزار و 250 کەس زیاتر لە 400 کەسی کۆمەڵکوژ کرد و لە 18 گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەورووپشتی گوندەکەدا زیندەبەچاڵی کردن، 19 کەس بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاربوون و 852 گەنج و کچ و ژن و منداڵ ڕفێنران و بۆ مووسڵ و سووریا بران. تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 کەس لە ڕفێنراوانی گوندی کۆجۆ لە دەستی داعش ڕزگارکراون. لە گوندی کۆجۆ گۆڕستانێکی گەورە بۆ ناشتنی قوربانییان دروست کراوە کە 517 گۆڕی تێدا ئامادە کراوە، تا ئێستا تەنیا 358 ڕووفات دەرهێنراون.
هاوڵاتی تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا باری لەناكاو لە جیهاندا ڕاگەیاند بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون. تێدرۆس ئەدهانۆم ڕایگەیاند، لیژنەی فریاگوزاریی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كۆبوونەتەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئاوڵەی مەیموونەوە پێیان ڕاگەیاندم، كە بارودۆخی لەناكاوی تەندروستیی جیهانی بەهۆی پەتای ئاوڵەی مەیمون ڕابگەیەنم، بۆیە منیش ئەو ئامۆژگارییەم قبوڵكرد. دەشڵێت، مەترسی پەتای مەیمون بەشێكی زۆر وڵاتانی ئەفریقای هەراسان كردووە. سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نەخۆشییە زۆر زوو دەگوازرێتەوە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی سەرەتاییدا لە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ لانیكەم 450 كەسی كوشت. وتیشی: لە ئێستادا لە بەشێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە و زانایان نیگەرانن لە خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێ پەتاكە.