هاوڵاتی/ بەریتانیا ئامادەکردنی/ كاوە ڕەش دادگای تاوانەكانی شاری شەفێڵد لەبەریتانیا، گوێبیستی چیرۆكی ئەنجامدانی دەستدرێژیی و هێرشی زیندانی كراوێكی كورد بوو، بەناوی پێشەوا غەفور، بۆسەر كارمەندێكی ئافرەتی گرتوخانەكە، لەناو زینداندا. پێشەوا غەفور، ئێستا بەتاوانی كوشتنی گەنجێكی تەمەن حەڤدەساڵ بەچەقۆ ، لەكاتی شەڕ و ئاژاوەیەکدا لەشاری شەفێڵد بەناوی محەمەد ئیقبال، لەمایسی ٢٠٢٣دا، لەزینداندایە، لە گرتوخانەی شارۆچكەی دۆنكاستەر لە گێڕانەوەی چیرۆكەكەدا لەبەردەم دادوەر، كارمەندی لێكۆڵینەوە گوتی، تۆ لەناو زیندان زۆر توڕەبویت و هاوارت بەسەر كارمەندێكی گرتوخانەكەدا كردوە، لەبەرئەوەی تەلەفیزیۆنت نەبووە بۆ سەیركردن! كارمەندە ئافرەتەكەش چونكە بەباشی گوێی لێت نەبووەو لێت تێنەگەیشتوە، هاتۆتە ژوورەوەو دەرگای لێكردویەتەوە، بەڵام تۆ بەتوندی پەلامارت داوەو شانت گرتووە، دواتر هاوارت بەسەرداكردووە كەپێت گوتووە ”تۆ بۆ حەز بەمن ناكەیت و تەلەفیزیۆنم بۆ دابین ناكەن” كارمەندە ئافرەتەكە ویستویەتی خۆی لێت ڕزگاربكات و لەڕێگای ڕادیۆی بێ تەلەكەیەوە، داوای هاوكاری لەكارمەندەكانی دیكە كردووە، بەڵام تۆ دیسانەوە پەلامارت داوەو گرتوتە. هەرلەدانیشتنی ئەو دادگایكردنەدا، کەلە ٨ی ئابی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، داداگا گوێبیستی ئەوە بوو کەچۆن دواتر ئەفسەرێكی دیكەی نێو زیندان هاتووە بۆ هاوکاریی کردنی هاوڕێكەی، تاهەوڵ بدەن پێشەوا غەفوری تەمەن ٣١ ساڵ، بخەنەوە ناو ژوورەكەیی و دەرگای لەسەر دابخەن، بەڵام جارێكی دیكەش بەهەڕەشەو توندو تیژی و هاواركردن ویستویەتی پەلاماری هەردووك كارمەندەكە بدات. پێشەوا غەفور، دانیشتوی جادەی بیرکێندەیڵ، وۆکلی، بووە لەشاری شەفێڵدی بەریتانیا، ئەو بەتاوانی كوشتنی هەرزەكارێكی تەمەن ١٧ساڵ بەچەقۆ لەكاتی پێك هەڵپژان لەیەكێك لەڕێستۆرانتەكانی شەفێڵد، سزای ٧ساڵ زیندانی بۆبڕاوەتەوە و ئێستا لەگرتوخانەی شارۆچكەی دۆنكاستەر، زیندانی كراوە. جگە لەو تاوانە، پێشەوا تاوانبارە بەگێچەڵ و دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی گرتوخانەو فریاگوزاری. سەرباری سزای حەوت ساڵ زیندانی، كەبەتاوانی كوشتن و چەقۆكێشی بەسەریدا سەپاوە، دادوەر سزای چوار هەفتەی دیكەی بۆ زیادكردووە، بەهۆی مامەڵەی دەستدرێژیی و هێرشی توندوتیژی بۆسەر كارمەندانی گرتوخانەو فریاگوزاری.
هاوڵاتی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، پابەندین بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە تێکشکاندن و سەرکوتکردنی چەکدارانی داعش. ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بەگەیاندنی کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە هێزەکانی پێشمەرگە، ئێمە پابەندین بە بەهێزترکردنی تواناکانی هێزەکانی عێراق، لە نێوانیان هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە بەردەوامیی تێکشانی داعش لە عێراق". گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە چەندان جار لە دامەزراوە باڵاکان و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا جەخت لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە کراوەتەوە.
هاوڵاتی داوا لە ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس کراوە ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئابی 2024، لە دەوحە و قاهیرە وتووێژی بەپەلە دەست پێ بکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە و بەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن بکەن. ئەمڕۆ ههینی، 9ی ئابی 2024، نووسینگهی بنیامین ناتانیاهۆ، سهرۆكوهزیرانی ئیسرائیل ڕایگهیاند، دوای پێشنیازه سێقۆڵییهكهی نێوان جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا، عهبدولفهتاح سیسی، سهرۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تەمیم سانی، میری قهتهر، ئیسرائیل ڕازی بووه شاندی دانوستانكاری خۆی له 15ی ئهم مانگه بنێرێته شوێنی دیاریكراو بۆ دانوستان لهگهڵ حهماس و تاوتوێكردنی ئاگربهست له غهززه. ئەمەش لە کاتێکدایە، شهوی پێنجشهممه، 8 ئابی 2024، ههر یهك له جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا، عهبدولفهتاح سیسی، سهرۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال تەمیم سانی، میری قهتهر بەیاننامەیەکی هاوبەشییان لەسەر ڕەوش و بارودۆخی غەززە و خانەوادەی بارمتەکان بڵاو کردەوە و داوایان كرد دەستبەجێ ئەو نەهامەتییانە ڕابگیرێن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کاتی ئەوە هاتووە دەستبەجێ کۆتایی بە ئازاری درێژخایەنی خەڵکی کەرتی غەززە و بارمتەکان و خێزانەکانیان بهێنرێت، کاتی ئەوە هاتووە کە ئاگربەست بكرێت و بارمتە و دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێت. ئەوەشیان خستەڕوو، ئێمە هەر سێکمان و تیمەکانمان چەند مانگێکە هەوڵمان دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی کە ئێسته لەسەر مێزە و تەنیا پێویستی بە تەواوکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنەکەیە. دەشڵێن، نابێت چیتر کات بەفیڕۆ بدرێت و نابێت هیچ لایەنێک بیانووی بۆ دواخستنی هەبێت، کاتی ئازادکردنی بارمتەکانە، کاتی دەستپێکردنی ئاگربەست و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هاتووە. ئەوەشخراوەتەڕوو، وەک ناوبژیوان، ئامادەین ئەگەر پێویست بکات پێشنیازی کۆتایی پێشکەش بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جێبەجێکردن بە شێوەیەک کە له ئاست چاوەڕوانی هەموو لایەنەکان بێت. باسلەوەشکراوە، داوامان لە هەردوولا کردووە لە ڕۆژی پێنجشەممە 15ی ئاب لە دەوحە و قاهیرە وتووێژی بەپەلە دەست پێ بکەنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە و بەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکەن. جێگەی ئاماژەیە، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە ڕێک خراوە کە بایدن لە 31ی ئایاری 2024 پێشکەشی کرد و بە بڕیاری 2735 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیریی کراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی بۆ دانیشتووانی لوبنان دەرکرد و ڕایگەیاند، ئەگەر میلیشیاکانی حزبوڵا بەردەوام بن لە دەستدرێژییەکانیان، ئیسرائیل بە هەمو هێزی خۆیەوە شەڕ دەکات. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەگەر حزبوڵا درێژە بە دەستدرێژیی خۆی بدات، ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆیەوە شەڕی لەگەڵ دەکات، دەشڵێت "ئەوانەی یاری بە ئاگر دەکەن، پێویستە چاوەڕوانی لەناوچوون بن". یۆواڤ گاڵانت، لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ڕێگە نادەین میلیشیای حزبوڵای لوبنان سنورەکان و ناوچەکە تێکبدات.
هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنێ بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕى 7.1 پلەی ڕێختەر كەناراوەكانی باشووری ژاپۆنی هەژاند و بەهۆیەوە 8 كەس بریندار بوون، شارەزایانی ژاپۆنی هۆشدارییان دا لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەكی دیكەی بەهێز. ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، فومیو كیشیدا سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن دوای هۆشداریدان لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەكی دیکەى بەهێز، گەشتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی بۆ ئاسیای ناوەڕاست هەڵوەشاندەوە. جێگەی ئاماژەیە، دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانكەرەی كە لە ساڵی 2011 ڕوویدا، ئەمە یەكەمجارە هۆشدارییەكی توندى هاوشێوە دەدرێت.
هاوڵاتی بەهۆی زیاتر بوونی حاڵەتەكانی ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا، تەندروستی جیهانی ئامادەكاری دەكات بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی. لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ئاوڵەی مەیموون زیادی كردووە، ئەمەش مەترسی گەورەی لەسەر تەندروستی جیهان دروستكردووە و پزیشكان هۆشداری دەدەن لە تەشەنەسەندنی. لە كۆماری كۆنگۆی دیموكرات تا ئێستا 511 كەس بە ئاوڵەی مەیموون مردون و زیاتر لە 14 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون. لەوبارەیەوە، تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندرستی جیهانی ڕایگەیاند: ئاوڵەی مەیموون مەترسی لەسەر ملیۆنان كەس لە جیهاندا هەیە و ئامادەكاری دەكەین بۆ ڕاگەیاندنی ڕووداوەكە وەك مەترسییەكی گەورە و حاڵەتی فریاگوزاری نێودەوڵەتی. ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەكی دەگمەنی ڤایرۆسیی گواستراوەیە و لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و هەروەها لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.
هاولاتی هەپەگە ناسنامەی دوو شەهیدی ڕاگەیاند بە ناوەکانی گەلهات و دۆغان، کە لە هەرێمی مەتینا شەهیدبوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەهیدبوونی دوو گەریلا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هاوڕێیانمان گەلهات کۆچەر و دۆغان عامودێ لە هەرێمی مەتینا لە کاتی جیاجیادا لە هێرشەکانی دوژمندا شەهیدبوون. هەپەگە ئەوەشی خستۆتەڕوو، هاوڕێیانمان گەلهات و دۆغان کە بە کاریگەری وەرگرتن لە ڕۆحی ئازادیی ئاپۆیی لە کوردستان تێکەڵ بە ڕیزەکانی تێکۆشان بوون، بە بەرخۆدانی خۆیان لە دژی هێرشە قڕکارییەکان بۆ سەر گەلەکەمان، بوونە نمونەی هەرە بەرچاوی یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەندراوەکدا باس لەوەشدەکەن، هاوڕێانمان ئەوەی بە ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆیان دانا کە لە کوێ هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان، ئەوان لەوێ بن و بجەنگن، بەو تایبەتمەندیەشیان بۆ سەرجەم گەنجانی کورد بوونە نموونە، هاوڕێیانمان گەلهات و دۆغان کە لە هەموو ساتێکی ژیانی تێکۆشانیاندا مۆرکی خۆیان لە سەرکەوتنی گەورەدا، بە بەشداربوونی چالاک لە هەموو کارێکدا و هەڵوێستی جەنگاوەرانەی خۆیان، لە بەرەکانی بەرخۆدان لە دژی هێرشەکانی دوژمن بە کەسایەتی گیانبازانە شوێنپێی گرنگیان لە مێژووی تێکۆشانمان بەجێهێشت. هەپەگە باسلەوەشدەکات، گەلهات و دۆغان بڕوایان بەوە هەبوو کە سەرکەوتن لە شەڕ و ئازادیی گەلەکەمان تەنیا لە ڕێگەی تێکۆشانێکی فیداییەوە مسۆگەر دەبێت، بە ڕەنج دەبێت و لەو پێناوەدا بە تێکۆشانی دەروێشانە بوونە جەنگاوەری نمونەیی ئاپۆیی. وتیشی، هاوڕێیانمان خاکەڕایی بوون و لە خۆبوردەیی کە یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جەنگاوەری ئاپۆییە وەک شێوەی ژیان قەبوڵیان کرد، بە ڕاستگۆیانەوە ولە دڵەوە ژیان و ورەی بەرزی خۆیان، بە قوڵبوونەوەیان لە جیهانی واتا بۆ تێکۆشانمان و هاوڕێیانیان بوونە هێز و ورە. لە کۆتایی ڕاگەندراەکەشدا هاتووە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەلهات و دۆغان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکات و بەڵێن دووبارەدەکەنەوە کە لە کوردستانی ئازاد دا یادی ئەو جەنگاوەرە ئاپۆییە بەنرخانە بکەنەوە. هەپەگە بەم شێوەیە زانیاری لەسەر ناسنامەی هەر دوو شەهید خستۆتەڕوو: ناسناو: دۆغان عامودێ ناو و پاشناو: ئەحمەد عومەر شەریف شوێنی لەدایکبوون: دێرەزور ناوی دایک- باوک: شوکریە – عومەر کات و شوێنی شەهیدبوون: 17ی حوزەیرانی 2024/مەتینا ناسناو: گەلهات کۆچەر ناو و پاشناو: عەبدوڵا ئارسلان شوێنی لەدایکبوون: شڕنەخ ناوی دایک- باوک: خەزال – ئەحمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: 9ی حوزەیرانی 2024/مەتینا
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک، نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 78 دۆلار بەرزبووەوە. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 29 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. جێگەی ئاماژەیە، بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە دابەزیوە، هەروەها گرژییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە ئەگەری تۆڵەکردنەوەی ئێران لە ئیسرائیل و کاردانەوەی تەلئەڤیڤ، خواستی بۆ کڕینی نەوت زیادکردووە.
هاوڵاتی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، بەلەمێكی كۆچبەران كە 70 كۆچبەری لەسەر بووە لە كەناراوەكانی یۆنان كون بووە، پۆلیسی یۆنان بە هانایانەوە چووە و ڕزگاركران. بەلەمێك لە توركیاوە بەرەو یۆنان بەڕێكەوتووە، بەلەمەكە كون بووە، كۆچبەرەكان تووشی مەترسی بوون و پێش ئەوەی بكەونە ناو ئاوەكەوە لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە ڕزگاركراون. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی هیچ پەنابەرێك نە خنكاوە وهەواڵە ڕاستەكە ئەوەیە تەنیا بەلەمەكەیان كون بووە، بەپێی زانیارییەكانیش دۆخی پەنابەرەكان باشە و هەموویان ڕزگاركراون و سەرجەمیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی ئابی 2024، نرخی نەوتی برێنت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا. ئەمەش لە کاتێکدایە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 21 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. جێگەی ئاماژەیە، نرخەکانی نەوت ئێستا لە کەمترین ئاستی خۆیاندا لە ماوەی زیاتر لە 12 مانگی رابردوو مامەڵەیان پێودەکرێت.
هاوڵاتی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بووە كاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوای ئەوەی لیژنەی نیشتمانی پارتەکە ئەنجامی کۆتایی پرۆسەی دەنگدانی ئۆنلاینی بڵاوکردەوە. دوای کشانەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، هاریس توانی دەنگی پێویستی نوێنەرانی دیموکراتەکان لە دەنگدانێکی ئەلکترۆنیدا بۆ كاندیدی بەدەست بێنێت. ڕۆژی 5-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. ئەگەر هاریس بتوانێت هەڵبژاردنەکە لە ترەمپ بباتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن کە بووبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
هاوڵاتی/ بەریتانیا کاوە ڕەش تادێت هێرش و ئاژاوەی گروپە ڕاستڕەوو توندڕەوەكانی بەریتانیا، تەشەنە دەستێنێت و لەم هەفتەیدا دەیان ئاژەوەو توندوتیژیان بەرامبەر خەڵكانی بێگانەو پەناخوازان، ئەنجام داوە. شڵەژانی شەقامەکانی بەریتانیا ، لەدوای هێرشی هەرزەكارێكی بەڕەگەز بێگانە هات، كەژمارەیەك منداڵی لەسەنتەرێكی سەماكردن، برینداركردو كوشت، هاوكاتیشە لەگەڵ دەستبەكاربونی سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا و دەسەڵاتداریەتی پارتی كاری بەریتانیا. ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی پڕ زەحمەتە بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، كەڕووبەڕووی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئاژاوەگێڕەكان هەڕەشەی دەرچوون لەکۆنتڕۆڵ دەكەن، دەسەڵاتداران خۆپێشاندەران، بە ئاژاوەگێڕو، جەردەو چەقكێش ناو دەبەن. ئەم ئێوارەیە سەرۆك وەزیران، پەیامێكی توندی ئاڕاستەی ئاژاوەگێڕان كردو ڕایگەیاندوە، كەدەسەڵاتی تەواو دراوە بەهێزە ئەمنییەكان، بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی كاری شەڕەنگێزی و پەلاماردەری ئەنجام دەدەن، تا ببرێنە بەردەم دادگا. هاوكات سەرۆك وەزیران وتی، ئەركی ئێمەیە كەسەلامەتی گیانی هەموو خەڵكی بەریتانیا بپارێزین، بێ جیاوازی ڕەگەزیی و ئاینی ونەتەوەی، ب تتایبەتیش ڕەوەندی موسڵمانەكان، كەئێستا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەكرێتەسەر. هێرشی نەژاد پەرست وتوندڕەوەكان، تەشەنەی سەندوە بۆسەر مزگەوت و شوێنەئاینیەكانی بێگانەكان، لەنێویاندا هۆستێل و هۆتێل وشوێنی داڵدەدانی پەناخوازان. ڕۆژی یەكشەممە، هێرشەكان توندتربونەوەو سەدان ئاژەوەچی ویستویانە هێرش بكەنە سەر چەندین مزگەوت لەبەریتانیا، هەر لەو ڕۆژەشدا هێرشكراوەتە سەر هۆتێلێكی مانەوەی پەناخوازان لەشارۆچكەی ڕۆزەراهام و زیانی زۆر بەرهۆتێلەكە كەوتووە، بەڵام پۆلیس دەڵێ، جگە لەزامداربوونی چەند كاڕمەندێكیان هیچ كۆچبەرێك وستافی هۆتێلەكەزامدار نەبوون بەهۆی هێرشەكەوە. لەلایەكی دیكەوە، گروپی بچوك بچوكیش، هێرش دەكەنە سەر دووكانی بیگانەكان و وەك لەچەند گرتە ڤیدۆی نێو سۆشیال مێدیادا بڵاوبونەتەوە دەركەوێ، ژمارەیەك سەرتاشخانەی كوردەكان دەشكێندرێن و ئاگر دەخرێتە نێو دوكانەكانیان. لەچەند ناوچەیەكیش بەشێك لەبێگانەكان گردبوونەوە بۆ پاراستنی مزگەوت و دوكانەكانیان، تا هێرشی نەكرێتەسەر، بەڵام پۆلیس داوا دەكات، هەموولایەك خۆیان بەدوور بگرن لە ڕووبەڕووبونەوەو پێك هەڵپژان، لێگەڕێن پۆلیس ئەركەكانی خۆی ڕاپەڕێنێت ئەمڕۆ دووشەمە كابینەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كۆبوونەوەی فریاگوزاری لەناكاو دەبەستێت، كەناسراوەبە (كۆبرا) بۆ خۆئامادەكردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو شەڕوئاڵۆزی و پشێیویەی بەشێكی بەریتانیای گرتووەتەوە.
هاوڵاتی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ڕووسیا داوا لە هاوڵاتییانیان دەکەن بەپەلە لوبنان جێبهێڵن. لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی درووسبوونی شەڕی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی ئهمریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، ڕووسیا ئەمڕۆ هۆشدارییان دا بە هاوڵاتییانیان، بۆ ئەوەی دەستبەجێ لوبنان بەجێبهێڵن. ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئابی 2024، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوای لە هاوڵاتییانی کرد بەپەلە هەر بلیتێک کە بەردەستە بەدەستی بهێنن و لوبنان بەجێبهێڵن، بەهۆی مەترسییەکانی ڕوودانی پێكدادانی سەخت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی فراوانبوونی جەنگی غەزەوە. هەر ئەمڕۆش لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیا بە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن، چونکە ئەگەری هەیە بەم نزیکانە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ لوبنان لە فڕۆکەخانەی بەیروتەوە ڕابگیرێن. هاوكات حكومەتی بەریتانیا هۆشداریدا بە هاوڵاتییانی و ڕایگەیاند، پێویستە هەر ئێستا بڕۆن و بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن. دواین وڵاتیش کە هۆشداری بە هاوڵاتییانی دەبێت ڕووسیایە و داوا لە هاوڵاتییانی دەکات بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن.
هاوڵاتی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، هێزەکانمان لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەرکەوتوو بوون لە تێکشاندنی مووشەکێکدا. ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئابی 2024، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی مووشەکێکدا کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەکرابوو. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێزەکانیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی مووشەکێکدا و شوێنی هەڵدانەکەی، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاراستە کرابوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم چەک و مووشکە نوێیانە هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە. سێنتکۆم باس لەوەشدەکات، هێزەکانیان هەموو ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی کەشتیوان و پارێزراوترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەگرنەبەر.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 2ی ئابی 2024، بەهۆی گرژیەکان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت. لەم بارەیەوە لە ڕاگەندراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس هێڵی ئاسمانی هیندستان بڕیاریدا گەشتەکانی لەگەڵ تەلئەبیب ڕابگرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، لای خۆیەوە “لوفتانزای ئەڵمانی” گەورەترین گروپی هێڵی ئاسمانی ئەوروپی، ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب ڕاگەیاند، ئەم ڕێوشوێنانەش دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دێت. لوفتانزا ئەڵمانی ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە تا ڕۆژی 8ی ئاب گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تەلئەبیب ڕاگیرا، هەروەها ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت تا 12ی ئاب درێژکرایەوە. هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانیشی بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەمەش هێڵی ئاسمانی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتەکانی لەگەڵ تەلئەبیب تا 6ی ئاب ڕادەگرێت. جێگەی ئاماژەیە، کۆمپانیای ئەڵمانی “لوفتانزا” خاوەنی هێڵی ئاسمانی سویسری و هێڵی ئاسمانی نەمساشە.