هاوڵاتی  ھێزەکانی سوریای دیموکرات  ڕایگەیاند:" هێرشەکەی دوێنێ شەوی داعش بە ڕێکەوت نەبووە و حکومەتی ئەردۆگان لە پشت هێرشەکەوە بووە".  ئاژانسی هاواریوز بڵاوی کردەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە، شانەنوستووەکانی داعش یارمەتی لە تورکیا وەردەگرن و لە حەسەکە دەیانەوێ ئاژاوە بنێنەوە.  هەروەها باسی لەوەش کرد، "ئەو هێرشەی داعش کردوویەتی، هاوکات بووە لەگەڵ ئاژاوەنانەوە و درووستکردنی فەوزا لەناو زیندانی غەوران".  هاوكات مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە'  لەهەژماری خۆی لەتویتەر ڕایگەیاند، "پیلانەكانیان شكستی ھێناو هەسەدە توانیویەتی سەرجەم زیندانییە ھەڵاتوەکان لەحەسەکە دەستگیربکاتەوە".  شەوی ڕابردوو هێزێکی چەکداری داعش هێرشی کردە سەر بەندیخانەیەک، لە پێکدادانەکەدا 7 شەڕڤان گیانیان لەدەست داوە و 23 چەکداری داعشیش کوژراون.   

هاوڵاتی هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و بەڕیتانیا، چەک ڕەوانە دەکەن بۆ ئۆکرانیا و ڕایانگەیاند، پشتیوانی ئۆکرانیا دەبن لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ دژی ڕووسیا.  هەرچەندە ئاژانسی رۆیتەرز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا هەڵوێستی ئەڵمانیای خستووەتە ڕوو کە ئەڵمانیا لە ئێستادا چەک نانێرێت بۆ ئۆکرانیا، بەڵام ناتۆ و وڵاتانی ئەمریکا، بەڕیتانیا، کەنەدا، چەک ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکەن.  ئاژانسی ئینڤیرێڵت تایمز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، ئەمریکا بەڵێنی بە ئۆکرانیا داوە چەکی بۆ بنێرێت، کە پێک دێ لە: موشەک، کەشتی جەنگی، چەکی دەستی.  جێی ئاماژەیە، هەفتەی ڕابردوو بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەڕیتانیا ڕایگەیاند، چەکی دژە تانک دەنێرن بۆ ئۆکرانیا و لەگەڵ چەند مەشقپێکەرێک بۆ مەشق پێکردنی بەکارهێنانی چەکی دژە تانک. لە ئەنجامی گفتوگۆکانی جنێڤ، مۆسکۆ و واشنتن رێککەوتن گرژییەکانیان لەبارەی ئۆکراینا کەمبکەنەوە و لە داهاتوودا درێژە بە گفتوگۆکانیان لەو بارەوە بدەن بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونی ململانێی زیاتر بگرن.

هاوڵاتی لە بیلاروسیا مانۆری سەربازی تایبەت ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو مەبەستەش روسیا دو S-400ه‌ هه‌روه‌ها سیسته‌می موشه‌كی به‌رگریی ئاسمانیی Pantsir-S و 12 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی جۆری Su-35 بۆ به‌شداریكردن له‌ مانۆڕه‌كه‌ ره‌وانه‌ی بێلاڕوسیا دەكات تا بەشداری مانۆرەكە بكات. وه‌زاره‌تی به‌رگریی روسیا  ڕایگەیاند:" به‌شداری له‌ مانۆڕی سه‌ربازیی هاوبه‌شی "پێداگیری هاوپه‌یمانێتیی 2022"دا ده‌كه‌ن كه‌ له‌ بیلاڕوسیا ئه‌نجام ده‌درێت". به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی روسیا، بڕیاره‌ مانۆڕه‌كه‌ له‌ 10ی (شوبات/2) ئه‌مساڵدا ده‌ستپێده‌كات.  

عەمار عەزیز حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا چیتر پەنابەرانی رۆژئاڤای كوردستان لەكەمپەكان وەرنەگرێت و سنوری سمێلكا بە رووی رۆژئاڤای كوردستاندا داخراوە، بەرپرسێكی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت:» لەماوەی دووهەفتەدا هەزارو 500 كەس هاتوونەتە هەرێمی كوردستانەوە». دلاوەر بەهلەوی، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە ئوفیسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»  لەسەرەتای 2022 ەوە تا  پێش چەند رۆژێك دەوروبەری هەزارو 500 كەس لە رۆژئاڤای كوردستان هاتوونەتە سنوری پارێزگای دهۆك، دوای گەیشتنیان بەشاری دهۆك گواستراونەتەوە بۆ كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا لەقەزای بەردەرەش، ئەو كەمپە تایبەتە بە حەواندنەوەی ئەو پەنابەرانەی كە تازە دێنە كوردستان، دوای جێگیربوونیان و تەواو كردنی مامەڵەكانیان پەنابەران ئازادن لەوەی لەناو كەمپدا بمێننەوە یاخود  لە دەرەوەی كەمپ دەژین». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد  ژمارەی پەنابەرانی رۆژئاڤا ئەوانەی لەناو كەمپدان  51 هەزار و 900 كەسن لەگەڵ ئەوانەی ئەمساڵ دەبنە 53 هەزار كەس، ئەو ژمارەیەش دابەشكراون بەسەر پێنج كەمپدا.  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو بڕیاری دەركردووە كە چیتر پەنابەرانی رۆژئاوا وەرناگرێت ، لەمبارەیەوە دلاوەر بەهلەوی وتی: « هەر لە رۆژی دەركردنی بڕیارەكە تا ئەمڕۆ هیچ پەنابەرێكی نوێمان وەرنەگرتووە  و دەرگای سنور  داخراوە، پێگیرین بە بڕیارەكەی حكومەت، ئێمە دەتوانین تا 15 هەزار پەنابەری دیكە وەربگرین و لەكەمپی بەردەرەش جێگریان بكەین «

عەمار عەزیز   دوای چاوەروانیەکی زۆر حکومەتی عیراق بڕیاریدا بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ئاوارەکاندا،هەرخێزانێک بڕی 100 لیتری پێ دەدرێت وەجبەی دوومیش بڕی 100 لیتر دابه‌شده‌کات. ئەسکەندەر موحەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە پارێزگای دهۆک بە هاوڵاتی ی وت:"هەموو ساڵێک لسەرەتای وەرزی زستان داوا لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەکەین کە بەشە نەوتی ئاوارەکان دابین بکەن". ئەمساڵ بەهۆی چەند رێکارێکی کارگێری دابەشکردنی نەوت دواکەوت. بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق  وتیشى:"دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پێش دوو رۆژ وەزارەتی کۆچ کۆچبەران بڕیاریدا بەدابەشکردنی نەوت بەسەر ئاوارەکان، لەدوێنێ وە دەستمان بەدابەشکردنی نەوت کردوە لەکەمپی ماملیان لە سنوری قەزای شێخان" . ناوبراو ووتیشی"وەجبەی یەکەم 100لیتر بەبێ بەرامبەر دەدەینە هەر سەرۆک خێزانێک، ئەو ئاوارانەی نەوت وەردەگرن ژمارەیان 27هەزار و 200خێزانە کەبەسەر 16کەمپ دابەش کراون"

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند:" ده‌بێت حکومەتی نوێی عێراق كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات ئەمڕۆ هەینی 21-01-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە حکومەتی نوێی عێراق كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، "هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ گرنگه‌ له‌ كاتى خۆيدا ئه‌نجام بدرێن". له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران کە لە رۆژی 09-01-2022 بەڕێوەچوو و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق تاوتوێکران. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی و جێنین پلاسخارت جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق و گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه‌كان به‌ تێگه‌يشتنێكى كۆكه‌ره‌وه‌ى هاوبه‌ش كرده‌وه‌، ئەو هەنگاوەش بەمەبەستی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هاتنه‌كايه‌ى حكومه‌تێك كه‌ بتوانێت ئاڵنگارییەکان تێپه‌ڕێنێت و خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات و ته‌واوى پێكهاته‌كانى بكات. 

هاوڵاتی لە شەنگال، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا لە دەوروبەری دۆڵی شیلۆ هێرشی كردە سەر دوو ئۆتۆمبێل، میدیای پەكەكە دەڵێت تا ئێستا ئەنجامەكانی ئەو هێرشە نەزانراوە، بەڵام میدیای پارتی دەڵێت دوو ئەندامی پەكەكە بەهۆیەوە كوژراون. میدیاكانی پەكەكە بڵاویانكردەوە: ئەمڕۆ كاتژمێر 3:30 خولەكی دوای نیوەرۆ لە شەنگال، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا لە دۆڵی شیلۆ دوو جار هێرشیكردووەتە سەر دوو ئۆتۆمبێل و تا ئێستا نازانرێت لەو هێرشەدا هیچ كەسێك كوژراوە یان برینداربووە. بەڵام میدیاكانی پارتی بەتایبەتیش مەسرور بارزانی دەڵێن: بەهۆی هێرشەكەوە بۆ سه‌ر پێگه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ی شیلۆ له‌ چیای شەنگال، دوو چه‌كداری په‌كه‌كه‌ كوژراون. هاوكات دژه‌تیرۆری پارتی رایگه‌یاندووە: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا دوو ئۆتۆمبێلی چەکدارانی پەکەکە و سێ بنكه‌ و بارەگا ئەو چەکدارانەی له‌ چیای شەنگال کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەند چەكدارێكی پەكەكە كوژراون كە یەكێكیان بەرپرسی سەربازی بووە.

هاوڵاتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆسەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە، ئەندامێكی هێزەكانی ئاسایش و سێ هاوڵاتی مەدەنیی شەهیدبوون. فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەربارەی هێرشی چەكدارانی داعش بۆسەر گرتوخانەی غوێران لە حەسەكە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە: هێزەكانمان بە هاوكاریی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێرشەكەی داعشیان تێكشكاند و دواتر ئۆپەراسیۆنیان دەستپێكرد. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا حەوت ئەنداممان برینداربوون و ئەندامێكیشمان ‌شەهیدبوو، هەروەها چەكدارانی داعش سێ هاوڵاتیی مەدەنییان شەهید كرد، لەكاتێكدا كە دەیانویست خۆیان لەناو گەڕەكەكانی نزیك گرتوخانەكەدا حەشار بدەن. هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاشیانگەیاندووە: هێزەكانمان گەڕەكی غوێرانیان بە تەواویی كۆنترۆڵ كردووە و لەو گەڕەكە و گەڕەكەكانی دەوروبەری دەستمان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنین كردووە و ئۆپەراسیۆنەكە هەتا دەستگیركردنی هەموو چەكدارەكان، بەردەوامیی دەبێت. پێشتریش هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاندبوو: تائێستا 16 چەكداری داعش لەپێكدادان لەگەڵ هێزەكانمان كوژراون و حەوت چەكداری داعشیش كە ویستوویانە خۆیان ڕادەستی هێزەكانمان بكەن لەلایەن داعشەوە كوژراون، هەروەها 18 ئەندامی هەسەدە شەهیدبوون.

هاوڵاتی  وته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان رایگه‌یاند:" ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئیراده‌ی گه‌لی كورد هێشتاش به‌رده‌وامه‌ له‌ ساڵی 2022دا هه‌مو كاتژمێرێك شتێك گران ده‌بێت". ئه‌برو گونای، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ ناوه‌ندی گشتیی هه‌ده‌په‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"هێشتا دیمه‌نه‌كانی ده‌ركردنی په‌رله‌مانتارانمان له‌به‌ر چاوماندایه‌، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئیراده‌ی گه‌لی كورد هێشتاش به‌رده‌وامه‌، پێشتر به‌ قه‌یومه‌كان ئه‌و كاره‌یان كرد و هاوسه‌رۆكانی شاره‌وانییه‌كانی ئێمه‌یان له‌كار دورخسته‌وه‌، دواتر پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانمان هه‌ڵگرت".  ئه‌برو گونای، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ خولی 27هه‌میندا پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانیان له‌یلا گیوڤه‌ن، موسا فارسئۆگیولاری و عومه‌ر فاروق گه‌رگه‌ری ئوغڵو هه‌ڵگرت و "كوده‌تای سیاسیان ئه‌نجامدا، ئێستاش ده‌یانه‌وێت هه‌مان كوده‌تا به‌سه‌ر سه‌مرا گوزه‌لدا جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌و وێنانه‌ی سه‌مرا گوزه‌ل كه‌ له‌ كاتی قۆناغی چاره‌سه‌ریدا كێشراون و دوای شه‌ش ساڵ ده‌یانخه‌نه‌وه‌ به‌رباس و ده‌یانه‌وێت ئه‌و وێنانه‌ بكه‌ن به‌ كه‌رسته‌ی ئۆپراسیۆنه‌ سیاسییه‌كان". وته‌بێژی هه‌ده‌په‌ باسی له‌وه‌شكرد، كۆمه‌ڵگای توركیا له‌ ناو سنوره‌كانی سیستمدا، ناچار و مه‌حكومی لایه‌نی سیاسی دولایه‌نه‌ نییه‌ و وتی، "گه‌ڕانه‌كانمان به‌دوای رێگای سێهه‌م به‌رده‌وامه‌، به‌و هیوایه‌ی كه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك له‌ 18ی كانونی دوه‌مدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌ كۆبوینه‌وه‌، كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بو، بۆ سیاسه‌تی توركیا كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ بو، دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌مو بنده‌ستان، سته‌ملێكراوان، تێكۆشه‌رانی ژن، گه‌نجان باسیان له‌وه‌كردوه‌ كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی هاوڵاتیبونی یه‌كسان و هاوكارانی تێكۆشان خه‌بات ده‌كه‌ن".  وته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان رونیشیكرده‌وه‌، "ئامانجی ئێمه‌ داهاتوی گه‌لانی ئێمه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و له‌ توركیایه‌كی ئارام پێكه‌وه‌ بژین".      

هاوڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، دۆخی گرتوخانەی غوێرانیان كۆنترۆڵ كردووە، كە چەكدارانی داعش لەدوێنێوە پشێوییان تێدا دروستكردبوو، بەڵام هەندێك سەرچاوەی هەواڵ باس لەهەڵاتنی 20 زیندانی داعش و كوژرانی چەند ئەندامێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەند چەكدارێكی هێرشكاری داعش دەكەن. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لەبارەی ئەو ئاڵۆزییەی شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە گرتوخانەی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان دروستیان كرد، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بە هاوكاریی هەسەدە، دۆخی ناو گرتوخانەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، دوای ئەوەی چەكدارانی داعش بەتانیی و ماددەی پلاستیكییان لەناو گرتوخانەكەدا سووتاندووە، بۆ ئەوەی ئاڵۆزیی دروست بكەن. هەر لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ژمارەیەك ئەندامی شانەی تیرۆرستیی، كە لەدەرەوەی تەلبەندەكانەوە هێرشیان كردە سەر گرتوخانەكە، بەرەو گەڕەكی زهور لەنزیكی گرتوخانەكە هەڵهاتن و خۆیان لە ماڵی هاوڵاتیاندا حەشارداوە، هێزەكانی سنوورەكەش، ناوچەكەیان گەمارۆداوە. هەسەدە دەشڵێت هێشتا دۆخی ئەمنیی دەوروبەری گرتووخانەكە ئاسایی نییە و چەكدارانی داعش هاووڵاتیان وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنن. هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە شانەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە گەڕەكی زهور و هەندێك ناوچەی دەوروبەری لەرووی باكوورییەوە خەڵكی مەدەنی وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنن، هەندێك راپۆرت باس لەوەدەكەن چەند كەسێكی مەدەنییان كوشتووە لەوانەی ئامادەنەبوون فەرمانەكانی ئەو شانانە جێبەجێ بكەن و ئامادەنەبوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن و بچنە ناوچەی دیكە. شەوی 20ی كانوونی دووەمی 2022، هێزەكانی سووریای دیموكرات زانیاری لەبارەی دروستبوونی پشێوی لە گرتووخانەیەكی شاری حەسەكە كە ژمارەیەك ئەندامی داعش تێیدا بەندكراون، بڵاوكردەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، دوای ئەوەی شانە نووستووەكانی داعش لە حەسەكە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە نزیك گرتووخانەی گوێران تەقاندەوە، ئەندامانی داعش لە ناو گرتووخانەكەدا دەستیان بە یاخیبوون كرد و هەوڵی هەڵاتنیان دا، دواتر شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەسەدە و شانە نووستووەكانی داعش لە گەڕەكەكانی دەرەوەی گرتووخانەكە دروستبوو. هەر سەبارەت بە رووداوەكەی حەسەكە، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عێراق، برووسكەیەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، تێیدا هاتووە:بەپێی زانیارییەكانمان كە لەیەكێك لە هاوكارانمانەوە پێمانگەیشتووە كاتژمێر 9ی شەوی 20ی كانوونی دووەمی 2022، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو كە دواتر رووبەڕووبونەوەی چەكداریی بەدواداهات، گرتووخانەی پیشەسازی لە پارێزگای حەسەكە لە سووریا رووبەڕووی هێرشێكی تیرۆریستی لەلایەن چەكدارانی داعش بووەوە.  بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە دەردەكەوێت تیرۆریستان نیازیان هەبووە چەكدارەكانیان كە ژمارەیان پێنج هەزار چەكدار دەبێت ئازادبكەن، كە زۆرینەیان لە سەركردە باڵا مەترسیدارەكانن و بیاننێرن بۆ عێراق بۆ پشتیوانیكردنی ریزەكانیان. لەدوای كۆتایی هاتنی تەواوەتی داعش لە ساڵی 2019 لە كۆتا پێگەی ڕێكخراوەكە لە باغۆزی سوریا، نزیكەی 62 هەزار ژن و منداڵ و پاشماوەی چەكدارانی داعش كرانە چەند كەمپێكەوە لە سوریا، هەرچەندە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان چەندین جار هۆشداری داوە لە مەترسی كەسوكاری ئەو چەكدارانە بەڵام تائێستا بەشێك لەوڵاتان ئامادەنین ئەو كەسانە وەربگرنەوە كە زیاتر لەنیوەیان بیانین و خەڵكی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ئاسیای ناوەڕاستن، ئێستاش زیاتر لە 42 هەزار لە كەسوكاری چەكدارانی داعش لەو كەمپانەدا ماون كە كەمپی هۆل لە حەسەكە گەورەترینیانە. یەكەمجار نییە چەكدارانی داعش هەوڵی هەڵاتن دەدەن لە زیندانیەكان لەسوریا و عێراق، بەڵام ئەم هەڵاتنەیان گەورەترین هەوڵی هەڵاتنە،كەمپی غوێر كە ئەمجارە چەكدارانی داعش هەوڵیاندا بیشكێنن و زیندانیەكانی ناوی بهێننە دەرەوە نزیكەی پێنج هەزار ئەندامی داعشی تێدایە.

کاکەلاو عەبدوڵا رووبەڕووبونەوەی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و رووسیا بووەتە ئەگەرێکی نزیک دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوانیان لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا و واشنتن سزای ئامادە کردووە بۆ سەپاندنی بەسەر بەرپرسە گەورەکاندا کە ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیاشی تیدایەو مۆسکۆش زیاتر خۆی ئامادە دەکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بە ناردنی سەربازی زیاترو دروستکردنی پاساو بۆ داگیرکارییەکەی. رووسیا نەک هەر لەڕووی سەربازییەوە بەڵکو لەڕێگەی ئەلکترۆنیشەوە ئۆکرانیای هەراسانکردووە و نزیکەی ٧٠ وێبسایتی حکومەتی ئۆکرانیای هاککردو دواتریش نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ بەجێهێشتن و تێیدا نووسیویەتی «چاوەڕێی خراپتر بکەن». ئیدارەی بایدن باس لەوە دەکات رووسیا بەنیازی دروستکردنی کردەوەیەکی چەکدارییە لەئۆکرانیا تا بیکاتە بیانوو وڵاتەکە لەماوەی مانگێکدا داگیر بکات، چەند بەرپرسێکی ئەمریکاش دەڵێن واشنتن بەنیازە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا پڕچەک بکات بۆ رووبەڕووبونەوەی هێرشی سەربازانی رووسیا. دروستکردنی پاساو بۆ داگیرکاری هەفتەی رابردوو گفتوگۆکانی رووسیا لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی ناتۆو ئەوروپا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئۆکرانیا بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان نەبوو، بەرپرسانی هەردوولاش رایانگەیاند جیاوازییان زۆرە لەسەر بابەتەکان. کۆبوونەوەکان بەمەبەستی هێورکردنەوەی قەیرانی ئۆکرانیا بوو کە ماوەی دوو مانگە رووسیا زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی لە نزیک ئۆکرانیا جێگیرکردووەو وڵاتانی ناتۆ دەڵێن مۆسکۆ بەنیازی داگیرکردنی وڵاتەکەیە، بەڵام بەرپرسانی رووسیا ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵین تەنها گرەنتی ئاسایشیان لە ناتۆ دەوێت و نایانەوێت هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەتایبەتی ئۆکرانیا، وەک ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ وەربگیرێن، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان بەوپێیەی چەک و مووشەکی رێکخراوەکە لەئۆکرانیا جێگر دەکرێت. بەڵام وێندی شێرمن، نوێنەری ئەمریکا لەدانوستانەکان، ئەوەی خستەڕوو کە «بەڕاشکاوی بە رووسیامان وت ئێمە ناتوانین رازی بین لەسەر ئەوەی ناتۆ فراوان نەبێت، ئەمریکاو هاوپەیمانانی ناتۆ بێ چەند و چوون ئەوەمان روونکردەوە کە دەرگای بەئەندامبوونی ناتۆ لەسەر هیچ وڵاتێک داناخەین، ئەوەش سیاسەتێکە کە چەقی رێکخراوەکەیەو گرنگە بۆ هاوپەیمانی ناتۆ». بەرپرسانی رووسیا دوای کۆبوونەوەکان ئەوەیان نەشاردەوە کە ئەگەر رێگەی دیبلۆماسی سەرنەگرێت ئەوا هەوڵی بەکارهێنانی رێگەی سەربازی دەدەن. ئەلیکزاندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، دوای کۆبوونەوەکان وتی بە نوێنەرانی ناتۆی راگەیاندووە کە «خراپتربوونی دۆخەکە رەنگە سەربکێشێت بۆ چاوەڕواننەکراوترین و سەختترین دەرئەنجام بۆ ئاسایشی ئەوروپا». لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە قسەکانی گروشکۆ بەجۆرێک لەجۆرەکان پشتڕاستکرانەوە کاتێک جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فێڵێکی رووسیایان ئاشکرا کردووە کە لەهەوڵدایە کردەوەیەکی چەکداری لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ئەنجامبدات کە دژبەرانی حکومەتی وڵاتەکەی تێدایە، بۆ ئەوەی بیخاتە ئەستۆی حکومەتی ئۆکرایناو بەو پاساوە هێرش بکاتە سەریان. جۆن کێربی وتیشی، «ئێمە پێشتر ئەم یاریکردنەمان بینیوە، بە دیاریکراوی لە ٢٠١٤، ئەو دەمەی رووسیا کریمیای داگیرکرد. ئێستاش زانیاریمان هەیە پیشانی دەدەن رووسیا بەدوای پاساوێکە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا. رووسیا بەنیازە گرووپێكی چەکدار دروستبکات وا دەرکەوێت کە هێرش دەکاتەسەر ئۆکراینییەکانی دانیشتووی رۆژهەڵاتی وڵات تاوەکو بەبیانووی ئەوەوە هێز بباتە نێو خاکی ئۆکراینا». هاوکات جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند «رووسیا چەکداری هەیە کە راهێنراون بۆ شەڕی ناو شارو تەقەمەنی بەکاردەهێنن» بۆ ئەنجامدانی کردەوەی هەراسانکردن دژی هێزە وەکیلەکانی خۆی. ساکی وتیشی، ئەم هەوڵەی بۆ ئەوەیە هێزەکانی خۆی دژی یەک بوەستنەوە و ببێتە بیانوو، لە ئیستاشدا رووسیا «ئامادەیی دەکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا و لەهەمانکاتیشدا ئەم پاساوەی ساختە دەکات بۆ داگیرکارارییەکە». «پلانەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەوانە چەند هەفتەیەک پێش داگیرکارییەکە ئەنجام دەدرێت کە رەنگە لەناوەڕاستی مانگی یەک بۆ ناوەراستی مانگی دوو رووبدات، ئەمەش بەپیی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا»، ساکی وای وت. لەوەڵامدانەوەی ئەم وتانەی وتەبێژەکانی ئیدارەی بایدن، دیمتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کریملین رایگەیاند ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن رووسیا بەنیازی کارێکی لەو جۆرە بێت بێ بەڵگەن و بە «هیچ شتێک نەسەلمێنراون». هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، وتەکانی وتەبێژەکانی ئەمریکای رەتکردەوەو بە «هەواڵی ساختە» ناوی بردن. بەڵام  وتەکانی جۆن کیربی و جێن ساکی زیاتر بوونە بەڵگە کاتێك لە یەکشەممەی رابردوودا تیمی هەواڵگری ململانێ، کە گروپێکە چاودێری جموجوڵەکانی سوپای رووسیا دەکات، ئاشکرایکرد سەربازی زیاتری رووسی و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر لە رۆژهەڵاتی رووسیاوە جووڵەیان کردووە بۆ رۆژئاوای رووسیا، واتە سنوری ئۆکرانیا. لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێستاو بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئەوەیان بۆ ئێن بی سی نیوز پشتڕاستکردووەتەوە کە ئیدارەی بایدن بەنیازە چەکدارە گەریلاکانی ناو ئۆکرانیا پڕچەک بکات کە شەڕێکی گەریلایی دەکەن دژی هێزەکانی رووسیا ئەگەر مۆسکۆ ئۆکرانیا داگیربکات و شەڕ هەڵبگیرسێنێت، ئەمەش دەبێتە رووبەڕووبونەوەیەکی ناڕاستەوخۆی رووسیاو ئەمریکا لەئەوروپا. سزادانی ڤلادمیر پوتین وڵاتانی رۆژئاوا چەندین جار هەڕەشەی تووندیان لە ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، کردووە کە لەحاڵەتی داگیرکردنی ئۆکرانیا رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە و باجێکی قورس دەدات، بەڵام هەموو ئەمانە پوتینی نەوەستاندووەو سوورە لەسەر ئەوەی گەرەنتی ئاسایشی پێ بدرێت. لەئێستادا ئەمریکا و بەشێک لەشیکەرەوانی سەربازی و سیاسی نیگەرانن لەوەی رووسیا تەنها بۆ مەرامێک بەشداری لەدانوستانەکان کردبێت، ئەویش ئەوەیە کە گفتوگۆکان شکست بهێنن و ئەمەش وابکات بڵێت هیچ رێگەچارەیەکی تری نەماوە جگە لەبەکارهێنانی هێز دوای ئەوەی کە رێگەی دیبلۆماسی شکستیهێناوە. لەدوایین هەوڵدا بۆ گرتنی جڵەوی پوتین و جارێکی تر ترساندنەوەی، کۆمەڵێک ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە بۆ سزا خستنەسەر سەر پوتین و چەند بەرپرسێکی باڵای تر لەوانە میخائێل میشوستین، سەرۆک وەزیرانی رووسیا، و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا. پرۆژەیاساکە لەلایەن کۆشکی سپییەوە پشتگیری دەکرێت و بەتایبەتی سەرۆکی رووسیا بەئامانج دەگرێت کە تێیدا گەشتی لێ قەدەغەدەکرێت و دەست بەسەر هەرچی موڵک و سامانیدا دەگیرێت کە بەناوی خۆی یان ناوی ئەندامانی خێزانەکەیەوە هەیەتی لەوڵاتانی رۆژائاوادا. سزا خستنەسەر سەر بەرپرسە باڵاکان زۆر دەگمەنە، بەڵام ئەمریکا ئەمە دەکات لەپێناوی وەستاندنی پوتیندا. پرۆژەیاسایەکە، کە ناوی «پرۆژەیاسای بەرگریکردن لەسەروەریی ئۆکرانیا»یە، ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریش دابین دەکات لەشێوەی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا تاوڵاتەکە بتوانێت رووبەڕووی داگیرکاری مۆسکۆ ببێتەوە. دیمیتری پێسکۆڤ لەوەڵامی پرۆژەیاساکەدا رایگەیاند سزا خستنەسەر پوتین «رێکارێکی پەڕگیرانەیە» و «یەکسانە بە لەناوبردنی پەیوەندییەکانی» هەردوو وڵات، وتیشی «رووسیا هەمیشە ئەو کارە دەکات کە لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیدایە». ‹بترسن و چاوەڕێی خراپتر بکەن› رووسیا نەک هەر بەهێزی سەربازی بەڵکو لەڕێی هاککردنەوە هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووەو وڵاتەکەی هەراسان کردووە. بەپێی داتاکانی حکومەتی ئۆکرانیا، ٧٠ پێگەو وێبسایتی وڵاتەکە کەوتوونەتە بەر هێرشێکی هاککەران. هاککەرەکان نامەیەکیان بەجێهێشت لەسەر وێبسایتەکان کە تێێدا ئاماژەیان بەوەکرد چەندین داتای حکومەتییان لەناوبردووەو لەئینتەرنێتدا بڵاویان کردووەتەوە، بەڵام حکومەتی ئۆکرانیا دەڵیت ئەوە رووینەداوە. لەیەکشەممەی رابردوودا وەزارەتی بەرەوپێشبردنی سیستەمی دیجیتاڵی ئۆکرانیا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، «هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن رووسیا لەپشتی هێرشە ئەلکترۆنییەکەوە بووە». پێشتریش کۆمپانیای مایکۆرسۆفت رایگەیاندبوو کۆمەڵێک سیستەمی کۆمپیوتەری لەچەند دەزگایەکی حکومی ئۆکرانیا کەوتوونەتە بەر هێرشێکی هاککردنەوە. ئەمە یەکمەجار نییە رووسیا هێرشی ئەلکترۆنی دەکاتە سەر ئۆکرانیاو لەساڵی ٢٠١٧دا هێرشێکی گەورەی کردە سەر وڵاتەکە کە زیانەکەی ١٠ ملیار دۆلار بوو. لەهێرشە ئەلکترۆنییەکەی هەفتەی رابردوودا، هاککەرەکان بۆ ماوەیەک وێبسایتەکانیان پەکخست و لە نامەکەشیاندا ئەم رستەیەیان بەجێهێشتبوو: «بترسن و چاوەڕێی خراپتر بکەن».    

کاکەلاو عەبدوڵا تا دێت نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و ریکۆردی چەندین ساڵە دەشکێنێت، ئەوش دوای ئەوەی گەیشتە ئاستێک کە لەحەوت ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە نەیدیبوو، شارەزایانیش باس لەوە دەکەن لەمساڵدا خواست لەسەر نەوت خستنەڕوو تێدەپەڕێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو. لەگەڵ کردنەوەی بازارەکانی جیهاندا لە رۆژی سێشەممە نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لەحەوت ساڵی رابردوودا تۆمارکرد، کە ئەوکات لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا بوو کاتێك گەیشتە سەروو ٨٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی مەترسی پچڕانی خستنەڕوو دروستبووە،  ئەویش دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن هێرشێکیان ئەنجامدا لە رۆژی دووشەممەدا بۆ سەر ئیمارات، هەروەها نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەچەندین وڵاتدا خواستی زیاتر کردووە. بەپێی ئاماری رێکخراوی ئۆپیک، لەمساڵدا خواست لەسەر نەوت چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل زیاد دەکات و بەکۆی گشتی ١٠٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێدەپەڕێنێت لەمانگی تەمموزدا. بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز لەئێستادا نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێک یەک دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سەروو ٨٧ دۆلار. یەکێک لەهۆکارەکان کە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی حوسییەکانی یەمەن بوو بۆ نزیک فرۆکەخانەی ئەبوزەبی کە تێیدا وێستگەی نەوتی موسەفەح بە ئامانج گیراو سێ کەس کوژران، حوسییەکان دواتر رایانگەیاند کە پێگەی زیاتر لەئیمارات بە ئامانج دەگرن، ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی دڵەراوکێ لەبازاڕی نەوتدا. هاوکات ئیماراتیش رایگەیاند مافی خۆیەتی وەڵامی هەبێت و لەهێرشێکی هاوپەیمانانی جەنگی یەمەن بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن ١٤ کەس کوژران. شارەزایانی رێکخراوی تووێژینەوەی ئەی ئێن زی رایانگەیاند، «ئەم گرژییە جوگرافییە-سیاسییە نوێیە هۆکارێکی تری خستەسەر بازاڕی سنورداری نەوت». هۆکارێکی تر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوەیە پلەکانی گەرما لەزۆر وڵات دابەزیوە و ئەمەش خواستی زیاد کردووە لەکاتێکدا خستنەڕوو بەهەمان ئاستی خۆیەتی، هاوکات کرانەوەی وڵاتانیش دوای دوو ساڵ لەکەرەنتینە بووەتە هۆکارێکی تر بۆ بەرزبوونەوەی نرخ. بەپێی وتەی شارەزایانی مارکێتی سی ئێم سی بەریتانی، «پێشبینی دەکەن لەمساڵدا ئاستی خواست خستنەڕوو تێپەڕێنێت و زیاتر ببێت لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی جیهان زیاتر دەکرێنەوە دوای دوو ساڵ لەکەرەنتینە و رێکاری خۆپارێزی و  گەڕانەوەی ئاستی راستەقینەی خواست». شارەزایانی کەرتی وزە باس لەوە دەکەن ئەگەر رێکخراوی ئۆپیک بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتەکانی و بەرهەمهێنانی زیاد نەکات ئەوا لەچەند مانگی داهاتوودا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت دەگاتە ١٠٠ دۆلار یان زیاتریش.  بەپێی خەمڵاندنی بانکی گۆڵدمن ساش، نرخی نەوت لەسێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢ دەگاتە ٩٠ دۆلارو دواتریش لە ناوەڕاستی ساڵدا دەگاتە ٩٥ دۆلار، پاشان لە نیوەی دووەمی ساڵدا دەگاتە ١٠٠ دۆلار یان زیاتر. عێراق، کە یەکێکە لە ئەندامانی ئۆپیک و دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتی رێکخراوەکەیە دوای سعودیە،  لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئاماری فرۆشی نەوتی ساڵی ٢٠٢١ی بڵاوکردەوەو رایگەیاند بە بەهای ٦٩ ملیار دۆلار نەوتیان فرۆشتووە. لە ٨ی ئەم مانگەدا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، مانگانه‌ زیاتر له‌ ٩١ ملیار به‌رمیل نه‌وتیان هه‌نارده‌ كردووه‌و هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق لە ٢٠٢١دا گه‌یشتۆته‌ یه‌ك ملیارو ١٠٢ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتبوو کە نرخی هه‌ر به‌رمیلێك تێكڕا زیاتر له‌ ٦٨ دۆلاربووه ‌و كۆی گشتی داهاتی نه‌وت گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی  ٦٩ ملیار دۆلار. وه‌زاره‌ته‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردبوو‌، لەسەدا ٧٠ی نەوتی هه‌نارده‌كراو بۆ چین و هندستان بووە ‌و رێژه‌كه‌ی تری بۆ ئه‌وروپاو ئه‌مریكا رەوانە کراوە. هاوکات بەپێی ئاماری لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم رۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کەدەکاتە ١٥١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ٢٠٢١دا. هەرچەندە تائێستا نرخەکەی دیارینەکراوە، بەڵام ئەگەر وەک نرخەکەی عێراق بەتێکڕا وەربگیرێت، ئەوا کۆی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان لەهەناردەی نەوت دەکاتە ١٠ ملیارو ٢٨١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار لەساڵی رابردوودا. مانگی رابردوو پێگەی گڵۆباڵ ئەند پلاتسی بەریتانی تایبەت بەوزە بڵاویکردەوە هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەمانگی ١٢دا لەسەدا ٠.٥٪ زیادیکردووە. گڵۆباڵ ئەند پلاتس رایگەیاندبوو عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە لەمانگی رابردوودا سێ ملیۆن و ٦٧٧ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەناردە کردووە کە سێ ملیۆن و ٢٧٧ هەزار بەرمیل لەلایەن عێراقەوە و ٤٠٠ هەزار بەرمیلیش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کراوە. بەهەناردەکردنی ئەو بڕە، عێراق بڕی چوار هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە مانگی تسڕینی دووەمی ٢٠٢١ زیاتر هەناردە کردووەو هەرێمی کوردستانیش ١٣ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی زیاتر کردووە. بەڵام هەندێک لەوڵاتانی بەرهەمهێن لە رێکخراوی ئۆپیک لەئێستادا کێشەیان بۆ دروست بووە لەبەرهەمهێنانی ئەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە بەهۆی کەمی وەبەرهێنان و وەستانی هەندێک پاڵاوگەوە بەهۆکاری کێشەی تەکنیکی. بەپێی رێککەوتنی وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل زیادە بەرهەم دەهێنن بۆ هەر مانگێك، کە ئەمەش لەئاستی خواستی جیهانیدا نییەو پسپۆڕان پێیانوایە دەبێتە پشتگیری بۆ زیادبوونی نرخی نەوت  

هاوڵاتی  سعودیەو ئێران كە دوو ركابەرو نەیاری دین و دنیای یەكترن لەسەر دەستی عێراق و چین بەرەو ئاشتیی هەنگاو دەنێن و لەنوێترین هەنگاویشدا ریاز پاش شەش ساڵ لە راگرتنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، ڤیزا بەسێ دیپلۆماتكاری ئێرانی دەدات بۆ ئەوەی لەجەددە دەستبەكار ببنەوە. دوای  نزیكەی 10 ساڵ لەجەنگێكی سارد لەنێوان سعودیە و ئێران دواجار عێراق و چین بەستەڵەكەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان تواندەوەو بەوە دوو جەمسەری سوننەو شیعەیان لەململانێی ئاینییەوە بەرەو ئاشتی و كێبڕكێی ئابوری هاندەدەن، چونكە پێشبینی دەكرێت ئێران لەم ئاشتییەدا مانگانە یەك ملیار دۆلاری كورتهێنانی بودجەی ساڵانەكەی قەرەبوو بكاتەوە و هاوكات سعودیە پلانە ستراتیژییە ئابورییەكەی بۆ ساڵی 2030 بە شێوەیەكی گونجاو بخاتە بواری جێبەجكردنەوە. لەسەرەتای بەهاری ساڵی 2021 بەرپرسانی عێراق و لەسەروی هەموویانەوە، مستەفا كازمی لەپێگەی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەدا سەرقاڵی بە یەكگەیاندنی بەرپرسەكانی ئێران و سعودیە بوو.  بەغدا میوانداریی چوار گەڕی دانوستانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئێران و سعودیەی كردووەو بڕیارە بەمزووانە گەڕی پێنجەمیش بەڕێوەبچێت، ئەم هەنگاوەی بەغدا بە بەهێزكردنەوەی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی عێراق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەقەڵەمدەدرێت. دین یان دنیا لەنێوان سعودیەو ئێراندا ناكۆكییە ئاینییەكانی نێوان سعودیە و ئێران كەم نین، ئابوریی لەسەردەمی ئێستادا دین و دیانەتی لەلای سەركردە سیاسییەكان كردوە بەپرسێكی لاوەكی و دوور نییە ئەو دوو وڵاتەش سەرەڕای ئەوەی یەكیان خۆی بەنوێنەری بەرەی سوننە دەزانێت و ئەوی دیكەشیان خەون بە بەهێزبوونی شیعەوە دەبینێت، بەڵام سەرنجیان زیاتر لەبەرژەوەندییە ئابورییەكانیان بێت. ناوەندی ئەمركیی كوینسی (Quincy Institute for Responsible Statecraft) لەشیكارییەكی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیەدا نووسیویەتی: ئەو دوو وڵاتە لەداهاتوویەكی نزیكدا دەبنە هاوبەشیی ئابوریی وڵاتی چین، بۆیە ئەو پەكین رۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستكردنی هاوسەنگیی و هاندانیان بۆ ئەنجامدانی دانوستان. هەروەها ناوەندەكە ئاماژەی بەوە كردووە گەشتی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لەهەفتەی رابردوودا بۆ پەكین-ی پایتەختی چین بە رێككەوت نییەو رووداوەكە ئاماژەیەكی روونە بە رۆڵی پەكین بەتایبەت كەهاوكات كۆبوونەوەو دانوستانە ئەتۆمییەكان لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچوو. ئاستی ململانێكانی چین و ئەمریكا لە هەموو كاتێك توندتر بووەتە و ئەو ململانێیانەش جیاوازە لە ململانێكانی روسیا و ئەمریكا كە نیشاندانی هێزی سەربازییە بە یەكتر، چونكە چین تەنها ئەمریكا بە ركابەری ئابوریی خۆی دەزانێت بۆیە بەهەموو نرخێك ئابورییەكەی بەهێز دەكات و هەوڵی سەرەكەوتنی ئابوریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدات. بەپێی شیكارییەكانی ئەو ناوەندە ئەمریكییە دەسەڵاتدارانی سعودیە لەساڵی رابردودا بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت زیانی زۆریان پێگەیشتوە و هاوكات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانی 28 ملیار دۆلاری تەنها بەكەرتی گەشتیاریی ئایینی یان حەج گەیاندووە، بۆیە دەسەڵاتدارانی سعودیە بیر لەپێداچوونەوە بە بڕیارەكانیان لەدژی ئێران دەكەنەوە نایەنەوێت بەریەككەوتن لەگەڵ تاران ببێتە مایەی زیانی ئابوریی بۆ ریاز. چین كە لەلایەن دەسەڵاتێكی كۆمۆنیستییەوە بەڕێوەدەچێت لەهەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا لەنوێترین كۆبوونەوەی رێكخراوی هاریكاریی وڵاتانی ئیسلامی نوێنەری هەمیشەیی خۆی لە رێكخراوەكەدا دەستنیشان كرد و ئەوەش لەپێناو لیكنزیكبوونەوەی زیاتر لەوڵاتانی موسوڵمان و ئەنجامدانی كاری بازرگانیی لەگەڵ ئەو وڵاتانە. بەرزكردنەوەی داهات ئامانجی سەرەكیی ئێران و سعودیە بەپێی راپۆرتی پێگەی كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكس (capitaleconomics) ئێران و سعودیە بەئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان قەرەبووی زیانی ماددی چەندساڵی رابردوویان دەكەن، چونكە سعودیە سەردەمێك 30%ی هەناردەی نەوتی هەموو جیهانی بەدەستەوە بووە بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ كەمتر لە 12% دابەزیوە. ئاماژە بەوەكراوە سعودیە سالڵانە پێویستی بەزیاتر لە 222 ملیارد دۆلار داهات هەیەو لەئێستاشدا یەدەگی ئەو وڵاتە 450 ملیارد دۆلارە، واتە یەدەگەكەی تەنها بەشی دوو ساڵی دەكات لەكاتێكدا لەساڵی 2016 پلانی ستراتیژی و ئابوریی بۆ ساڵی 2030 داناوە، بۆیە سعودیە بیر لەوە دەكاتەوە خەرجییەكان و تێچوی ململانێ لەگەڵ ئێران كەمبكاتەوە و تەرخانی بكات بۆ پلانە ستراتیژییەكەی. بەرپرسانی ئێران دەیانجار وتوویانە سزا ستەمكارانەكانی ئەمریكا داهاتی وڵاتەكەی لە 113 ملیارد دۆلاری ساڵانەوە بۆ 13 ملیار دۆلار كەمكردووە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە دوای روسیا و سعودیە سێیەم وڵاتە لە رووی سەرچاوەكانی نەوتەوە و خاوەنی 18%ی سەرجەم یەدەگی نەوتە لەجیهاندا، بۆیە چەند رۆژێكە ئێران رێككەوتنێكی ستراتیژیی 25 ساڵەی لەگەڵ چین خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بەپێی رێككەوتنەكە چین 400 ملیار دۆلار سەرمایە لەكەرتی نەوت و غازی ئێران دەخاتەگەڕو لەبەرامبەردا ئێران سوتەمەنی بەو وڵاتە دەفرۆشێت و هاوكات ئەو بڕە پارەیە لە 25 ساڵدا بۆ چین دەگەڕێنێتەوە. ئاماژەكانی ئەو جێبەجێكردنی رێككەوتنی 25 ساڵەو دانوستانەكان بەرزبوونەوەی دۆلاری راگرتووە و لەمانگێدا تمەن لەبەرامبەر دۆلاردا  بە رێژەی 10% بەرزبووەتەو نرخی هەر دۆلارێك لەئێران بووەتە 27 هەزار تمەن، لەكاتێكدا پێشتر چووە سنوری 30 هەزار تمەنەوە. وڵاتانی هاریكاریی ئیسلامی لەنێوان ئێران و سعودیە نزیكەی 57 وڵات ئەندامی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامین كەدووەمین رێكخراوی نێودەوڵەتیی جیهانە دوای رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان، ئێران و سعودیە هەردووكیان لەدامەزرێنەرە سەرەكییەكانی ئەو رێكخراوەن كەساڵی 1969 لەوڵاتی مەغریب دامەزرا بەڵام زۆربەی دانیشتن و كۆبوونەوەكانی ئەو رێكخراوە لەشاری جەددە لەسعودیە بەڕێوەدەچێت و زۆربەی وڵاتانی ئەندامیش نوێنەرو نووسینگەیان لەو شارەیە، چونكە ساڵی 1970 بڕیار لەسەر ئەوە دراوە بارەگا سەرەكییەكی لەجەددە بێت. تا ئێستا ئێران یەكجار میوانداریی كۆبوونەوەكانی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی كردووە لەساڵی  1977، بۆیە بوونی بارەگای سەرەكیی رێكخراوەكە لەسعودیە پێگەی وڵاتەكەی لەو رێكخراوەدا لەدژی ئێران بەهێز كردووە و تەنانەت لەگەڵ سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی نێوان تاران و ریاز لەساڵی 2016 ئەو وڵاتە نەیتوانیی نوێنەری خۆی رەوانەی كۆبوونەوەی ساڵانە لەجەددە بكات ، سعودیە بەپێدانی ڤیزە بەسێ دیپلۆماتكاری ئێران بۆ ئامادەبوون لە رێكخراوەكەو دەستبەكاربوونەوەیان دوای شەش ساڵ، گڵۆپی سەوزی هەڵكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. ساڵی 2016 رێكخراوەكە هێرشی لایەنگرانی توندڕەوی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لەتاران و كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەشاری مەشهەد لەئێرانیان ئیدانە كردو لەدانیشتنێكی بەپەلەدا داوای روونكردنەوە و لێكۆڵینەوەیان لەدەسەڵاتی ئێران كرد، عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەو سەردەمەدا، هێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر باڵیۆزخانەو كۆنسوڵخانەی سعودیە ئیدانە كردو بەڵینی دا بەدۆزینەوەی تاوانباران. ئێران دەیەوێت باڵیۆزخانەكەی لەسعودیە بكاتەوە سەعدید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رێككەوتی 17/1/2022 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ دانوستانەكانی نێوان سعودیەو ئێران بەنێوەندگیریی و میوانداریی بەغدا هەنگاوێكی گرنگن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و لەهەنگاوێكی ئەرێنیشدا وڵاتی سعودیە ڤیزەی بەسێ دیپلۆماتكاری وڵاتەكە داوە كە لەسعودیە دەستبەكار ببنەوە. خەتیب زادە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكە لە ریازی پایتەختی سعودیە، بۆیە هەنگاوەكانی دیكە پەیوەندیی بەدەسەڵاتی سعودیەوە هەیە لەپێناو ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكاندا. مەرجەكانی سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەر ئێران دەستبەرداری پڕچەككردنی چەكدارە شیعەكانی سەر بەوڵاتەكەی ببێت و هاوكات پابەندی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 بێت، ئەوا ریاز ئامادەیە پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە. لەلایەكی دیكەوە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند؛ ئەگەر ئێران بەڵێن بدات بەهەڕەشەكانی و پڕچەككردنی چەكدارە شیعەكان، نەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكەو مەترسیی لەسەر وڵاتانی عەرەبی ئەوا سعودیە دەستی دۆستایەتیی بۆ درێژ دەكات. ئەمریكا لەنێوان سعودیەو ئێراندا لەساڵی 1933 تا ئێستاش پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان واشنتۆن و ریازدا هەیە، بەپێچەوانەوە تاران لەساڵی 1979 تائێستا ناكۆكیی توندی لەگەڵ واشنتۆن هەیە، ئەوەش وای كردووە كۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامی بەچاوی گومانەوە لەسعودیە بڕوانێت. ساڵی 1969 ئەوكاتەی بەریتانیا هێزەكانی خۆی لەئاوەكان و ناوچەكانی كەنداو كشاندەوە ئاسایشی سەربازیی ناوچەكە رادەستی ئەمریكا كراو ركابەریی سعودیەو ئێران لەو سەردەمەدا بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆیان لەكەنداو سەریهەڵدا، بەڵام چونكە ئەو دوو وڵاتە بە هاوپەیمانی ئەمریكا لەقەڵەمدەدارن هیچ جۆرە بەریەككەوتنێكی قورس لەنێوانیاندا رووی نەدا. لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێران و دژایەتیی ئەو كۆمارە لەلایەن ئەمریكاوە، پەیوەندییەكانی نێوان ریازو تاران ئاڵۆزی تێكەوت و تەنانەت لەساڵی 1980 لەكاتی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران-عێراق، تاران دەسەڵاتدارانی سعودیەی بەوە تۆمەتبار كرد كەهاوكاری سەددام حسێن سەرۆكی رژێمی بەعسی عێراق دەكەن. بەرپرسانی ئێران پێیان وایە ئەمریكا لەساڵی 2018 لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی وڵاتەكە لە رێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی نیگرانیی سعودیەو ئەو وڵاتەش پەنا بۆ واشنتۆن بەرێت بەمەبەستی كڕینی چەك بەبیانوی مەترسییە موشەكییەكانی ئێران. بەرپرسەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن: ئەمریكا هەیمەنەی شیعەی لەناوچەكەدا وەك مەترسییەك بۆ سعودیە پیشان داوەو دەیەوێت بەو بیانوەشەوە فشارەكانی لەسەر تاران زیاد بكات، بۆیە واشنتۆن هەمو هەوڵێك دەدات پەیوەندییەكانی نێوان ریازو تاران ئاسایی نەبێتەوە، چونكە پەیوەندیی سعودیەو ئێران بەواتای ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە هیچ كات ئەمریكا ئەوەی نەویستوەو نایەوێت. توركیا نەیاری ئێران و سعودیە توركیا گەورەترین ركابەری مێژویی ئێرانە لەسەردەمی عوسمانییەكانەوە، لەئێستاشدا هۆكاری پەراوێزخستنی هەیمەنەی سعودیەیە لەوڵاتانی سوننەو هاوكات پشتیوانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لەلیبیا و یەمەن و سوریا دەكات، بۆیە باشترین هەنگاوی ریاز نزیكایەتییە لەئێران بۆ لاوازكردنی رۆڵی توركیا لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی. ئێران و سعودیە لەساڵی 1942 دەیان جار ناكۆكیی و كێشە لەنێوانیاندا روویداوە، بەڵام هیچ كات ئەو ناكۆكییانە نەگەیشتووەتە قۆناغێك كەسەروەریی خاكی یەكتر پێشێل بكەن بۆیە بە بەردەوامی تروسكاییەك لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بەدیدەكرێت بۆ ئاسییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، لەئێستادا عێراق رۆڵی ئەو تروسكاییە دەگێڕێت. بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی ململانێ سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان سێكوچكەی سعودیەو توركیا و ئێراندایە، چونكە ئەو سێ وڵاتە زیاتر لە 10 ساڵە  لەلوبنان، سوریا، عێراق، یەمەن و لیبیا لەجەنگێكی سارددان بەتایبەت كە ساڵی 2017 سعودیە رایگەیاند ئەو جەنگەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵیگیرساندووە دەبێت ببرێتە ناوخۆی ئێرانەوە وەك ئاماژەیەك بەجەنگ لەسوریا و یەمەن، بۆیە تاران بەبەردەوامیی ریازی بەوە تۆمەتبار كردووە كەهاوكاریی ماددی نەیارانی كوردو عەرەبی كردووە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران. عێراق ململانێی سعودیەو ئێران لەخۆی دووردەخاتەوە عێراق كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی شیعەیەو چەكدارانی شیعەی وڵاتەكەش زۆربەیان لەئێرانەوە نزیكن لەكۆنە قوربانیی ململانێكانی سعودیەو ئێرانە لەگۆڕەپانی سیاسیی و هەندێكجاریش سەربازیی وڵاتەكەی، بۆیە بەدروستكردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان تاران و ریاز، هەوڵدەدات وڵاتەكەی لەگۆڕەپانێكی جەنگی ساردەوە ببێتە مایەی ئاشتیی نێوانیان. بلۆمبێرگ نووسیویەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو شوێنەی كە هەمیشە بەئاشتیی نامۆ بووە عێراق لەساڵی 2021 هەوڵی ئاشتبوونەوەیەكی چاوڕواننەكراوی سعودیەو ئێرانی داوە بەجۆرێك كەپێشبینیی دەكرێت ساڵی 2022 هەوڵەكانی عێراق لەخوڵقاندنی ئەو ئاشتییەدا بەدیبكرێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی بۆ عێراق و ناوچەكە.

عەمار عەزیز نیسان ناوی كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەتی ئاوارەی ئێزیدییە لەماوەی حەوت ساڵدا لەكەمپی كەبەرتووی سەر بەدهۆك دەژی 15 هەزار وێنەی ئاوارەیی ئەرشیف كردووەو دەڵێت:»دەمەوێت ئازاری ئێزییدیەكان پیشانی جیهان بدەم».  نیسان میرزا ، تەمەن 21 ساڵ ، خەڵكی قەزای شەنگالە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام هیچ رۆژێك بیری لەوە نەكردووە كە ئەو جیاوازە لەگەڵ خەڵكی تر، بەڵكو وەكو كەسێكی ئاسایی رەفتاری لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا كردووە، بەدوو شێوە خزمەت بەئاوارەكانی كەمپی كەبەرتوو دەكات. یەكەم هەزاران وێنەی خۆشی و ناخۆشی دانیشتووانی كەمپی كەبەرتوو لای خۆی پاراستووە، جگە لەمەش وێنەی هەزاران ئاوارەی ئێزیدی لای ئەوە هەر لەپیاوی بەتەمەن تا بچووكترین منداڵ، دووەم دوكانێكی تایبەتی كردووەتەوە بۆ وێنەگرتنی ئەو كچ و كوڕانەی دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیری لەكەمپی كەبەرتوو و هەموو ئاوارەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، لە رێگای دوكانەكەی داهاتێك بۆ خۆی و خێزانەكەی دابین دەكات. نیسان میرزا لەلێدوانێكدا بە وت:»  لەئابی 2014 كە هاتینە كەمپ، ئەوساڵ خوێندنم فەوتا، ئەوەش بەهۆی ژیانی ئاوارەیی نەمتوانی بخوێنم ،بەڵام بۆ ساڵی دووەم  بڕیارمدا هەرچونێك بێت دەست بەخوێندن بكەم، چوومە خوێندنگا بەڵام بەهۆی كورتەباڵاییەوە رووبەڕووی توانجی زۆر بوومەوە، رۆژێك دوو نەمتوانی بەردەوامی بەخوێندنی خۆم بدەم، بۆیە وازم لێهێنا ، ساڵی یەكەم پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بووم ، دوای دوو ساڵ جارێكی تر بڕیارمدا بچمەوە خوێندن  ئێستا پولی نۆیەمی بنەڕەتیم». «زۆر حەزم لە وێنەگرتنە، سەرەتا بە باوكم وت حەزدەكەم كامێرایەكم  بۆ بكڕی هەرچەند دۆخی ئێمە لەڕووی داراییەوە زۆر خراپ بوو، بەڵام دڵی منی نەشكاند، ئەو رۆژە لام خۆشترین و بەتامترین رۆژ بوو، چونكە خەونی من ئەوە بوو ببم بە خاوەن كامیرایەك ، هەر رۆژی دواتر لەبەیانیەوە تا ئێوارە دەستم بەوێنەگرتن كرد ،هەر شتێكی جوان و سەرنجڕاكێش بەچاوی كامێراكەم دەچركێنم، هەروەها ئازارو دۆخی ناخۆشی ژیانی ئاوارەیی لە رێگای كامێراكەم پێشانی هەموو جیهان دەدەم». لەبەرئەوەی نیسان خاوەن پێداویستی تایبەتە، زۆرجار تووشی بێزاركردن و قسەی ناشیاو دەبێتەوە، بەڵام ئەو قسانە نەبوونەتە رێگر لەبەردەم نیسان تا واز لەئیشەكەی بهێنێت، لەمبارەیەوە نیسان وتی: « بێگۆمان ئەو قسانە بۆ من زۆر ناخۆش بوون ، بەڵام بەهیوا بووم كە رۆژێك دێت خەڵك بەچاوێكی گەورەو پڕ لەخۆشەویستی سەیرم دەكەن، بۆیە بەردەوام بووم لەسەر پیشەكەی خۆم تا توانیم دوكانێكی تایبەت بە وێنەگرتن بۆ  بۆنەكان و بوك و زاوا بكەمەوە ، ئێستا خاوەن ستافێكی تایبەتم بەوێنەگرتن» .  لەماوەی حەوت ساڵی رابوردوو، نیسان لە رێگای كامێراكەی 15 هەزار وێنەی ژیانی ئاوارەیی بە كامێراكەی خۆی چركاندووە ، وتیشی: « هەموو وێنەكان لەلای خۆم پاراستووە، ئەمەش بۆ دیكیۆمێنتكردنی ژیانی ئاوارەیی ئێزیدییەكانی شەنگال لەسنوری پارێزگای دهۆك، تا هەموو خەڵك بزانیت لەماوەی حەوت ساڵی  رابوردوو ئاوارە ئێزیدییەكان چۆن ژیاون ، كێشەكانیان چی بوون، سەرەتا كۆمەڵێك كەس بەمنیان دەوت ئەم كارەی تۆ دەیكەی بۆچییە یان چ قازانجێكی هەیە، بەڵام ئێستا بۆ هەموو ئەو كەسانە روون و ئاشكرابووە كە ئەو ئیشەی من كردوومە خزمەتێكی گەورەیە بۆ ئاوارەكانی شەنگال«.

شاناز حەسەن فرۆشیارانی قەل و قاز لەبازاڕی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدەن  بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرو سەرمایەی رووی لەسلێمانی كردووە قازو قەل لەبازاڕدا نەماوەو خواستێكی زۆری لەسەرە لەلایەن هاووڵاتیانەوە. رێباز، فرۆشیارێكە لەژێر پردەكەی سلێمانی كە لەباوكیەوە ئەم پیشەیەی بۆ ماوەتەوەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەگەڵ باوكم ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە ئەم كارە دەكەین، ساڵانە بێجگە لەو قازانەی خۆمان بەخێوی دەكەین، بەسەدان قازی دیكە دەكڕین و دەیفرۆشین، چونكە موشتەریەكی زۆرمان هەیە». ناوبراو باسی لەوەشكرد بەگشتی نرخی كیلۆیەك قاز لەبازاڕەكانی سلێمانیدا لەحەوت هەزارەوە بۆ نۆ هەزار دەفرۆشرێت، بەڵام بەهۆی ساردو سەرمای ئەم دوو رۆژەی رابردوو كیلۆیەك قازی كوردی گەیشتووەتە 12 هەزار دینار، واتە نرخی قازێك بەتێكرا لەنێوان 35 هەزار تا 55 هەزار دیناردا فرۆشراوە. هەروەها رێباز باسی لەوەشكرد قازی باش دەبێت چوار كیلۆ بێت و وتی:» ئەوە پێی دەوترێت قازی باش و بەتایبەت كە تامەكەی زۆر خۆشە، چونكە لەچوار كیلۆ زیاتر قەڵەو بێت چەوریەكی زۆر دەبێت». سەردار بەكر، هاووڵاتیەكەو ماوەی پێشوو چوار قازی كڕیوە و كەسە خۆشەویستەكانی پێ بانگهێشت كردووە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوو رۆژە دەمەوێت قازی دیكە بكڕم بۆ دەعوەت، بەڵام دەستم ناكەوێت و فرۆشیارەكان لایان نەماوە». قاز و قەل یەكێكە لەو خواردنانەی لەهەرێمی كوردستان دەعوەتی پێدەكرێت و ناوبانگی هەیە و بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا خەڵكی دەیكڕن و بۆ دۆست و ئازیزانیانی ئامادە دەكەن. حەنیفە ئەحمەد، خانمێكی بەتەمەنەو ئاماژە بەوە دەدات قازلێنان تایبەتەو هەموو كەس ناتوانێت ئامادەی بكات. ئەم خانمە باس لەوە دەكات لەكۆنەوە ئەو كلتورە لەناو كورددا هەر هەبووە لەبۆنەو میوانیە تایبەتەكاندا قازو قەل ئامادەكراوەو برنجی كوردی و رۆنی كوردی تێدا بەكارهاتووە. حەنیفە وتیشی:» قاز یەكێكە لەو خواردنانەی  بۆ دۆستە تایبەتەكان بەدار لێ دەنرا، چونكە گران بوو خەڵك كەمتر لەجۆرە گۆشتەكانی دیكە دەیتوانی بیكڕێت، بەڵام لەئێستادا  خەڵك بەگشتی وەزعی باشترەو زۆرتر دەكڕدرێت». خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەری قەل و قاز لە رانیە دەڵێت ساڵانەو بەتایبەت لەوەرزی زستاندا هەزار تا دوو هەزار قەل و قاز دەفرۆشێت. دانا محەمەد، خاوەنی پرۆژەی پەلەوەری رانیە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ساڵانە زیاتر لەهەزار بۆ دوو هەزار قەل و قاز لەم سێ مانگەی زستاندا دەفرۆشرێت، چونكە خەڵكەكە بەپێی ناوچەكانیان قەل یاخود قاز دەكڕن. هەروەها پێشیوابوو خەڵكی هەولێر زیاتر ئارەزووی خواردنی قەل دەكەن و خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری زیاتر ئارەزووی خواردنی قاز دەكەن. خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری رانیە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد موشتەریان هەیە لەموسڵ و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و لەسلێمانی و هەولێریش موشتەریەكی بەردەوامیان هەیە، وتیشی:»بەهۆی بارینی بەفرو سەرماوە چەند رۆژێكە خواستێكی یەكجار زۆر لەسەر كڕینی قەل و قاز هەیە