هاوڵاتی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دوای پێشکەش كردنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێک دران کە بریتین لەمانەی خوارەوە: یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکومەت، بە هەردوو ڕاژەی شارستانی و سەربازی، تا 20ی کانوونی دووەمی 2022، هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکرێت. دووەم: ئەنجامدانی پشکنینی كۆڕۆنا لە خاڵه سنورییەکان بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆڕۆنای پێش 48 کاتژمێریان پێ بێت. سێیەم: لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا  ڕێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات. چوارەم: گروپی گەشتیاری دەبێت پیش 48 کاتژمێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆڕۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت. پێنجەم: پێویسته گشت هاووڵاتیان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە یان وەرنەگرتووه) له هەموو شوێنه گشتیە داخراوه کانی وەك (فەرمانگه حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوینەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنی‌ ماسك و مەودای (1،5) یەک مەتر ونیو نێوانیان بپارێزن. شەشەم: له دوای 2022/2/1 هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆڕۆنا که 48 کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت. دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەیانێک وردەکاری سەرجەم ئەو بڕیارانە ڕادەگەیێنێت. لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

  هاوڵاتی جێگری نێردەی ئەمریکای بۆ سوریا ڕایگەیاند:" کار دەکەن بۆ ئەوەی دەروازەی سێمالکا لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا جارێکی دیکە بەڕوی هاتوچۆ و جوڵەی بازرگانیدا بکرێتەوە". ئەمڕۆ سێشەممە 4 کانونی دووەمی 2022، جێگری نێردەی ئەمریکای بۆ سوریا لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبوەوە و رایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەروازەی سێمالکا لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا بەڕوی هاتوچۆ و جوڵەی بازرگانیدا بکرێتەوە. ماتیو بیرل،  ئاماژەی بەوەشکرد، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی تیرۆر و پشتیوانیش لە سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابوری ناوچەکە دەکەن.    

هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 250 ملیۆن دینار وەکو بەخشین بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرجدەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 250 ملیۆن دینار وەک بەخشین (منحە) بۆ پارێزگای ھەڵەبجە.

هاوڵاتی پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو پێشمەرگەیەی پێشووی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ماوەیەكیش ئەندامی یەپەگە بووە و لە هەولێر لە شوقەیەكدا تەرمەكەی دۆزرایەوە، دەڵێت دۆسیەی كوژرانەكەی لەلای ئەوان تۆمارنەكراوە. دوێنێ میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە: رۆژی هەینی رابردوو تەرمی هاوڵاتیەكی خەڵكی شاری سەردەشت بە ناوی ئەحمەد بێخەم لە شوقەیەكدا لە هەولێر دۆزراوەتەوە و لە گۆڕستانی قەڵادزێ بەخاكسپێردراوە، كە شوێنەواری ئازاردان و ئەشكەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بووە. ئەو میدیایانە لە زاری كەسوكاری ئەحمەد بێخەمەوە بڵاویانكردووەتەوە: پۆلیسی هەولێر هەواڵی كوژرانی ئەوی بە كەسوكارەكەی داوە و بڕیارە تاوەكو بیست رۆژیش ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هۆكار و شێوازی گیانلەدەستدانی رابگەیەندرێت. بەڵام هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بەمیدیاكانی پارتی راگەیاند: ئاگاداری دۆسیەی كوژرانی ئەو كەسە نین و دۆسیەی كوژرانی لای پۆلیسی هەولێر تۆمارنەكراوە. ئەحمەد بێخەم خەڵكی شاری سەردەشت بوو لە پارێزگای ورمێ، چەند ساڵێك پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بووە و دواتر گەڕاوەتەوە رۆژهەڵاتی كوردستان، چەند ساڵێك دوای گەڕانەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە هۆكاری سیاسی دەستبەسەركراوە، ساڵی 2012 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و ویستوویەتی بچێتەوە ریزەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، وەكو ئەندامی ئەو حیزبە وەرنەگیراوە و لە هەولێر نیشتەجێبووە. دوای سەرهەڵدانی داعش، ئەحمەد بێخەم ساڵی 2014 چووەتە رۆژئاوای كوردستان و لە ریزەكانی یەپەگەدا دژی داعش شەڕی كردووە و ماوەیەك دوای ئازادكردنی كۆبانێ گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر بە دەستفرۆشی ژیاوە.

هاوڵاتی لە دەروازەی سنووریی گومرگی خابوور بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ قاچاخچییەکان بۆ بە قاچاخبردنی دەرمان، جگەرە، مۆبایل و کاڵای دیکە, 30 کارمەند و فەرمانبەر دەستگیرکران.  ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتی شارۆچكەی سلۆپی لە چوار پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچووە و پارێزگای شرناخ ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە بوو.  لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا تیمەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانی شرناخ و روهای باکووری کوردستان و سامسوون و عوسمانییەی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان.  لە دەروازەی سنووریی گومرگی خابوور بە تۆمەتی ئاسانکاریکردن بۆ قاچاخچییەکان بۆ بە قاچاخبردنی دەرمان، جگەرە، مۆبایل و کاڵای دیکە, 30 کارمەند و فەرمانبەر دەستگیرکران.  کارمەندە دەستگیرکراوەکانی دەروازەی خابوور بردراون بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" سبەینێ‌ چوارشه‌ممه‌ موچه‌ی وەزارەتی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ دابەشدەکرێت". وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، سبەینێ‌ چوارشه‌ممه‌ موچه‌ی وەزارەتی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ (پاسپۆرت، نشینگه‌، كارتی زانیاری، ره‌گه‌زنامه‌ و باری شارستانی) بۆ مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2021 دابەشدەکرێت. 23ی مانگی رابردو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ڕاگەیاندنی پشوەکانی سەری ساڵی زاینی کە لە 2021/12/25 دەست پێدەکات تا 2022/1/1، دابەشکردنی موچەی مانگی 12 دەکەوێتە ڕێکەوتی 2022/1/2 و بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات.

  هاوڵاتی وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند:" گرنتی ئەوەیە زۆر بەڕاشکاوانە داوای خۆمان هەبێت لە حکومەتی ئایندە".  ئەمرۆ سێشەممە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" گرنتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد ئەوەیە زۆر بەڕاشکاوانە لە ناو کارنامەی لایەنە کوردییەکان داوای خۆمان هەبێت بۆ حکومەتی ئایندە"، ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، " لایەنە عێراقییەکان باس لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن ئێمە حکومەتێکی نیشتمانیمان دەوێ دەرگا و پەنجەرەکانی کراوەبن و لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن". دەرباری کۆبوونەوەکەی سبەینێی پارتی و یەکێتی وتەبێژی پارتی دەڵێت، "پۆستەکان لەنێو کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی یەکلادەکرێنەوە" ئەو ئەوەشی وت، "لەگەڵ پارتی تائێستا ڕووبەرڕو باسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و پۆستی پارێزگاری کەرکوکمان نەکردووە". بەپێی بڵاوکراوە میدیاییەکان، لەکۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەدا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و یەکدەنگی کورد دەکەن. ئاماژەی بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی پەرلەما نوێی عێراق و کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تاوتوێ دەکرێن. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە تائێستا لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند نەکراوە، کورد 63 کورسی لە 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، لەو رێژەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 18 کورسی بەدەستهێناوە.

هاوڵاتی لەكاتێكدا دوێنێ وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند لە 2021 دا زیاتر لە 16 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان داوە بە هاوڵاتیان، سەرۆكی لێژنەی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر دەڵێت مانگی رابردوو 11 كاتژمێر كارەبایان داوە. بەو پێیە لە 24 كاتژمێردا زیاتر لە 27 كاتژمێر كارەبا دراوەتە هاوڵاتیان قارەمان مەولوود، سەرۆكی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر، بەمیدیاكانی پارتی راگەیاند:"هۆكاری زۆریی كرێی ئەمپێری موەلیدەكان، زۆریی كاتژمێرەكانی كارەبایە كە موەلیدە ئەهلییەكان دابینیان كردووە، ئەویش 329 كاتژمێر بووە لە مانگەكەدا و بەتێكڕا رۆژانە نزیكەی 11 كاتژمێر كارەبا دراوە. وتیشی: جگە لەوەش نرخی گازوایل كە لە 590 دینارەوە بۆ 600 دینار زیادیكردووە، بۆیە بەپێی جیاوازی ناوچەكان نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە 10 هەزار دینارەوە تاوەكو 16 هەزار دینار بووە". سەبارەت بە مانگی تشرینی دووەمی 2021 سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكان وتی:" لە مانگی 11 بڕی ئەو كارەبایەی موەلیدە ئەهلییەكان دابینیان كردووە 248 كاتژمێر بووە، كە رۆژانە هەشت كاتژمێر كارەبا دابینكراوە و نرخی لیترێك گازوایل 590 دینار بووە، هەروەها نرخی كرێی ئەمپێرێك كارەبا لەنێوان هەشت بۆ 12 هەزار دینار بووە". رۆژی دووشەممە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو، ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2021 بەرهەمهێنانی كارەبا بە رێژەی 26% بەرز بووەتەوە، بەمەش كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر لە 22% زیاد بووە، هەروەها داهاتی كارەبا زیاتر لە 185% زیادی كردووە. وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشدابوو، لەساڵی 2021 دا زیاتر لە 16 كاتژمێر كارەبایان بە هاوڵاتیان داوە. وتەی وەزارەتی كارەبا و سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكانی هەولێر پێچەوانەی یەكترە و ئەگەر كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەهلیەكان هەژمار بكرێت زیاتر لە 24 كاتژمێر دەكات.

هاوڵاتی  سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند:"بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە هێزەکانی هاوپەیمانانی لێ جێگیرکراون". ئەمڕۆ سێشەممە 4 کانونی دووەمی 2022،، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان’درۆن’ـێ بۆمبڕێژکراو بەیانی ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق. سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنکەکە هەردوو درۆنەکەی بە ئاسمانەوە تێکشکاندووە. بنکەی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیربوون، ڕۆژی ١٩ی ١٢ی ٢٠٢١ وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، هاوپەیمانان لە چوارچێوەی کشانەوەیان لە عێراق، کەلوپەلەکانی بنکەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێش بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بنکەی سەربازیی (فکتۆریا)ی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، کە سێی کانونی دووەمی 2020 لەئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن ئەمریکاوە لەنزیک فرۆکەخانەی نێودەوڵەوتی بەغدا کرایە ئامانج و کوژرا. هاوکات پێشتریش ئەوە ڕاگەیەندرا، کە هێزی شەڕکەری ئەمریکا لە بنکەکە کشاونەتەوە و تەنها ڕاوێژکارانی سەربازیی تێدا ماونەتەوە.

هاوڵاتی   بڕیاربوو ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی  و یەكێتی کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.  لەکۆبوونەوە دا هەردو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و یەکدەنگی کورد دەکەن. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبوونەوەکەدا دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی پەرلەمان نوێی عێراق و کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تاوتوێ دەکرێن. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە تائێستا لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند نەکراوە، کورد 63 کورسی لە 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، لەو رێژەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 18 کورسی بەدەستهێناوە.

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند:" پڕۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی حزبەکە. ئەمڕۆ دووشەممە 03-01-2022 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە. مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت کرایەوە کە پرۆسەی رێکخستنەوەی پەیکەری یەکێتی لە مەکتەب و ئۆرگانەکان بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوکردن و پوختەکردنی ریزەکانی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال و کۆششکردن بۆ گەنجکردنەوەی حیزب لە رێگەی نوێکردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێکخراوەکانی یەکێتیدا". بەپێی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەبارەی رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بووە. لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە بەرامبەر پێشهاتەکانی عێراق یەکبخرێت، "بۆ ئەوەی پرۆژەی کوردستانی ئەرکەکانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەکانی حکومەتی نوێ جێبەجێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێکەوەیی لە بەغدا یەکلایی بکەنەوە". لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە کۆبوونەوەکە لە کەرکووک بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، مەبەست لە کۆبوونەوە لە کەرکووک بایەخدان بووە بە ژیان و ئارامی خەڵکی ناوچە داڕێنراوەکانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کە لە شەڕی داعش قوربانییەکی زۆریان داوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، "پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات.. چونکە تەنیا بە حکومەتێکی لەو شێوەیە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەرکە نیشتمانییەکانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و راستکردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی کە پێویستی بە هەماهەنگی کارا هەیە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق". بەشێکی دیکەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە لەبارەی کاروباری ناوخۆی یەکێتی و چاکسازی و گەشەپێدان و هەڵوێستی حزبی بوو.

هاوڵاتی هەدەپە رایگەیاند، بە مەبەستی دوورخستنەوەی لە هەدەپە بە شێوەیەكی یەكجاری، هاوسەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی گیلی سەر بە پارێزگای ئامەدی رەوانەی ئەنجوومەنی دسپلینی ناوەندیی هەدەپەی ئەنقەرە كردووە. پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: مستەفا ئاككول، هاوسەرۆكی شارەوانیی گیل-ی ئامەد، بە پێچەوانەی سیاسەتەكانی پارتەكەمان و پرەنسیپەكانی ئیدارەی خۆجێیی هەڵسوڕاوە و قسەی كردووە. هەدەپە وتیشی: بەو هۆیەوە بۆئەوەی بە مسۆگەری لە هەدەپە دووربخرێتەوە رەوانەی ئەنجوومەنی دسپلینی ناوەندیی هەدەپە كراوە. لە راگەیەندراوەكەیدا هەدەپە دەشڵێت: دوای كۆتاییهاتنی ئەو قۆناغەی ئەنجوومەنی دسپلینی ناوەندیی هەدەپە لەبارەی مستەفا ئاككول بەڕێوەیدەبات، وردەكاری و ئەنجامەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەین.

هاوڵاتی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند:"  له‌ مانگێکدا زیاتر له‌ سێ ملیۆن  و پێنجسه‌د و بیست و پێنج هه‌زار دینار غه‌رامه‌ی سه‌رپێچیكاران كراوه‌ به‌پێی یاساش ده‌خرێته‌وه سه‌رداهاتی گشتی. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌‌‌ قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی لیژنه هاوبه‌شه‌‌كانی بڵاوكرده‌وه‌‌ كه‌ 7.498 (حه‌وت هه‌زار و چوارسه‌د و نه‌وه‌د و هه‌شت) سه‌ردانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه ‌گشتییه‌كان ئه‌نجامداوه‌، له‌و به‌سه‌ركردنه‌وانه‌شیاندا 551 (پێنجسه‌د و په‌نجاو یه‌ك) پسوڵه‌ی سه‌رپێچییان بۆ شوێنه‌كان تۆماركردوه‌، به‌شێكی زۆری سه‌رپێچییه‌كانیش كه‌مته‌رخه‌می خاوه‌نی شوێنه‌كان بون، نه‌ك چاوچنۆكی به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی هه‌روه‌ها 654 (شه‌شسه‌د و په‌نجاو چوار) شوێنیشیان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن بن. له‌ئاماره‌كه‌دا هاتوه‌، به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی ‌رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی كاركردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی 74 (حه‌فتا و چوار) شوێنیان داخستوه‌، هه‌روه‌ها 19 (نۆزده‌) شوێنیشیان روبه‌ڕوی دادگا كردوه‌ته‌وه‌. ئاماره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردوه‌، به‌هۆی دوباركردنه‌وه‌ی سه‌رپێچییه‌وه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌ بڕێك پاره‌ غرامه‌ی خاوه‌ن شوێنه‌كان كراوه‌‌، كه ‌بڕه‌كه‌ی له‌مانگی (كانونی دوه‌م/12)ی 2021 بریتییه‌ له‌ 33.525.000 (سی و سێ ملیۆن و پێنجسه‌د و بیست و پێنج هه‌زار)  دیناره‌‌ و به‌پێی یاساش ده‌خرێته‌وه سه‌رداهاتی گشتی.  

هاوڵاتی  وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند:" سبەینێ وەزارەتی دارایی و یەکەی 70 و 80ـی پێشمەرگە موچە وەردەگرن". ئەمڕۆ دووشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2022،  وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، سبەینێ سێشەممە موچەی وەزارەتی دارایی و یەکەی 70 و 80ـی پێشمەرگە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2021 دابەشدەکرێت. 23ی مانگی رابردو وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ڕاگەیاندنی پشوەکانی سەری ساڵی زاینی کە لە 2021/12/25 دەست پێدەکات تا 2022/1/1، دابەشکردنی موچەی مانگی 12 دەکەوێتە ڕێکەوتی 2022/1/2 و بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات.  

هاوڵاتی تەرمی چالاكوانێكی خەڵكی ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە شوققەكەیدا لە شاری هەولێر دۆزرایەوە، شوێنەواری ئەشكەنجە بەسەر جەستەیەوە بووە. میدیای پەكەكە بڵاویكردەوە: ڕۆژی 31ـی 12ـی 2021 تەرمی چالاكوانێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە شوققەكەیدا لە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە. وەك میدیای پەكەكە دەڵێت: ئەو چالاكوانە ناوی ئەحمەد بێخەم بووە و ناسراوە بە هەڤاڵ كەژوان و خەڵكی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە هەولێر نیشتەجێبووە. سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەوادەی ئەو چالاكوانە بە میدیای پەكەكەی وتووە:بەردەوام لەلایەن كەسوكارەكەیەوە پەیوەندیی پێوە كراوە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، دوای دوو ڕۆژ لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی بە خانەوادەیەكەوە كراوە و هەواڵی كوژرانیان پێ ڕاگەیەندراوە. هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو: شوێنەواری ئەشكەنجەدان بەسەر جەستەی كوژراوەكەوە بووە و جەستەی شین بووەتەوە و گومان دەكرێت لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستدابێت، تەرمەكەشی لە قەڵادزێ بەخاكسپێردراوە. وەك كەسوكارەكەی دەڵێن: هێزە ئەمنییەكان پێیان وتوون دوای 20 ڕۆژی دیكە وردەكاریی گیان لەدەستدانی ئەو چالاكوانەیان پێ ڕادەگەیەنن. میدیای پەكەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە: ئەحمەد بێخەم، یەكێك بووە لەو كەسانەی لەكاتی شەڕی كۆبانێ، چووەتە ڕۆژئاوای كوردستان و لە ڕیزەكانی یەپەگەدا جەنگاوە.