هاوڵاتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق ڕایگەیاند:" سەرجەم گەشتیاران و ھێڵە ئاسمانییەکان ئاگادار دەکەنەوە کە لە ئێستادا پشت بەستن بە بڕوانامەی نیۆدەوڵەتی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆڤید( 19 ) ھەڵپەساردووە و تەنھا پشکنینی (PCR) بە کەمتر (72) کاتژمێر پێش ڕۆشتن کاری پێدەکرێت. لە ڕێنمایییەکی نوێ‌دا دەستەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق گەشتیاران و ھێڵە ئاسمانییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە لە ئێستادا پشت بەستن بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق بڕوانامەی نیۆدەوڵەتی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆڤید( 19 )یان ھەڵپەساردوە. ئاماژەی بەوەشدراوە، ھاوڵاتیانی عێراق لەکاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات تەنھا پشکنینی (PCR) بە کەمتر (72) کاتژمێر پێش ڕۆشتن کاری پێدەکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە پێشووتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق رایگەیاندبوو، لە 1ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵەوە ڕێگە بە ھیچ کەسێک نادرێت بۆ گەشتکردن، ئەگەر ڤاکسینی کۆرۆنا (كۆڤید-19)ی وەرنەگرتبێت، هەروەها دەبێت بڕوانامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەوەرگرتنی ڤاکسینی بۆ پشتڕاستکرابێتەوە.
هاوڵاتی ئه‌مریكا ڕایگەیاند:" دوو کۆمپانیاى ئیرانى و که‌شتیه‌ک که ئاڵاى وڵاته‌که‌ى هه‌ڵکردوبوو سزا دران کە پاڵپشتیی پرۆگرامی دروستکردنی درۆنی ئێران دەکەن؛ پڕۆگرامەکە لەلایەن سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسەوە سەرپەرشتی دەکرێت". ئه‌مڕۆ هه‌ینی، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه و ڕایگەیاند:" چوار كه‌س و دوو كۆمپانیای ئێرانیان له‌گه‌ڵ كه‌شتیه‌كی نه‌وت هه‌ڵگر كه ئاڵای وڵاتی لیبریای هه‌ڵگرتبو خستوه‌ته لیستی سزاكانیانه‌وه. وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ردو كۆمپانیا و سێ كه‌س له هاوڵاتیه‌كان به سوپای پاسدارانی ئێرانن، كه‌سی چواره‌میش په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له‌و دو كۆمپانیایه‌وه هه‌یه و سه‌رجه‌میان له لیستی سزاكاندان. وه‌زاره‌ته‌که ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو:" هۆكاری سه‌ره‌كی خستنه ریزی سزاكانی ئه‌مریكاوه په‌یوه‌سته به روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و چه‌كداركردنی گروپه توندڕه‌وه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه" ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه ئه‌مریکا له‌ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندین کۆمصانیا و که‌سایه‌تى ئێرانى کرۆدته رێزى سزاکانیه‌وه..
هاوڵاتی سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه ڕایگەیاند، له سنوورى پارێزگاى سلێمانى گۆڕانكارى له چه‌ندین پۆستى حزبى ده‌كه‌ین، ده‌شڵێت، ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌رپرسى لقه‌كان و ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ناگرێته‌وه. ئەمڕۆ هەینی 29ی تشرینی یەکەمی 2021 عارف ته‌یفوور، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له سلێمانى ڕا یگه‌یاندووە:" وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە سلێمانی دیراسه‌ى گۆڕانكارى له پۆسته حزبییه‌كانى پارتى له سنوورى پارێزگاى سلێمانى ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى پێویست بكات گۆڕانكارى تێدا ده‌كرێت و كه‌سى تر ده‌خرێته شوێنه‌كه‌ى". باسیلەوەشکردووە:" گۆڕانكارییه‌كان له ئاستى كارگێڕى ناوچه و كاگێڕى لق و به‌رپرسى ناوچه و به‌شه‌كانى خواره‌وه ده‌كرێت، ئه‌وانه كێشه‌یان هه‌یه و گۆڕانكارییان تێدا ده‌كرێت، هه‌ندێك له‌وانه دواى لێكۆڵینه‌وه ئه‌گه‌ر پێویستى كرد ئه‌وانیش ده‌گۆڕدرێن". ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌رپرسى لقه‌كان و ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ناگرێته‌وه. جێی ئاماژەیە، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه 10ى ئه‌م مانگه توانى له سنوورى پارێزگاى سلێمانى له پێنج بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن دوو كورسى به ده‌ستبهێنێت.
شاناز حەسەن په‌رله‌مانتاران رایده‌گه‌یه‌ننن چاوه‌ڕوانى داواى لیبوردنى په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتین داواى لیبوردن بکات و شکۆ بۆ په‌رله‌مان بگه‌رێته‌وه و په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتوو رایگه‌یاند:" هه‌َلوێستى توندترمان" ده‌بێت. سێ شه‌ممه‌ى رابردوو حه‌وت فراکسیۆنى ناو په‌رله‌مانى کوردستان که زیاتر له 54 په‌رله‌مانتارن بایکۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانیان کرد داواده‌که‌ن په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتى داواى لیبوردن بکات و "شکۆ بۆ په‌رله‌مانتاران و په‌رله‌مانى کوردستان" بگه‌رێته‌وه. ئەو فراکسیۆنانە رایانگەیاندوە، کە پاراستنى شکۆى پەرلەمان ئەرکێکى پیشەیی و ئەخلاقییە پێویستە لە ئاست پاراستنى ئەو شکۆیەدا بن و نابێت هەڕەشەکردن بەرامبەر چەند پەرلەمانتارێک ببێتە هۆی سوکایەتیکردن. دا‌واشیان کردوە ئەو پەرلەمانتارەى پارتى بە راشکاوی لەناو دانیشتنى پەرلەماندا داوای لێبوردن لە پەرلەمان و خەڵکى کوردستان بکات بۆ ئەوەى دۆخى دانیشتنەکانى پەرلەمان ئاسایی بێتەوە. ئاشنا عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆران له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:"سوپاسی هه‌موو فراکسیۆنه‌کان ده‌که‌ین که پشگیریان کردین راسته ئه‌و قسه‌یه ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارى ئێمه کراوه، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته ته‌نیا په‌یوه‌ندى به په‌رله‌مانتارێکه‌وه نیه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندى به هه‌موو خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه یه که بێرێزى کراوه و به‌و پێیه‌ى په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م خه‌ڵک ده‌کات". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆران جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه:" ده‌بێت شکۆ و قورسایى بگه‌رێنێته‌وه بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه و که‌به‌داخه‌وه ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى پشکى شێریان به‌رده‌که‌وێت له بێ ئه‌رزشکردن له‌و بیریزیه‌ى که‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و خه‌ڵک کراوه". به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، هه‌فته‌ى داهاتوو ڕۆژى سێ شه‌ممه، په‌رله‌مان کۆبونه‌وه‌ى ئاسایى خۆى ده‌کات. ئاشنا عه‌بدوڵا، وتیشى:" له‌کاتى ئاسایش‌دا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیه‌وه کۆبونه‌وه دواخراوه، به مانگ ده‌رگاى په‌رله‌مان داده‌خرێت کۆبونه‌وه ناکرێت چه‌نده‌ها جاری دیکه وا کراوه بۆیه نازانرێت ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ش ده‌کرێت یاخود نا". ئه‌م په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌شى دوپاتکرده‌وه:" پێکه‌وه له‌گه‌ڵ حه‌وت فراکسیۆنه‌که هه‌ڵوێستى دیکه‌یان ده‌بێت و وتى:"له ئه‌گه‌رى داواى لیبوردن نه‌کردنى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌دا هه‌ڵوێستى دیکه‌مان ده‌بێت". شێرکۆ جه‌وده‌ت، په‌رله‌مانتارى یه‌کگرتوو، له‌په‌رله‌مانى کوردستان له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" به‌یاننامه‌که له 54 په‌رله‌مانتاره و ئاراسته‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیمان کردووه و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى بیریزیان کردووه ده‌بێت داواى لیبوردن بکه‌ن". ئه‌م په‌رله‌مانتاره جه‌ختى له‌وه کرده‌وه له ئه‌گه‌رى وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌یاندا "هه‌لوێستى توندترمان "ده‌بێت. رێبوار عه‌بدولره‌حمان، په‌رله‌مانتارى پارتى، له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" دانیشتنى په‌رله‌مانى هه‌فته‌ى داهاتووه و به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى و یاسایى دانیشته‌کان به‌ریوه ده‌چێت". ناوبراو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد گرژیه‌کان کاریگه‌رى نابێت له‌سه‌ر کۆبونه‌وه‌کانى داهاتوو وتى:" گرژیى و ئاژاوه‌کان به‌هیچ شیوه‌یه‌ک کاریگه‌رى ناکاته سه‌ر ئه‌وه‌ى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان به‌ریوه نه‌چێت و له‌هه‌فته‌ى چاوه‌رین به‌رنامه‌ى تازه‌ى راگه‌یه‌نرێت و ته‌وه‌رى تازه گفتوگۆ ده‌کرێت". په‌رله‌مانتارانى پارتى گه‌شه‌پێدانى تورکمانى، یه‌کێک بون له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى له‌گه‌ڵ فراکسیۆنى پارتى له کۆبونه‌وه‌که‌دا مانه‌وه و بایکۆتیان نه‌کرد. محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، په‌رله‌مانتارى پارتى گه‌شه‌پێدانى تورکمانى به‌هاوڵاتى وت:" بایکۆت کردن له‌ناو هه‌موو په‌رله‌مانێکدا روده‌دات و شتێکى کاتییه". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتى گه‌شه‌پێدانى تورکمانى ئه‌وه‌شی رونکرده‌وه:" حزبه سیاسیه‌کان و لایه‌نه‌کان نابێت روداوى بچوک و هۆکارى بچوک بکرێته بایکۆت و کۆبونه‌وه‌کان دابخرێت، بایکۆت کردن له‌سه‌ر پرسه نیشتیمانى و گرنگه‌کان ده‌کرێت بۆیه ده‌بێت له کۆبونه‌وه‌کان به‌رده‌وا بین و تا پرسه گرنگه‌کان تاوتوی بکرێت" هەرچەندە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەلال پەرێشان وتی:"شتی وام نەوتوەو بوختانم بۆکراوە".هاوکات هه‌ر دوا به‌دواى گرژیه‌کانى ناو په‌رله‌مان گرته ڤیدیۆى جۆراو جۆر بڵاوکرایه‌وه که جه‌لال په‌رێشان په‌رله‌مانتارى پارتى "سوکایه‌تى"به په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆران کردووه. رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکى په‌رله‌مان ڕۆژى دواتر رایگه‌یاند:" بە هیچ شێوەیەک گوێم لە جنێو نەبووە لەلایەن جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دانیشتنەکەی دوێنێ". سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "قسەی نەشیاو و جنێو لە هیچ پەرلەمانتارێک قبووڵ ناکرێت، بەڵام گوێم لە هیچ جنێوێک نەبووە، ئەگەر لە کاتی رووداوەکە پەرلەمانتاران راستەوخۆ پێیان گوتبام، لێپێچینەوەمان لەو قسەیە دەکرد".
هاوڵاتی رۆژنامەی لێ پارسیانی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی رێمی دایێ هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتی فەرەنسا دراوە. هاوکات دەشڵێت کودەتاکە ناونراوە: "ئۆپەراسیۆنی ئازوور". بەگوێرەی رۆژنامەکە، رێمی دایێ وێدمان، کە لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی بەسەرچوونی ڤیزاکەیان، خۆی و هاوژینی و سێ منداڵەکەی لە مالیزیاوە دیپۆرتی فەرەنسا کراونەتەوە، لە 22ی تشرینی یەکەم بەتۆمەتی دەستهەبوون لەگەڵ تیرۆر دادگایی کراوە. رۆژنامەکە دەڵێت وێدمان لە ساڵی 2020 لەو کاتەی لە مالیزیا بووە، پلانی بۆ کودەتاکە داناوە. هاوکات بەگوێرەی رۆژنامەکە، دایێ وێدمان لە دانیشتنی دادگادا ئەوەی گوتووە پلانی کودەتای سەربازیی نەبووە، بەڵکو پلانی هەبووە لە رێگەی "رێکخستنی خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەرییەوە دەست بەسەر کۆشکی ئێلیزێ و حکومەتدا بگرن". لەلایەکی دیکەوە، دایێ وێدمان تەمەن 55 ساڵ بە هاوکاریکردن بۆ رفاندنی کچێکی 8 ساڵان بە ناوی میا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا تۆمەتبارکراوە. کە لە مانگی حوزەیرانەوە بەهۆی تێوەگلان لەو کەیسەدا لەلایەن ئاژانسی کۆچبەرانی کوالالامپوورەوە رادەستی فەرەنسا کراوەتەوە. دایێ وێدمان بە میدیای فەرەنسیی راگەیاندووە ئەوە رفاندن نەبووە: "بەڵکو لەسەر ویستی دایکی، منداڵەکەم بۆ گەڕاندووەتەوە." هەر بەگوێرەی رۆژنامە فەرەنسییەکە، دایێ وێدمان تۆڕێکی بۆ کودەتا پێکهێناوە کە بەسەر دوو بەشدا دابەشکراوە؛ گرووپێکی سڤیل و گرووپێکی سەربازی. گرووپە سەربازییەکە تۆڕێکی چەکداری لەگەڵ بووە و لەلایەن دوو ئەندامی سوپای فەرەنساوە سەرکردایەتی کراوە و لە رێگەی 26 "کاپتنی هەرێمییەوە"، کە لقی لە سەرتاسەری وڵات‌دا دروستکردووە. دایێ وێدمان بە کەسێکی راستڕەوی تووندڕەو دەناسرێت، کە زۆرجار تیۆری پیلانگێڕی باسکردووە و پێشتر لە پارتی بزووتنەوەی دیموکراسیی دەرکراوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە، دایێ وێدمان دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی هەوادار لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هاوکات بە پیلانگێڕانەکانی دژ بە ڤاکسینکردن، لەباربردنی منداڵ و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ دژ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، تۆمەتبارکراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: "ھۆشداریم بە لایەنەکان داوە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت". لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە میدیا عیراقییەکان، نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت. سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئاڕاستەی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردندا ناڕۆن و پشتیوانی ئەم ئاڕاستەیە ناکەن. لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، نوری مالیکی لەبارەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئەوەی خستوەتەڕوو، "کاندیدبوونیی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەناو لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا، پێشنیاز نەکراوە". لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆنیشەوە، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئەوەی وتووە، "لەبەرژەوەندی عیراقدا نییە دوژمنکاری لەگەڵ ئەمریکادا بکات". لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، حزبی "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا" کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، توانی 27 کورسی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 2018 دا 25 کورسی بەدەستهێنابوو. رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەچوو، دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکەش، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "ئەنجامی بەراوردکاری دەنگە دەستیی و ئەلیکترۆنییەکان، هاوتابوون".
هاوڵاتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: " کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێم لەمساڵدا زەنگی مەترسییە کە تیایدا پلان بۆ ساڵانی داهاتووی ڕوبەڕووبونەوەی وشکەساڵی دابنرێت". ئەمڕۆ هەینی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، ئەمساڵ سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم بەڕێژەی 25% کەمیکردووە ئەوەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کەم بارانی و دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە. بەوتەی وەزیری کشتوکاڵ، 2021 ساڵێکی قورس بوو بۆ هەرێم پێشتریش لە ساڵانی 1999 و 2000، و2001، و2008، و2009، و2014، و2015، و2018 هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی هەمان وشکەساڵی بووەوە. بێگەرد تاڵەبانی زەنگی هۆشداریی لێدا و وتی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێم لەمساڵدا زەنگی مەترسییە کە تیایدا پلان بۆ ساڵانی داهاتووی ڕوبەڕووبونەوەی وشکەساڵی دابنرێت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: به‌پێى رێککه‌وتنى 16 ساڵه‌مان له‌گه‌ڵ پارتى پۆستى سه‌رۆک کۆمار هه‌ر بۆ یه‌كێتیه
هاوڵاتی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایگه‌یاند:" پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌رده‌بێت بۆ كورد بێت، بۆچوونی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پۆسته هه‌ر ده‌بێت بۆ یه‌كێتی بێت، چونكه ئێمه رێككه‌وتنیشمان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه نزیكه‌ی 16 ساڵه له‌سه‌ری رۆیشتووین". فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایگه‌یاند: "پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌رده‌بێت بۆ كورد بێت، بۆچوونی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پۆسته هه‌ر ده‌بێت بۆ یه‌كێتی بێت، چونكه ئێمه رێككه‌وتنیشمان له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه نزیكه‌ی 16 ساڵه له‌سه‌ری رۆیشتووین، بۆیه له هه‌لومه‌رجی وادا گۆڕینی رێككه‌وتنه‌كان كێشه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه". وتیشی: "ئێمه به دوو شێوه گه‌یشتووین به پۆستی سه‌رۆك كۆمار، یه‌كێكیان به رێككه‌وتن بوو له‌سه‌رده‌می مام جه‌لال و یه‌كێكیشیان به هه‌ڵبژاردن و كێبڕكێ، بۆیه ئێمه ئاماده‌ین به هه‌ڵبژاردن و كێبڕكێ بڕۆین بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه و دڵنیاشین پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌ر بۆ ئێمه ده‌بێت". ئه‌م لێدوانه‌ی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ر دوای ئه‌وه دێت كه له دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسی په‌رله‌مانی به ده‌ستهێنا، له به‌رانبه‌ردا یه‌كێتی 16 كورسی به ده‌ستهێناوه، ئه‌مه‌ش وایكردووه پارتی چاوی له‌و پۆسته بێت كه زیاتر له 16 ساڵه به ده‌ست یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌یه.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: " ئێران جیددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەگەر هەموو لایەک بەردەوامی بە پابەندبوونی خۆیان بدەن، بێگومان ئێمەش هەمان شت دەکەین". حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لانیکەم بەڕێز بایدن بۆ پیشاندانی نیازپاکیی بچووکی خۆی، دەتوانێت 10 ملیار دۆلار بلۆک لەسەر سەرچاوە و پارەی ئێران هەڵبگرێت. ئێران جیددییە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوونەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئەگەر هەموو لایەک بەردەوامی بە پابەندبوونی خۆیان بدەن، بێگومان ئێمەش هەمان شت دەکەین". لە هەمان کاتدا، دەکرێت مانگی داهاتوو "دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم" کۆببنەوە. ئەو دەستەیە لە 35 ئەندام پێکدێت و تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی هەڵوێستی ئێرانی نەکردووە لە بەرامبەر رێگەنەدان بە چاودێرەکانی ئاژانسەکە بۆ سەردانکردنی چەند بنکەیەکی ئەتۆمی. لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ئێران رێگەی نەدا پشکنەرانی ئاژانسەکە سەردانی بنکەی ئەتۆمیی کەرەج بکەن کە دەیانویست میمۆریی کامێراکانی چاودێریی ئەو بنکەیە بگۆڕن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئەوەی ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کردوویەتی، یارمەتیدەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەگەر ئێران هەڵوێستێکی راستەقینەی هەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی پێمان وابێت دەتوانین بگەینە رێککەوتن لەسەر گەڕانەوە بۆ پابەندبوونی هەردوولامان. رێگەی بەردەممان تاوەکو دێت کورت‌تر دەبێتەوە. ئێمە زۆر بە وردی چاودێریی قسە و هەڵوێستی ئێرانیش دەکەین و ئەگەر بێت‌و ئێران هەڵسوکەوتی نەگۆڕێت، ئامادەین بژاردەی دیکە بگرینەبەر". راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەلایەن ئێرانەوە لە کاتێکدایە، پێش چەند رۆژێک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداریی دایە ئێران کە دەبێت هەنگاوەکانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی پێچەوانە بکاتەوە، بەڵام گوتیشی ئیدارەی بایدن پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو پرسە چارەسەر بکات. حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای شەش گەڕی دانوستاندن، کۆبوونەوەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننا چەقیان بەست، ئەوەش دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی وەکو سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پەیامی ئێمە بۆ سوپای سودان تووند و روونە؛ پێویستە رێگە بدرێت خەڵکی سوودان بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن؛ پێویستە حکومەتی راگوزەر کە لە لایەن کەسانی سڤیلەوە بەڕێوەبردرێت، دەست بە کارەکانی بکاتەوە". جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی وەکو "نسکۆیەکی ترسناک" بۆ سوودان باسکردووە، کە وڵاتە هەژارنشینەکەی ئەفریقا تێیکەوتووە. بایدن رایدەگەیێنێت کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی سوودان و ئامانجەکانی شۆڕشی سوودان و دەشڵێت "ئازادی، یەکسانی، حکومەتێک لەژێر سەروەری یاسادا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ" دەبێت ببنە کۆڵەکەی دامەزراندنی داهاتووی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە سوودان. بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 25-10-2021 سوپای سوودان کودەتای بەسەر حکومەتی راگوزەردا کرد و لانیکەم 5 وەزیر و بەرپرسی باڵای وڵاتەکەی دەستگیرکرد، عەبدوڵڵا حەمدۆکی سەرۆکوەزیرانیشی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرد. عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەریی سوودان و ئەندازیاری کودەتا سەربازییەکە له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا باری نائاسایی راگەیاند، حکومەتی هەڵوەشاندەوە و گوتی، حکومەتێکی کاتی تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو پێکدەهێنن. رۆژی چوارشەممە 27-10-2021 لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا حەمدۆک کردووە و داوای لە هێزە چەکدارەکانی سوودان کرد هەموو سەرکردە سڤیلەکان ئازادبکرێن.
هاوڵاتی سەرۆک کۆماری تورکیا سکاڵای دژی سەرۆکی جەهەپە تۆمارکرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئەردۆغانی بە "کوشتاری سیاسی و هاندان بۆ رق و کینە و نانەوەی پشێوی" ناوبرد. کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رۆژی 26-10-2021 وتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بە "کوشتاری سیاسی و هاندان بۆ رق و کینە و نانەوەی پشێوی" ناوبرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 لە بەرامبەردا، لەسەر داوای ئەردۆغان، سکاڵا دژی کڵچدارئۆغڵو تۆمارکرا و پارێزەرەکەی، سکاڵانامەکەی پێشکێشی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماریی ئەنقەرە کرد، تێیدا داوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتە لە کڵچدارئۆغڵو دەکات. له سكاڵانامه‌كه‌ی ئه‌ردۆغاندا ئاماژه به‌وه دراوه، به درێژایی ژیانی سیاسیی ئه‌ردۆغان كه نزیك ده‌بێته‌وه له 50 ساڵ، به هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ په‌نابردنه به‌ر تووندوتیژی نه‌بووه و هه‌میشه سیاسه‌تێكی ئاشتیخوازانه و دیموكراتییانه‌ی گرتووه‌ته‌به‌ر. ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، بە مەبەست چه‌ند رسته‌یه‌ك له‌نێو گوتاره‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌رهێندراون و ئامانجەکەش چەواشەکارییە. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ساڵی 2014 به سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌ڵبژێردرا و دواتریش ماددەی 299 له یاسای ژماره 5237ی تایبه‌ت به یاسای سزاكانی توركیا هەموارکرایەوە. به‌گوێره‌ی بڕگه‌كانی ئه‌و مادده‌یه، هه‌ر كه‌سێك سووكایه‌تی به سه‌رۆككۆماری تورکیا بكات، له ساڵێك بۆ چوار ساڵ سزای زیندانیكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت؛ سزای ئه‌و كه‌سانه‌ش پارێزبه‌ندییان هه‌یه بە قەرەبووی دارایی دەبێت. به‌گوێره‌ی ئاماری وه‌زاره‌تی دادی توركیا، له ساڵی 2014دا 40 كه‌س، له ساڵی 2015دا 238 كه‌س، له ساڵی 2016دا 884 كه‌س، له ساڵی 2017دا دوو هه‌زار و 99 كه‌س، له ساڵی 2018دا دوو هه‌زار و 462 كه‌س و له ساڵی 2019یشدا سێ هه‌زار و 831 كه‌س به یه‌ك بۆ چوار ساڵ به‌ندكردن سزادراون. به‌مه‌ش له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ردۆغاندا نۆ هه‌زار و 554 كه‌س ته‌نیا به تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به سه‌رۆككۆمار خراونه‌ته زیندانه‌وه.
هاوڵاتی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک رایگەیاند:" "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێری سەرکەوتووی ئەو پارتە لە پارێزگای کەرکووک لە پۆستێکیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، "لەسەر بنەمای رێککەوتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەولێر، من خۆم رێگەم نەداوە و نادەم پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک". ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی دەشڵێت، "ئەوەی سەرساممان دەکات بێدەنگیی سیاسەتمەداران و حیزبە تورکمانییەکانە". رۆژی سێشەممە 26-10-2021 شاندی باڵای هاوئاهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی سەنتەری میدیا و زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرا. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەرکی ئەو دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بەمەبەستی چارەسەری کێشەی کەمیی سووتەمەنی، بڕیار درا لەسەر بەخشینی مۆڵەت بەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن بەنزین هاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن "بە پێی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان." ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو کۆمپانیایانە دەکات کە خوازیاری ھاوردەکردنی بەنزینن، داواکاریی خۆیان پێشکەش بە وەزارەتەکە بکەن. بەخشینی مۆڵەتەکە وەکو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی پێکردووە، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان" بووە. ئێستا گرفتی سووتەمەنی لە بەشێکی وڵاتانی جیهان سەریهەڵداوە، بەشێکی زۆریشی پەیوەندی بە گرانبوونی نرخی نەوتەوە هەیە کە ئێستا هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە زیاتر لە 83 دۆلارە. حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ماوەی رابردوودا لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دەگاتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت و بە 690 دینار دەدرێتە شۆفێران. حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، درێخی نەکردووە و هاووڵاتییانی دڵنیا دەکاتەوە کە "هەموو هەوڵێکی داوە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە." رۆژی یەکشەممە، 24-10-2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "هەموو دەزگاکانی راسپاردووە کە دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی دابەزێت." پارێزگاری هەولێر گوتیشی "نرخی بەنزین دادەبەزێت و هەوڵەکانی حکومەت بەردەوامن" بۆ ئەو مەبەستە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند:" حکومەتەکانی ئەمریکا و روسیا بەڵێنیان دا شەڕڤانان لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دووربخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوون و وتیشی، "لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، دەبێت ئەو کارە بکەین کە لەسەرمان پێویستە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کەناڵی "سی ئێن ئێن تورک"ی راگەیاند، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا و دوای ئەوەی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، حکومەتەکانی ئەمریکا و رووسیا بەڵێنیان دا شەڕڤانان لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دووربخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردوون و گوتیشی، "لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، دەبێت ئەو کارە بکەین کە لەسەرمان پێویستە". وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوایین سەردانیدا بۆ سۆچی ئەو بابەتەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باس کردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا کە لەگەڵ جۆ بایدن کۆدەبێتەوە، هەمان بابەتی لەگەڵ تاووتوێ دەکات. بە وتەی مەولوود چاوشئۆغلو، ماوەیەکە شەڕڤانان هێرشەکانیان بۆسەر تورکیا و بەرژەوەندییەکانی زیادکردووە و "پەکەکە و یەپەگە مەترسین بۆ هەموولایەک"، ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگرێت. وتەکانی چاوشئۆغلو لە کاتێکدان، ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکەی سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بووەتە بابەتێکی گەرمی تورکیا. سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کانوونی دووەمی 2018دا هێرشیان کردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادان، هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد. ئەو هێزانە لە تشرینی یەکەمی 2019شدا هێرشیان کردە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی و کۆنترۆڵیان کردن.
هاوڵاتی مستەفا کازمی رایگەیاند:" 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە". ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2021 بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی و سەربازی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای دیالە و قسەکردن لەبارەی کاری لیژنەی ئەمنیی پێکهێندراو لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە کە رەوانەی پارێزگاکە کراوە. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، هێزەکانی عێراق وەڵامی خێرایان دەبێت و داوای لە سەرجەم لایەنەکانیش کرد ژیانی تاڵی هاووڵاتییان نەقۆزنەوە لەپێناو هەندێک دەستکەوتدا و گوتی، پێویستە لایەنەکان لەپێناو شکستپێهێنانی تیرۆر پێکەوەبن. هەر لە کۆبوونەوەکەدا کازمی ژمارەیەک راسپاردەی دایە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی پارێزگای دیالە، ئەوەش بە مەبەستی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش. هەروەها داوای‌کرد، بواری هەواڵگری چالاک‌تر بکرێت و گوتیشی، پێویستە رێگە نەدرێت کار بۆ قووڵکردنەوەی جیاوازییە تائیفییەکان بکرێت. هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانەی سەردانەکەیاندا بۆ پارێزگای دیالە و قەزای شارەبان، وەزیرانی ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران و راوێژکاری کاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی کەسوکاری قوربانییەکانیان کرد، هەروەها لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارەکانیان کرد و لە نزیکەوە لە دۆخی تەندروستییان پرسی. بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دوێنێ 227 خێزان لە دوو گوندی میساق و نەهرل ئیمام لە سنووری شارەبان ئاوارە بوون و ئەوانیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێنەوە کامپی خانەقین تاوەکو ئاسایشی گوندەکان سەقامگیر دەبێت. ئیڤان فایەق راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە 10 ملیۆن دینار بدرێتە کەسوکاری کوژراوەکان و ملیۆنێک دیناریش بدرێتە هەر خێزانێکی ئاوارە، لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەکی دیکە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە. شەوی سێشەممە 26-10-2021، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد لە قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا بە دووریی 90 کیلۆمەتر. شەوی رابردوو، داعش لە رێگەی کەناڵەکانی تێلێگرامەوە، لەبارەی هێرشەکەی شارەبانەوە بڵاویکردەوە: دوای ئەوەی شەش کەسی "رافزی"یان لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی رەشاد لە ناوچەی میقدادیە بە دیل گرتوون، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، هەر شەشیان کوشتوون. داعش هەروەها دەڵێت، چەکدارەکانیان بۆسەیان بۆ ئەو هێزانە داناوە کە بە هانای ئەو شەش کەسەوە چوون و دوای گەیشتنی دوو ئۆتۆمبێل کە 10 کەسی تێدابووە، "موجاهیدان" بە چەک رووبەڕوویان بوونەوە و هەموویان کوشتن و ئۆتۆمبێلەکانیان تێکدان.
