هاوڵاتی شەوی ڕابردوودا، بە هۆکارێکی نەزانراو بۆریە نەوتێکی حکومەتی هەرێمی کورستان تەقیوەتەوە و تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکەی نەزانراوە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2022، کۆمپانیای بۆتاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای تەقینەوەکە، ئاگر کەوتووەتەوە ستافی ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی تەقینەوەکە بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. هۆکاری تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دیووی تورکیا بەپێی کۆمپانیای بۆتاش دیارنییە. بەرپرسانی بۆتاش لە دیووی تورکیا رایانگەیاندووە، بۆریی 40 ئینچی هێڵەکە زیانی پێگەیشتووە ئێستا سەرقاڵی ئەوەن کە بزانن ئایا بۆریی 46 ئینچی هێڵەکە کە وەک جێگرەوە کاری پێدەکەن زیانی پێگەیشتووە یان نا. ئەگەر بۆریی 46 ئینچی زیانی پێنەگەیشت بێت، دەتوانن گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو بۆرییەوە دەستپێبکەنەوە. بەڵام ئەو کارە پێویستی بە کاتە لەبەر ئەوەی هەردوو بۆریی 40 ئینچی و بۆریی 46 ئینچی لەژێر زەویدان. تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە درێژییەکەی 511 کیلۆمەترە دوایین رووداوە لە پچڕانی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و نرخەکانی نەوتی بەرزکردەوە بۆ نزیکەی 90 دۆلار. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 30 سەنتی دیکە بەرزبووەوە بە 88 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. کاژێر 5 ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت تەنانەت نزیکبووەوە لە 89 دۆلار و 5 سەنت. ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی برێنتە لە مانگی 10 ی ساڵی 2014 بە دواوە. بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە نەوتی کەرکووکیش کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت دەگوازێتەوە. لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
هاوڵاتی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی مەهەپە رایگەیاند:" بەشداریپێکردنی تورکمان لە کایەی سیاسیی عێراق ناچارییەکی مێژوویی و سیاسییە. تورکمان گەلێکی خوێندەوار و ئەفەندین مافی خۆیانە نوێنەرایەتیی سیاسییان هەبێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکرێت. بۆیە لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەبێ لانیکەم دوو وەزارەت بە تورکمان بدرێت". دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی مەهەپە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوێنەرایەتی تورکمان رایگەیاند "لە دوایین هەڵبژاردنەکانی عێراقدا حەوت پەرلەمانتاری تورکمان هەڵبژێردران. بەڵام ئەم ژمارەیە لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبووایە ژمارەی نوێنەرانیان سێ هێندە بووایە. بەشداریپێکردنی تورکمان لە کایەی سیاسیی عێراق ناچارییەکی مێژوویی و سیاسییە. تورکمان گەلێکی خوێندەوار و ئەفەندین مافی خۆیانە نوێنەرایەتیی سیاسییان هەبێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکرێت. بۆیە لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەبێ لانیکەم دوو وەزارەت بە تورکمان بدرێت". دەوڵەت باخچەلی، تورکمان بە "پێکهاتەیەکی رەسەنی عێراق" ناودەبات و دەڵێت: "یەکێکن لە سێ فاکتەرەکانی دامەزراندنی عێراق. بۆیە عێراقێکی بێ تورکمان بریندارە نیوەچڵە هەتیووە و سەرباری ئەمەش بێبەشن لە مافەکانیان ئەمە دۆخێکی نادادپەروەرانەیە نایەکسانییە و گرێکوێرەییە". سەرۆکی پارتەی تورکیا دیسان "کەرکووک"ی بە شارێکی تورکمانی ناوبرد و وتی: "خاکی تورکمان لە مەندەلییەوە تاوەکو تەلەعفەرە، بووەتە چەقی ناکۆکییەکان و ئەمەش وایکردووە لە ماوەی نزیکەی 50 ساڵدا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەستکاری دیموگرافیای بکرێت. ئەم پیلانگێڕییە تەمەنی کورت نەبووە و هەر بەردەوامە. روونە کامە لایەن کار لەسەر گۆڕینی دیموگرافیاکە دەکەن. کەرکووک شارێکی تورکمانییە و هیچ گفتوگۆ هەڵناگرێت، کەس ناتوانێت شوناسی تورکمان رەش بکاتەوە و فەرامۆشیان بکات". دەوڵەت باخچەلی رەخنەی تووندیشی لە تورکمانەکان گرت و وتی: "سەرباری ئەمەش لە نێو تورکمانەکاندا لێکترازان و لەتبوون بەدی دەکرێت بەتایبەتی کێشەی مەزهەبی کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و کەوتووەتە گیانی تورکمانەکان و چارەسەرنەکردنیشی هەڵەیەکە مایەی قەبووڵکردن نییە". باخچەلی وتیشی: "تورکمان سوننە و شیعەی نابێت، تورکمان تورکمانە پێویستیان بەهیچ جۆرە ناو و ناتۆرەیەک نابێت. مەزهەبگەرایی فیتنەیە چەکێکە لە دژی نەتەوە ستەملێکراوەکان بەکاردەهێنرێت هەر کەسێک دەست بەم چەکەوە بگرێت لە ئێمە نییە. تورک و تورکمان بە نەتەوە بران، نەک بە مەزهەب".
شاناز حهسهن وهزارهتی خوێندنی باڵاوتوێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕە پارەی هاوکاری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج بکرێت". توانا نەجەف، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم پێشتر لە چاوپێكەوتنێكدا بە هاوڵاتی راگەیاندبوو:"ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕە پارەی هاوکاری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان خەرج بکرێت. توانا نهجهف باسی لهوهشكرد: ههر خوێندكارێك له سیستمی زانكۆلاین ناوی ههبێت ئهو دهرماڵهیه دهیگرێتهوه، بهڵام هێشتا ئەو بڕە پارهیهی پێیان دهدرێت دیاری نهكراوه. به وتهی ئهو بهرپرسه باڵایهی وهزارهتی خوێندنی باڵاوتوێژینهوهی زانستی ههرێم، مانگانە زیاتر لە شەش ملیار دینار دەدرێتە سەرجەم خوێندکارانی هەر چوار قۆناغی زانکۆ و هەردوو قۆناغی پەیمانگاکان. وتیشی: "بۆ خهرجكردنی دهرماڵهكه چاوهڕوانی دهركردنی رێنمایی دارایین، پێدانی پارەکەش تا کۆتایی خوێندنی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەبارەی شێوازی دەرماڵەو بڕەكەیەوە وتی:»هەر بڕە پارەیەك خەرج بكرێت پێویستە رێنمایی دارایی لەپشتەوە بێت، بۆ سەرجەم خەرجیەكان بەدەرماڵەشەوە، كەواتە كۆتا رێنمایی دارایی كە تاساڵی 2014 كاری پێكراوەو وەستێنراوە، هەر ئەو رێنماییە داراییە هەیە». ناوبراو زیاتر روونیكردەوەو وتی:» ئەمڕۆ چوارشەمە تیمێكی ئێمە دەچێتە وەزارەتی دارایی و دەبێت وردەكاری ژمارەی تەواوی خوێندكارەكانمان لابێت و لەگەڵ وەزارەتی داراییش بزانین بە رێنماییە كۆنەكە كاربكەین یان رێنمایی تازە دەردەچێت». توانا نەجەف، ئاشكراشی كرد:» كە لەساڵی نوێی 2022 واتا لە 1ی 1ی ساڵی داهاتوو ئەم بڕیارە كاری پێدەكرێت». لەماوەی رابردوودا، بە ئامانجی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان و دووبارە پێدانەوەی دەرماڵەکانیان، خوێندکارانی زانکۆکانی ھەرێم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، دواجار حكومهتی ههرێمی كوردستان بڕیاری خهرجكردنی دهرماڵهكانیانی دهركرد. لە ساڵی 2014ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی ھەرێم لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی 40 ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بڕی 60 ھەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو بڕی 100 ھەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە پارەیە لانی کەم کرێی ھاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن. بۆ خوێندنەوەی تەواوی چاوپێكەوتنەكە: https://hawlati.co/page_detail?smart-id=22434
هاوڵاتی قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، لەمیانی هەڵمەتەكانیاندا بۆ سەر یانە شەوانەكانی شارەكە تا ئێستا نزیكەی 200 كەس دەستگیركراون و 11 شوێنیش داخراون، دەشڵێت ئامانجیان داخستنی شوێنەكان نییە بەڵكو ڕێكخستنەوەیانە بەپێی ڕێنماییەكان. نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بەدەنگی ئەمریكا راگەیاند: ئەوەی كە روویداوە هیچ پەیوەندیەكی بە كەرتی گەشتوگوزارەوە نییە، زۆر كەس وا لێكی دەداتەوە كە زیان بە گەشتوگوزار دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە هەبێت زیان بە كەرتی گەشتوگوزار دەگات ئەمانە شوێنی ڕێگەپێدراو نەبوون و كاری نەشیاویان تێدا ئەنجامدراوە. وتیشی : ئەو شوێنانە سەرپێچی ڕێنماییەكانیان كردووە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دێت كە لە پارێزگا دانراوە، ئێمە پێش سەری ساڵیش رامانگەیاند كەوا لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە بۆ رێكخستنەوەی ئەو شوێنانە نەوەك داخستنیان. قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو شوێنانە دەبێت رێكبخرێنەوە و بەپێی ئەو بڕیارانە كار بكەن كە لە پارێزگاوە دەرچووە لە رووی پابەندبوون بەكات هیچ شوێنێك لە جیهاندا نییە كە تاوەكو بەرەبەیان كراوە بێت، پێویستە لە ڕوی ئاسایشی و تەندروستیشەوە ئەو شوێنانە لە ژێر كۆنتڕۆڵدا بن و خەڵك بتوانێت ڕوی تێ بكات بۆیە ئەمە لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی پارێزگا دێت كە مەبەست لێی رێكخستنەوەی ئەو شوێنانەیە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەینێ قۆناغی دووەمی بەفربارین دەستپێدەكات و سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: پێشتر پێشبینیمان كردبوو شەپۆلێكی بەفربارین بەدوو قۆناغ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە بۆ رۆژی چوارشەممە پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما زیاتر دابەزن و لەگەڵ خۆشیدا نزمە پاڵەپەستۆیەك تێكەڵ دەبێت و دووبارە بارین دەستپێدەكاتەوە. وتیشی: بەهۆی ئەوەی پلەكانی گەرما زۆر نزمە پێشبینی دەكرێت بارینەكە زیاتر بەشێوەی بەفربارین بێت. بەڕێوەبەری كەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: لە نیوەڕۆی چوارشەممەوە بەفربارین لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستپێدەكات، ئێوارەی هەمان رۆژیش لە هەولێر دەبارێت و سنووری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، ئەمە تاوەكو پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. لە رۆژی یەكشەممەوە شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بە جۆرێك لە هەندێك شوێن زیاتر لە مەترێك بەفر باریوە.
هاوڵاتی سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:" جگە لە ڕاگرتنی دابەشکردنی موچە.. ھیچ حیکمەتێک لە پشوەکەی سلێمانی نیە! ". ئەمڕۆ دووشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2022، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:" جگە لە ڕاگرتنی دابەشکردنی موچە.. ھیچ حیکمەتێک لە پشوەکەی سلێمانی نیە! تائێستا کەمتر لە ٤٠ ملیار دراوە بە موچە،تەنیا داھاتی کارەبا(٧٣ )ملیار باشماخ و پەروێزخان(٤٧)ملیار دینار؟ کوا؟".
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین دادەنێت و رایدەگەیەنێت تا 20ی ئەم مانگە، هەر پێشمەرگەیەك ڤاكسینی وەرنەگرتبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و موچەكەی رادەگیرێت. وەزارەتی پێشمەرگە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و یەكە سەربازییەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین، لەزوترینكاتدا لە نزیكترین بنكەی تەندروستی ڤاكسین وەربگرن، دوا مۆڵەتیش بۆ وەرگرتنی ڤاكسین 20/1/2022 ەوە. وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو: لەو كاتە بەدواوە، هەركەسێك ڤاكسینی وەرنەگرتبێت، ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ دەكرێت و موچەكەی رادەگیرێت. یەگوێرەی دواین بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كە چواری ئەم مانگە دەریكردووە، بڕیاردراوە تا 2-1-2022 مۆڵەت بدرێتە فەرمانبەرانی حكومەت بەهەردوو راژەی شارستانی و سەربازیەوە تا ڤاكسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
هاوڵاتی نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان ئهمڕۆ دووشهممه پێشوازى له هادى عامرى سهرۆکی هاوپەیمانیی ئهلفەتح كرد. له ديدارێكدا دوايين پهرهسهندنهكان و كێشه و گرفتهكانى بهردەم پرۆسهى سياسى و ههنگاوهكانى داهاتوو و ههوڵ و گفتوگۆى هێز و لايهنه عێراقييهكان بۆ ههڵبژاردنى سهركۆمار و پێكهێنانى كابينهى نوێى حكوومهتى فيدراڵيى عێراقيان تاوتوێ كرد. ههردوولا جهختيان له گرنگيى پاراستنى پرۆسه و سهقامگيريى سياسى و چارهسهركردنى كێشه و گرفتهكان به گفتوگۆ كردهوه و هيوايان خواست لێكگهيشتنى هاوبهش لايهن و پێكهاته عێراقييهكان كۆبكاتهوه. ئەمرۆ هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح گەیشتە هەولێرو لەگەڵ سەرۆکى پارتى و بەرپرسانى دیکەى ئەو حزبە کۆبووەتەوە سەبارەت بە چەند پرسێکى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت
هاوڵاتی تاڵیبان بڕیاری داوە کچان بگەڕێنێتەوە بۆ خوێندنگاکانی وڵاتەکە، پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە و پاش داگیرکاریی تالێبان، کچان دابڕان لە خوێندن. ئاژانسی هەواڵیی ئەلجەزیرە لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، سەرکردەی دیاریی نێو تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید ڕایگەیاند، ناوەندە پەروەردەییەکانی ئەفغانستان هۆڵەکانی خوێندن بۆ کچان و ژنانی ئەفغانستان لە 21ی ئاداری ئەمساڵەوە دەکەنەوە. هەرچەندە سوپای تاڵیبان بە فەرمیی کچان و ژنانی ئەفغانستانی ڕانەگرتبوو لە خوێندن؛ بەڵام گرووپە چەکدارەکانیان، خوێندنیان لە ژنان و کچانی زۆرینەی وڵاتەکە قەدەغە کردبوو. زەبیحوڵا موجاهید ئەوەشی ڕاگەیاند، "لە هەندێ ناوچە بەهۆی بارودۆخی ئابووریی وڵاتەوە ناوەندەکانی خوێندن ڕاگیراون؛ پێویستە کاریان لەسەر بکەین و ئەوانیش بکەینەوە".
هاوڵاتی ئاژاسنی رۆیتەرز بڵاویکردەوە لە نزیک فرۆکەخانەی ئەبوزەبی سێ بارهەڵگر تەقینەوە و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و شەش کەسی تریش برینداربوون، بەرپرسانی ئیماراتیش تا ئێستا رایاننەگەیاندووە کە حوسییەکانی یەمەن هێرشەکەیان ئەنجام دابێت. پۆلیسی ئەبوزەبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە پارچەی فڕۆکەیەکی بچوک لە شوێنی تەقینەوەکە دۆزراونەتەوە کە رەنگە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووبێت و تەقینەوە و ئاگرەکەی دروستکردووە"، باسی لەوەش کردووە کە "هیچ زیانێکی بەرچاو" لە ئەنجامی تەقینەوەکە نەبووە. لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان ئەنجامداوە کە "چەقی ئیماراتیان" کردووەتە ئامانج و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وردەکاری زیاتر بڵاو دەکەنەوە. ئەمە یەکەمجار نییە حوسییەکان فرۆکەخانەی ئەبوزەبی بە ئامانج دەگرن و پێشتریش لە ٢٠١٨ هێرشێکی هاوشێوەیان ئەنجامدا. حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتگیریان دەکات لەسالی ٢٠١٥ ەوە لە جەنگدان لەگەڵ هاوپەیمانی جەنگی یەمەن بە سەرکردایەتی سعودیە و لە هاوپەیمانییەتەییەکەدا ئیماراتیش بوونی هەیە.
هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرو دابەزینی پلەكانی گەرماوە بڕیاردراوە دوو رۆژ پشووی فەرمی بێت لەتەواوی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم. د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەكان بڕیاردراوە كە رۆژانی سێشەممەو چوارشەممەی ئەم هەفتەیە واتە رۆژانی 18و19 ئەم مانگە لەتەواوی فەرمانگەكانی سلێمانی بكرێتە پشووی فەرمی. وتیشی: ئەم بڕیارە ئەو فەرمانگانە ناگرێتەوە كە لە ئەركی خزمەتگوزاری و ئێشكگریدان. پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڕیاریدا بۆماوەی حەوت رۆژ تاقیكردنەوەكان دوابخرێت و لەسەرەتای وەرزی دووەم ئەوتاقیكردنەوانەی ماون ئەنجام بدرێن. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم پێشبینی كردووە بەهۆی هاتنی شەپۆلی ساردو سەرمای سیبریا بۆناوچەكە پلەكانی گەرما لەسەرجەم ناوچەكان بۆ ژێر سفری سەدی دابەزن.
هاوڵاتی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم دەستكاری مووچە ناكات و لە چاكسازیەكانیشی بەردەوام دەبێت. جوتیار عادل لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی "كشتوكاڵ داهاتوومانە" لەهەولێر، ڕایگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازی و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، ئامانجی ئەو كۆڕبەندەش، هاندانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانە، لە ناوەوە و دەرەوە، تا داهاتی هەرێمی كوردستان هەمەجۆر بكەین و لە یەك سەرچاوەی داهاتەوە، بیكەنە چەندین سەرچاوەی داهات". وتەبێژی حكومەت وتیشی: "كۆڕبەندەكە ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگ لە نێوان هەناردەكردن و هاوردەكردن رابگرێت، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە و دەتوانێت بەرهەمی زیاتر بنێرێتەوە دەرەوە". لەبارەی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جوتیار عادل دەڵێت :" هەنگاوی باش نراوە و ئامانجیش لە چاكسازی بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەری یاسایە، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت و لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین". وتەبێژی حكومەتی هەرێم روونیشیكردەوە، "لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری سندوقی خانەنشینی دراوە و جێبەجێ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش بڕیار دراوە چاكسازی لە مووچەی فەرمانبەران بكرێت، بەڵام لە مووچەكە نا، دەستكاری مووچە ناكەین، بەڵكو چاكسازی لەو فەرمانبەرانە دەكرێت، كە مووچە وەردەگرن و كار ناكەن، بندیوارن". سەبارەت بە 200 ملیارەكەی بەغدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد :"ئەو بڕە پارەیە پەسەند كراوە، بەڵام رێكارە تەكنیكییەكانی تەواو نەبووە، هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوو بەشێكی لە رێگەی لقی هەولێری بانكی ناوەندییەوە بگات".
هاوڵاتی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی نەجەفی كردووە و لەگەڵ سەركردە شیعەكان كۆبووەتەوە. میدیای حەشدی شەعبی بڵاویكردەوە: ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە نەجەف لەگەڵ سەركردەكانی شیعە كۆبووەتەوە، دواتر سەردانی گۆڕی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند مەزارگەیەكی دیكەی ناو گۆڕستانی وادی سەلامی كردووە. وەك میدیاكان ئاماژەیان پێداوە، قائانی دوای سەردانی بۆ مەزارگەی ئیمام حوسێن لە كەربەلاوە بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە.
هاوڵاتی بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی نووری مالیکی وەکو سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مالیکی دەکات. لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لهم بۆنهيهدا دووباره جهخت له هاريكارى و تێگهيشتنى هاوبهشى نێوان ههموو هێز و لايهن و پێكهاتهكانى عێراق دهكهينهوه بۆ تێپهڕاندنى سهختييهكان و چارهسهرى كێشهكان لهپێناو ئێستا و داهاتوويهكى باشتردا بۆ وڵات". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نووری مالیکی: بهڕێز نوورى ئهلمالكى ئهميندارى گشتيى حزبى دهعوهى ئيسلامى سڵاو و ڕێز.. به گهرمى پيرۆزباييى سهركهوتنى ههژدهههمين كۆنگرهى حزبى دهعوهى ئيسلامى له بهڕێزتان و تهواوى سهركردايهتى و ئهندامان و جهماوهرى حزب دهكهم، هيواى سهركهوتنى بهردهوامتان بۆ دهخوازم. لهم بۆنهيهدا دووباره جهخت له هاريكارى و تێگهيشتنى هاوبهشى نێوان ههموو هێز و لايهن و پێكهاتهكانى عێراق دهكهينهوه بۆ تێپهڕاندنى سهختييهكان و چارهسهرى كێشهكان لهپێناو ئێستا و داهاتوويهكى باشتردا بۆ وڵات. ههر سهركهوتوو بن. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان
هاوڵاتی لیژنەی فریاگوزاری سلێمانی بڕیاریدا بە داخستنی ڕێگای دەباشان لە پردی دەباشان بەرەو کوردسات و مەلا داودە وە تونێلی ئەزمەڕ بەهۆی بەفربارینێکی زۆر وە دروستبوونی ئاستەنگ لە جموجۆڵی ئوتومبیل لەو سنوورانە. تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی لە ئێستادا سەرقاڵی رزگارکردنی ئەو هاوڵاتییانەن کە لەو ناوچانە گیریان خواردووە، لە هەمان کاتدا تیمەکانی شارەوانی سلێمانی و ڕێگاوبان و هاتووچۆی سلێمانی بە هەماهەنگی سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگاکان و ڕێکخستنی ڕەوشی هاتووچۆن. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەبەر دروست نەبوونی دۆخی ناهەموار و مەترسیدار لەو سنوورانە داوا لە شۆفێران دەکات ڕوو نەکەنە شوێنە ناوبراوەکان، وە لەکاتی پێویستدا دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە (١٠٠) سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان JCC ، ١٨٨ کۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی، ١١٥ بەرگری شارستانی سلێمانی.
