هاوڵاتی عێراق و سعودیه‌ رێككەوتنێك واژۆده‌كه‌ن له‌ بوارى وزه‌و كشتوكاڵ و بازرگانى هاوبه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ و هه‌ردولا رێكه‌وتون بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى عه‌رعه‌ر. حمید غزی ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق  ڕایگه‌یاند:" هه‌ردوو وڵات گه‌شتونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى پێویسته‌ له‌چه‌ند ڕویه‌كه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى یه‌كتربن له‌وانه‌ كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى عه‌رعه‌ر كه‌ سودى زۆرى بۆ هه‌ردولا هه‌یه‌". ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق وتیشی:" گرفت هه‌یه‌ له‌ بازرگانى و كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌كه‌ له‌هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنیدان و عێراق و سعودیه‌ له‌بوارى پیشه‌سازى و وزه‌و بازرگانى و كشتوكاڵ سبه‌ینێ لێكتێگه‌شتنیان هه‌یه‌و سبه‌ینێ ڕێكه‌وتنێك له‌ بوارى كاره‌با واژۆده‌كه‌ن".

  هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێم رایگەیاند، لە مانگی داھاتووەوە بەبێ كارتی ڤاكسین مامەڵەی ھاوڵاتیان ڕایی ناكات. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: لە رۆژی یەكی شوباتی 2022 بەدواوە پێویستە ھاوڵاتیان لە كاتی سەردانیان بۆ وەزارەت كارتی وەرگرتنی ڤاكسینیان یان ئەنجامی تێستی كۆرۆنایان پێ بێت كە 48 كاژمێری بەسەردا تێپەڕنەبوبێت، بەپێچەوانەوە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی وەزارەت بكەن بۆ ڕایكردنی مامەڵەكانیان.  وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستووەتەڕوو:" ئەو فەرمانبەرانەی دیوانی وەزارەت كە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، پێویستە تا ڕۆژی پێنجشەممە وێنەیەك لە ناسنامە یاخود كارتی وەرگرتنی ڤاكسین بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە دیوانی وەزارەت بنێرن، ئەو فەرمانبەرانەشی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، بەبێ تێستی كۆرۆنا كە 48 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبوبێت، ڕێگەیان پێنادرێت بچنە دەوام و بەنەھاتوو ھەژمار دەكرێن".  

  عەمار عەزیز بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئارد و گرانبونی غاز  ژمارەیەک فرن و نانەواخانە لە دهۆک و ئیدارەی زاخۆ داخران. ئاراس مەهدی، خاوەن نانەواخانەیەکە لە شاری دهۆک بە هاوڵاتی ی وت:" ئێستا فەردەی ئارد بە 40 هەزارە پێشتر بە 20 هەزار دیناربوو، تەنەکەی روون ئێستا بە31هەزارە پێشتر بە حەوت هەزار بۆ،هەموو شتێک بووەتە دوو تا سێ قات، وا بڕوات منیش فرنەکەی خۆم دادەخەم". ئاراس ووتیشی:"کەس حەزناکات دوکانەکەی خۆی دابخات بەڵام ئەگەر هیچ قازانج نەکەین و کریێ دوکانەکە لسەر حسابی خۆمان بێت ناچارین ئێمەش دادخەین". ئەحمەد مەلا وەحید مزوری، نوێنەرێ خاوەن فرن و سەمونخانەکانی دهۆک بە هاوڵاتی ی وت:"تا ئەمڕۆ 47 فرن و سەمونخانە لە سنوری دهۆک و ئیدارەی زاخۆ داخراون وابڕوات ژمارەکەهێشتا زیاتر دەبێت،هۆکارەکان دیار و ئاشکران هیچ کەس و لایەنێک هاوکاریمان ناکەت". ناوبراو وتیشی:" ئێستا یەک لیتری گازۆێل بە 850دینارە پێشتر حکومەت بە 250دینار دەدا خاون فرن و سەمونخانەکان دواتر کردی بە500دینار". لەسنوری دهۆک 129 سەمونخانە، 204 نانەواخانە، لە سنوری ئیدارەی زاخو 300 نانەواخانە و فرن هەن. ئەحمەد مەلا وەحید مزوریئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" چەندینجار داوامان لەبەرپرسان کردوە هاوکاریمان بکەن بەڵام هیچ کەس ئامادە نیە داواکاریەکانمان جێبەجێ بکات، لەئێستادا جگە لە داخستن هیچ بژاردەیەکی ترمان نیە". ماوەیەك لەمەو پێش خاوەنی نانەوا و سەمونخانەكانی هەرێم بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئاردەوەخۆپیشاندانیان كرد و داوایان لە حكومەت كرد هاوكاریان بكات.

هاوڵاتی وتەبێژی پارتی لە وەڵامی بەیاننامەیەكی شەوی ڕابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا رایگەیاند، مەبەستیان بووە شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام سەری نەگرتووە، بەیاننامەكەش دوای ئەوە دێت یەكێتی و پارتی رێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پارتیش كاندیدەكەی خۆی نەكشاندووەتەوە. دوێنێ یەكشەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی كۆبووەوە و دواتر لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە. هەر دوای بەیاننامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێـتی لەپەیجی خۆی ڕایگەیاند: ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵوەستەی جددی كرد و پێی وابوو پارتی تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت :مادەم لایەنی دیكە دوور لە پرەنسیپی تەوافق كاندیدی خۆیان پێشكەش دەكەن یەكێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی بزانێت بۆیە سازشی لەسەر ناكات. هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندووە: ئەو قسەوباسانەی كە دەوترا پارتی تەنها كێشەی لەگەڵ كاندیدی یەكێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو كاندیدە بكرایا پارتیش كاندیدی خۆی دەكشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەركەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی. لەوەڵامدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: لەبارەی پارتیمان و ڕەوشی سیاسیی و پرسی سەرۆككۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بوو، بۆیە بە باشی دەزانین ڕای گشتیی كوردستان لە ڕاستی و دروستیی بابەتەكان ئاگادار بكەینەوە. لەڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتییدا هاتووە: دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش و یەكخستنی ناوماڵی كوردی و دروستكردنی شاندێكی هاوبەش بۆ بەغدا و لەپێناو چەسپاندنی داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان، سەردانی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی كرد. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بوو كۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی بەسترا و لەگەڵ ئەوەشدا مەسعود بارزانی پێشوازی لە بافل تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كرد، ئامانجی سەرەكیی ئەو كۆبوونەوانە ئامادەكردنی بەرنامەیەكی كوردستانی بۆ دیدی هاوبەش بەرانبەر داهاتووی عێراق و داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان و تێكڕای پڕۆسەی سیاسی بوو. هەر لە ڕوونكردنەوەكەی وتەبێژی پارتیدا هاتووە: ئێمە مەبەستمان بوو شاندێكی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێندرێت، بەڵام بە داخەوە بۆمان ڕوون بووەوە كە نوێنەرانی یەكێتیی بەشدار لە شاندە هاوبەشەكە ڕوانگەیەكی ڕوونیان نییە و توانای بڕیاردانیشیان لەمەڕ پرسەكان نەبوو، جگە لەوەش بە بێ ئاگاداركردنەوەی پارتی لە شاندە هاوبەشەكە كشانەوە. وەك وتەبێژەكەی پارتی دەڵێت: لەبارەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە پێویست بوو هەموو لایەك پابەندی هەنگاوە دەستوورییەكان بن، فراكسیۆنی یەكێتیی سەرباری ئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی جێهێشت، هەر ئەوەش یەكەم هەنگاوی فراكسیۆنی یەكێتی بوو بۆ تێكدانی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دەشڵێت: لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و تەنیا موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییە، هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنیا كاندیدێك دیاری بكرێت كە ڕەزامەندی و پاڵپشتیی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت، بەڵام یەكێتی بەردەوام بوو لەسەر پێداگریی خۆی بۆ كاندیدكردنی كەسێك ئەویش لە دەرەوەی ڕەزامەندیی ناوماڵی كوردیی و پۆستی سەرۆككۆماریشی وەك ئیستحقاقێكی تەواو حزبی سەیر كردووە و لە ڕوانگەیەكی تەواو حزبیانە كاری بۆ كردووە نەك نیشتیمانیانە. لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتیدا ئەوەش هاتووە: پێویست بوو یەكێتی لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردیی وردتر و نیشتیمانی تر هەڵسوكەوتی كردبا، دەبێ بەرپرسیارێتیی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لە ئەستۆبگرێت. ئێستا پارتی وەك ركابەری بەرهەم ساڵح، هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا لەتیف ڕەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە و نەكشاوەتەوە.

هاوڵاتی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ وەفدێكی دادوەری لوبنانی كۆبووە و دۆخی دادگاكانی هەرێم و عێراق تاوتێكران. ئه‌مڕۆ دووشەممە 24ی كانوونی دووه‌می 2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  دادوه‌ر هنرى خوورى، وه‌زيرى دادى لوبنانى و  وەفدێكی ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى لوبنان، ياريده‌ده‌ر‌ى ئه‌منيدارى گشتي كۆمكارى عه‌ره‌بى و ژماره‌يه‌ك له‌ ڕاوێژكاران پێكهاتبوو و به‌ بانگهێشتێك بۆ به‌شدارى له‌ يادى ڕۆژى دادوه‌ريى عيراقدا، سه‌ردانى به‌غدايان كردبوو. له‌ ديدارێكدا وه‌زيرى دادى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، تيشك خرايه‌ سه‌ر سيستم و دۆخى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان و لێكچوونيان له‌ لوبنان و عيراق و هه‌رێمى كوردستان و بوارى هاريكاريى نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى لوبنان و عيراق و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى يه‌كتر خرايه‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ گرنگيى سه‌ربه‌خۆيي ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كرايه‌وه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ سه‌ربه‌خۆيي دادوه‌رى بنه‌ماى ده‌وڵه‌تدارييه‌. دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منى له‌ عيراق و لوبنان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌وەفدى لوبنانى پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى لوبنان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئێستاى ئابووريى وڵاته‌كه‌ و قه‌يرانه‌كان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها باسيان له‌ ده‌سپێشخه‌رييه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ پشتيوانيى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى لوبنانى له‌ دۆخى ئێستايدا كرد. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى وەفدەكه‌ى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيواى خواست هاريكاريى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لوبنان له‌ بوارى دادوه‌ريدا پته‌وتر بكرێت و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ڕه‌وه‌ندى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد به‌تايبه‌تيش له‌ بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و بانكداريدا. دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و لوبنان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  سبەینێ‌ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت یەکەم وەزارەت وەزارەتی تەندروستی مووچە وەردەگرێت". سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:" یەکەم وەزارەت وەزارەتی تەندروستی مووچە وەردەگرێت و لە رۆژانی داهاتووشدا خشتەی نوێی مووچەی وەزارەت و دەستەکانی دیکە دابەشدەکرێت.  رۆژی 19ی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەمەش حکومەت دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات.  لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.  

هاوڵاتی چەکدارانی حوسیی یەمەن رایانگەیاند:" هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە، ئەبوزەبی و دوبەی". چەکدارانی حوسی لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانیان بۆسەر ئیمارات کردو حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند بە مووشەک و درۆن هێرشییان کردووەتەسەر ئەبوزەبی و دوبەی، حکومەتی ئیماراتیش دەڵێت دوو مووشەکیان پووچەڵکردووەتەوە   و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، رایگەیاند چەند مووشەکێکی بالیستیان ئاراستەی فرۆکەخانەی زەفرە لە ئەبوزەبی ئیمارات کردووە. یەحیا سەریع وتیشی بە درۆن هێرشیان کردووەتەسەر سەر چەند پێگەیەکی سەرەکی و گرنگ لە شاری دوبەی بەبێ ئەوەی ناوی پێگەکان بهێنێت. وتەبێژەکەی حوسییەکان ئەوەشی خستەڕوو، "ئامادەین بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەمان لە قۆناغی داهاتوودا و بە هێرش و گرژی رووبەڕووی هەموو هێرش و گرژییەک دەبینەوە." هاوکات وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاند دوو مووشەکی بالیستیان پوچەڵکردووەتەوە لە ئەبوزەبی و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە. وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئەوەشی خستەڕوو کە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەک لەلایەن حوسییەکانەوە و هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ پارێزگاری کردن لە وڵاتەکەیان. ئەمە لەکاتێکدا کە هەفتەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن هێرشێکی موشەکی و درۆنیان کردە سەر پاڵاوگەی موسەفەح لە ئەبوزەبی و تێیدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا، دواتر لە وەڵامدا هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە چەند هێرشێکی ئاسامانی ئەنجامدا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە چەند شارێکی و تێیدا نزیکەی ١٠٠ کەس کوژران کە بەشێکی زۆریان هاوڵاتی مەدەنی بوون.وە. یەحیا سەریح، وتەبێژی چەکدارانی حوسی دەڵێت، "ئامادەین بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەمان لە قۆناغی داهاتوودا و بە هێرش و گرژی رووبەڕووی هەموو هێرش و گرژییەک دەبینەوە".  

هاوڵاتی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات هه‌سه‌ده‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه‌ 175 چه‌كدارى داعشیان كوشتوه‌و زیندانى غوه‌یرانیان كۆنتڕۆڵكردۆته‌وه‌. فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتوه‌، لە کاتێکدا هێزەکانمان لە بەرەکانی ناوچە داگیرکراوەکان بەرخۆدانی دەکەن، چەتەکانی داعش هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر زیندانی سەناعە لە حەسەکە ئەم زیندانە گەورەترین زیندانە لەو ناوچەیە کە چەتەکانی داعشی تێیدا بێت ئەم زیندانە تەنیا مەترسیدارترین زیندان نییە بۆ هەرێمەکانمان بەڵکو مەترسیدارە بۆ ئاسایشی هەموو جیهان. هه‌سه‌ده‌ هێماى بۆئه‌وه‌شكردوه‌، بەپێی دانپێدانانی هەندێک لەچەتە هێرشبەرەکان کە دەستگیرکراون بەلایەنی کەمەوە 200 چەتەی خۆکوژ دەستیان هەبووە لەو هێرشانەدا کە هەندێکیان لەسەرێکانی و تیل عوبەید و هەندێکیش لەعێراقەوە هاتوون و لەگەڕەکی غوێران نیشتەجێ بوون ڕۆژی 20ی کانوونی یەکەم لە دەوروبەری کاتژمێر 07:30 خولەکی ئێوارە دوای شەش مانگ لە ئامادەکاری بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر زیندانەکە، لەگەڵ ئەوەدا چەتەکانی زیندان هێرشیان کردە سەر ستافەکانی زیندان وەک تەندروستی و چێشتلێنان و ئاسایش و هەوڵی هەڵهاتنیاندا تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی چارەنووسی ئەو کارمەندانەوە بەدەست نەخراوە. هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەوڵدانی چەتەکان بۆ هەڵاتن سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام هەندێک لە چەتەکان توانیان لە تەنیشت زیندانەوە بگەنە بینای فاکەڵتی ئابورى، بەڵام هێزەکانمان دەوروبەری زیندان و ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام شەڕی سەختی سەرەکی لەگەڵ ئەو شانانەی کە لە دەرەوە هێرشیان دەکرد و شەڕیان کرد لە گەڕەکی غوێرانی شەرقی و لە گەڕەکی زهور و لە مەیدانی پانارۆما پێکدادانی سەخت ڕوویدا و تا ئێستا زۆربەی ئەو شانە هێرشبەرانە تێکشکێنراون جارێکی تر لە گەڕەکی غوێران دەست بەسەر هەندێک لە پەناگەی نهێنی و چەکی قورسدا گیرا. له‌باره‌ى ده‌رئه‌نجامى شه‌ڕه‌كه‌ هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت، لە ئەنجامدا ئێستا زیندانەکە لە ژێر دەستی هێزەکانماندایە و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و هەوڵی هەڵاتنیان شکستی هێناوە لە لایەکی دیکەوە هێزەکانمان ئێستا کار دەکەن بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ناو زیندانەکە دابمەزرێننەوە و شەڕی ئێمە لە دژی خۆکوژی چەتەکانی داعش کە هێرشیان کردە سەر زیندانەکە بەردەوامە لەم 2-3 ڕۆژەدا زیاتر لە 150 چەتەی هێرشبەر و 15 چەتە کە ویستویانە لە زیندان ڕابکەن و لەگەڵ هێزەکانماندا پێکدادانیان ئەنجامدا کوژران کۆی گشتی 175 چەتە کوژران. هه‌سه‌ده‌ به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ زیانه‌كانى خۆیان ده‌كات “لەم 3 ڕۆژەدا 27 شەڕڤانمان قارەمانانە شەهید بوون ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی پاککردنەوەمان دەستپێکردووە، بە بەشداری 10 هەزار شەڕڤانی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵمەتێکی پاککردنەوەی دژی داعش دەستپێدەکەین ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی حەسەکە و ڕەقە و دێرەزۆر لە دژی شانە نهێنییەکانی داعش”. هه‌سه‌ده‌ ڕوو له‌خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێت، هێزەکانمان هێشتا بەردەوامن و بۆ ئەو مەبەستەش خواستی ئێمە یارمەتیدانی گەلەکەمانە لە حەسەکە و هەموو هاوڵاتیانمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا هێزەکانمان ئێستا زۆر بە وریاییەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی زیان بە هاوڵاتیان نەگەیەنن چونکە چەتەکان لەناو هاوڵاتیانی شارۆچکەی غوێران خۆیان حەشارداوە، بەپێی لێدوانی هەندێک لەو دەستگیرکراوانەی داعش بەرپرسەکانیان لای تورکیان و لەناوچەد اگیرکراوەکانی وەک سەرێکانی”. له‌كۆتاى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتوه‌، هەندیکی دیکە لە چەتەکان لە ڕومادی عێراقەوە هاتوون و جێی سەرنجە لە کاتێکدا هێزەکانمان لەگەڵ داعشدا مامەڵەیان دەکرد و هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیان هێرشیان کردە سەر بنکە و پێگەکانی هێزەکانمان لەسەر هێڵی عەین عیسا و بووە هۆی شەهیدبوونی سێ شەڕڤان هەروەها گردبونەوە و هێرش بۆ سەر هێڵی تل تەمر و ئەبوڕەسین هەیە هاوکات ئەم هێرشانە و هێرشەکانی داعش پێکەوە مانادارن بەڵام وەک هێزەکانی هەسەدە لە ئێستاوە بە فیداکارییەکی گەورە لە دژی هەموو شێوەکانی هێرشەکان هەرێم و گەلی خۆمان دەپارێزین

 هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت میکانیزمێکی نوێ پەیڕەو دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی ئاو و دەڵێت نرخی یەک مەتر سێجا ئاو لەسەر حكومەت 400 دینارە". فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی ئاو، میکانیزمێکی نوێ پەیڕەو دەکات، ئەمەش لەپێناو هەلی گەیشتنی ئاوی خاوێن بە هەموو هاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش هاووڵاتییانی هانداوە پێوەری ئاو ببەستن بۆ ئەوەی هەموو هاوبەشانی ئاو، بە دادپەروەریی ئاویان پێ بگات. فەرمانگەکە ڕێژەی خەرجکردن و پارەی ئاوی ماڵان، به‌ گوێره‌ی خشته‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بەم شێوەیەیە: هەر ماڵێک لە مانگێكدا ئەگەر تەنها 5 مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، 250 دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 50 دینار دەدات. لەدوای 5 مەتر سێجا تا 15 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 150 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 15 مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، 1750 دیناری لێ وەردەگیرێت. لەدوای 15 مەتر سێجا تا 30 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 300 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 30 مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، 6250 دیناری لێ وەردەگیرێت. لەدوای 30 مەتر سێجا تا 60 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 450 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 60 مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، 19750 دیناری لێ وەردەگیرێت. لەدوای 60 مەتر سێجا، بۆ هەر 1 مەتر سێجایەک 600 دینارە، واتە ئەگەر ماڵێک 150 مەتر سێجا ئاو خەرج بكات، پێویستە 106 هەزار دیناری لێ وەربگرێت، بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی بارگرانی نەكەوێتە سەر هاووڵاتییان، ئەگەر لەسەروو ڕێژەكەشەوە ئاو خەرج بكات، لە 45 هەزار دینار زیاتری لێ وەرناگرێت. بەپێی ستانداردی جیهانی، هەر هاووڵاتییەک ڕۆژانە پێویستی بە 200-250 لیتر ئاو هەیە، لە هەرێمی كوردستان، هەر هاووڵاتییەک ڕۆژانە زیاتر لە 350 لیتر ئاو خەرج دەكات و نرخی هەر مەتر سێجایەکیش لەسەر حکومەت 400 دینارە و ساڵی ڕابردوو، خەرجیی گەیاندنی ئاوی خاوێن لە تەواوی هەرێمی کوردستان، گەیشتبوویە 117 ملیار دینار، لە کاتێکدا تەنها 42 ملیار دینار وەک داهات کۆکرابوویەوە. لە هەرێمی کوردستان 930 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڵام تاوەکو ئێستا 67%‌‌ی هاوبەشانی ئاو، پێوەری زیرەکیان بەستووە، کە دەکاتە زیاتر لە ملیۆنێک هاوبەش.

 هاوڵاتی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا کە "پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی بەربژێری یەكێتی بۆ ئەو پۆستە بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە."   دەقی پەیامی بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣/١/٢٠٢٢ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بەست. كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق. كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە كرد و پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ هەنديک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشكەشكردووە. لەوبارەیەوە هەڤاڵ بافڵ بەووردی رووناكی خستەسەر پێشهاتەكانی ئێستا و جەختیکردەوە کە مادەم لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات. هەروەها ئەو قسەوباسانەی کە دەگوترا پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو کاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدی خۆی دەکشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشكەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە، دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە چوارچێوەی رێكکەوتنیان لەگەڵ هەندێک لە لایەنەكانی تری عێراق. ئەنجومەنی سەركردایەتی بەقووڵی بژاردەكانی بەردەم یەكێتی بۆ خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی داهاتووی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرد و جەختیکردەوە كە لەم قۆناغەدا پێویستە داكۆكی تەواو لەم ئیستیحقاقەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و بپارێزرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە. هەروەها كۆبوونەوەکە جەختیکردەوە لەسەر یەكدەستی یەكێتی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی داهاتوو.

 هاوڵاتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی رایدەگەیەنێت کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەی دوورخستنەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی جێبەجێ دەکات، هەروەک هۆشداریشیداوە لەوەی ئەوەی مەسعوود بارزانی دەیکات یارییکردنە بە ئاگر. جاسم بەیاتی سەرکردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکدا دەڵێت: گفتوگۆکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر هەر لە شوێنی خۆیەتیی و موقتەدا سەدر کە بەهێزەوە لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە پشتیوانیی دەکرێت سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە. وتوشیەتی، بارزانی سەرکردایەتیی پڕۆژەیەکی نەگریسی وڵاتانی کەنداو و هێزی نێودەوڵەتیی ناسراو دەکات، کە ئەویش دوورخستنەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە لە پڕۆسەی سیاسیی و پاڵنانی بۆ بوون بە بەرهەڵستکار. بەیاتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەو پڕۆژەیە کار لەسەر ڕاکێشانی هێزە سوننەکان بۆلای خۆی دەکات، کە بەلای هەموو کەسێکەوە ئەوە یارییکردنە بە ئاگر.

  هاوڵاتی  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند:" پێشبینیدەکرێت دوای کۆتاییهاتنی کۆرۆنای شێوە گۆڕاوی "ئۆمیکرۆن" کۆتایی گریمانکراوی پەتای کۆڕۆنا (کۆڤید-19) بێت". بەگوێرەی ئاژانسی فڕانس پرێس، هانس کڵۆگە بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتویەتی:"شێوە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کە تاوەکو مانگی مارس لەسەدا 60ی ئەوروپاییەکان توشدەکات، بەوەش قۆناغێکی نوێی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناوچەکە دەستپێدەکات‌و قەیرانەکە لەکۆتایی نزیکدەکاتەوە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆسی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی هۆشدارییدابوو لەدەرکەوتنی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا لەدوای کۆتاییهاتنی شێوە گۆڕاوی "ئۆمیکڕۆن". بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەگرنگیی چاودێریی‌و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بۆ ئەگەری دەرکەوتنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردبوو. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوە جیهانییەکە، تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە، 349 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتون کە لەو ژمارەیە 5.59 ملیۆنیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەک تائێستا 9.87 ملیار ژەمە ڤاکسین لەسەرتاسەری جیهاندا دراوە، کە 4.09 ملیار کەس هەردوو ژەمەکەیان وەرگرتوە کە دەکاتە 52.5% دانیشتوانی جیهان.

  هاوڵاتی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری  بڕیاری گومركی سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی گومركی تیله‌كۆ له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌ركرد. لە نووسراوێکدا کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەسەرە تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە ماددەی (٥) لە یاسایی گومرگی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٨٤ی هەموارکراو بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیاردرا بە دامەزراندنی بنکەی گومرگی بەناوی ( بنکەی گومرکی تیلەکۆ) لە مەرزی تیلەکۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵس و کەوتی گومرگی پێویست بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی. لە نووسراوەکەدا هاتووە ئەم بڕیارە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

هاوڵاتی عەلی حەمەساڵح رایگەیاند:"لە 75%ی خەڵکی کوردستان نەوتی سپی وەرنەگرتووە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت زستان تەواو دەبێت و زۆرینەی خەڵک وەریناگرن". عەلی حەمەساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، "تا ئێستا 69 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە، لەکاتێکدا 259 ملیۆن لیترمان پێویستە واتە لە 75%ی خەڵکی کوردستان نەوتی سپی وەرنەگرتوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت زستان تەواو دەبێت و زۆرینەی خەڵک وەریناگرن". ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان وتیشی:"بەرهەمی ناوخۆیی بەنزین 950 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، تەنها دو کۆمپانیا تەحەکومی پێوە دەکەن، و ساڵێکە داوادەکەم یەک لیتر بۆ سلێمانی نەنێردراوە". عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد هەندێک شوێن بەنزینی 690 ساختە دەکەن و شتێکی خراپی لێدەردەچێت کە نەفتا و میسانۆڵ و کۆمەڵێک مەوادی دیکە تێکەڵ دەکەن و شتێکی خراپی لێدەردەچێت کە زیان بە ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت، داوای ئیجرائاتمان کردوە، بەڵام ئێستاش لە هەندێک شوێنی هەولێر هەیە.  

هاوڵاتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی پێنج رۆژدا لە سلێمانی 47 كەس بەھۆی رووداوی كەوتنەوە سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە . بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: بەپێی ئامارێك لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ھەزار و 634 كەس سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە، لەو ژمارەیە 619 كەسیان داخڵ كراون و چارەسەریان پێدراوە. وەك تەندروستی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، لەماوەی پێنج رۆژدا لە سلێمانی 47 كەس بەھۆی رووداوی كەوتن و و 18 كەسی تر بەھۆی رووداوی ھاتووچۆوە سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە.